روونكردنه‌وه‌ی وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی ی.ن.ك له‌باره‌ی لێدوانێكی نێچیرڤان بارزانی

روونكردنه‌وه‌ی وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی ی.ن.ك له‌باره‌ی لێدوانێكی نێچیرڤان بارزانی
سه‌باره‌ت به‌ لێدوانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ رۆژنامه‌ی هاوڵاتی كه‌ تیایدا ئاشكرایكردووه‌ سه‌رۆك تاڵه‌بانی نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی له‌ پۆستی سه‌رۆك كۆماری سپاردووه‌ته‌ سه‌رۆك بارزانی، له‌وباره‌وه‌ ئازاد جندیانی وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان روونكردنه‌وه‌ ده‌دات.
ئازاد جندیانی وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ قه‌یرانی عیراق له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی رابردووه‌وه‌ چووه‌ته‌ قۆناغێكی ئاڵۆزو ناكۆكی سیاسی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێكی مه‌ترسیدار، له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌ردوو سه‌رۆك تاڵه‌بانی و بارزانی له‌ په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدان بۆ بیروڕا گۆڕینه‌وه‌و هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، سه‌رۆك تاڵه‌بانی كه‌ په‌رۆشی ده‌ربازكردنی عیراقه‌ له‌ قه‌یرانه‌كه‌و هاوكات یه‌كڕیزی كوردیشی زۆر لا مه‌به‌سته‌، هه‌ر بۆ پاراستنی ئه‌م یه‌كڕیزییه‌ش نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی له‌ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق سپاردووه‌ته‌ سه‌رۆك بارزانی، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی سه‌رۆك تاڵه‌بانی-ش ده‌رخه‌ری په‌رۆشییه‌تی سه‌باره‌ت به‌ یه‌ك هه‌ڵوێستی كوردو نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ڕێزیان هیچ پۆست و هیچ مه‌سه‌له‌یه‌ك ناخاته‌ سه‌رووی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی كوردستانه‌وه‌ كه‌ ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ش دابڕاو نین له‌ به‌رژه‌وه‌ندی عیراقێكی دیموكراتیك و فیدڕاڵی.
هه‌روه‌ها جندیانی روونیشیده‌كاته‌وه‌ كه‌ راوێژو بیروڕا گۆڕینه‌وه‌ له‌ نێوان یه‌كێتیی و پارتیدا به‌رده‌وامه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تری كوردستاندا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر ئه‌گه‌رێكدا بكه‌ن، چونكه‌ ئایینده‌ی قه‌یرانه‌كه‌ به‌سه‌ر ئه‌گه‌ری جۆراوجۆردا كراوه‌یه‌.
وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان راشیده‌گه‌یه‌نێت كه‌ هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك تاڵه‌بانی بۆ ده‌ربازكردنی عیراق له‌م قه‌یرانه‌ به‌ راوێژ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تری كوردستان و عیراق به‌رده‌وامده‌بێت، هه‌روه‌ها سه‌رۆك تاڵه‌بانی له‌ ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌ی داهاتووشدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان.

Top