داواى دابینکردنى ئامێرى پشکنینى دی ئێن ئەیی روفاتى گۆڕە بە کۆمەڵەکان دەکرێت

داواى دابینکردنى ئامێرى پشکنینى دی ئێن ئەیی روفاتى گۆڕە بە کۆمەڵەکان دەکرێت
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى تەندروستى هەرێم رایگەیاند، داواى ئامادەکردنى یاساى دامەزراندنى فەرمانگەیەکى تایبەت بە گۆڕە بە کۆمەڵەکان و ئامێرى پشکنینى (DNA) ى گۆڕە بە کۆمەڵەکانیان داوەتە پەرلەمانى کورستان.
راوێژکار لە وەزراەتى تەندروستى هەرێم، دکتۆر یاسین کەریم، بە ئاژانسى هەواڵى پەیامنێرى راگەیاند:\" زۆرترین بەشى گۆرە بە کۆمەڵەکانى عێراق هاوڵاتیانى هەرێمن کە ئێمە بە هاوکارى وەزارەتى تەندروستى و مافى مرۆڤى عێراقى کارى دەرهێنان و پشکنین و هێنانەوەیان ئەنجام دەدەین \"".

گوتیشى، بەهۆى نەبوونى فەرمانگەیەکى تایبەت بە گۆڕە بە کۆمەڵەکان و ئامێرى پشکنینى (DNA) ى روفاتەکانەوە کارى دەرهێنان و هێنانەوەو ناشتنەوەى گۆڕە بە کۆمەڵەکان دواکەوتوەو لە ماوەى ساڵانى رابردودا رێژەیەکى کەم لەو گۆڕە بە کۆمەڵانە دەرهێنراون و نێژراونەتەوە.

یاسین کەریم باسى لەوەشکرد ، بۆ چارەسەرکردنى ئەو گرفتەمان داوامان داوەتە پەرلەمانى کوردستان کە یاساى دامەزراندنى فەرمانگەیەکى تایبەت بە گۆڕە بە کۆمەڵەکان و ئامێرى پشکنینى (DNA) ى روفاتى گۆڕە بەکۆمەڵەکانیان بۆ ئامادە بکەن، خۆشبەخاتنە وڵامى سەرەتایى ئەوان ئیجابى بووەو هیوادارم لە دواى ناشتنى ئەو 735 روفاتەى کە بڕیارە دووسبەى لە چەمچەماڵ بنێژرێن جارێکى تر ئەو بابەتە بجوڵینینەوە.

بە گوتەى ئەو راوێژکارەى وەزارەتى تەندروستى هەرێم، بە جێبەجێبونى ئەو داوایەیان کارى پشکنین و روفاتەکانى گۆڕە بە کۆمەڵەکان باشتر بەڕێوەدەچێت بە تایبەت کە جارى وا هەیە بەهۆى نەبوونى ئەو ئامێرەوە کاتێکى زۆریان پێدەچێت تا کارەکانى هێنانەوەى گۆڕە بە کۆمەڵەکان و ناشتنیان جێبەجێدەکەن.

لە ساڵانى هەشتاکانى سەدەى رابردوو لەلایەن رژێمى لەناوچووى بەعسەوە نزیکەى 200 هەزار هاوڵاتى سڤیلى هەرێم بە چەند قۆناغێک ئەنفالکران و زیندە بە چاڵکران و تا ئێستا ژمارەیەکى کەم لەو گۆڕە بە کۆمەڵانە دەرهێنراون و هێنراونەتەوە هەرێم و نێژراونەتەوە ."
Top