كشانەوەی بارستەی كورد لە هاوئاهەنگیی گشتیی سووریا لە سوێد
شەڤگەر هۆڤاك كە گۆتیارە بەناوی هێزە كوردییەكان، بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، هۆی كشانەوەی بارستەی كورد بەهۆی ئەو جیاوازییە گەورە بوو لە بۆچوونەكان لەبارەی چالاكی و جموجۆڵەكانی هاوئاهەنگییەكە لەو قۆناغە هەستیارەی وڵات پێیدا تێپەڕ دەبێ.
زیاتر گوتی، پێكهاتەی كورد لە خەباتی بۆ پاڵپشتیكردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی لە سووریا لەپاڵ هێزە عەلمانی و لیبراڵ و دیموكراسییەكانی عەرەبی و سریانی و ئاسووری و ئەوانی تر بەردەوام دەبێ.
هۆڤاك رەخنەی لە دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی بەسەر بەرهەڵستكارانی عەرەبی و سووریایی كە پێڕەوی ئەجیندای توركیا و ئەجیندای تر دەكەن، گرت و ئاماژەی كرد، ئەو جۆرە بەرهەڵستكارییە تەنیا دیلی وڵاتانی هەرێمایەتییە و خاوەنی بڕیاری خۆی نییە.
روونی كردەوە، ئێمەی كورد دوای 15 مانگ لە شۆڕشی سووریا و دوای دەیان كۆنگرەی بەرهەڵستكاران، تا ئێستە بێجگە لە فەرامۆشكردن و داننەنان بە مافەكانمان وەك كورد و مافەكانی گەلی ئاسووری سریانی لە برا عەرەبەكان نەبینیوە.
زیاتر لە ساڵێكە ناڕەزایییەكانی جەماوەری لە دژی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا بەردەوامە و بەپێی سەرچاوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان ژمارەی كوژراوانی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە 10 هەزار كەس.
