نێچیرڤان بارزانی: دەمانەوێ بەغدا لە سەر بنەمای ھاوبەشی و شەراکەتدا مامەڵە لە گەڵ ھەرێمی کوردستاندا بکات و کورد لە عیراقدا ھاووڵاتی پلە دوو نین
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باسی سیاسەتی نادەستووریانەی حکوومەتی فیدرالیی عیراق کرد بەرامبەر خەڵکی کوردستان لە ڕووی سووتەمەنییەوە و، پێداگیری لە سەر ئەوە کرد کە دەبێ وەزارەتی نەوتی عیراق و حکوومەتی فیدرالیی عیراق لە سەر بنەمای دەستوور و ھاوبەشبوونی گەلی کوردستان لە سامان و داھاتەکانی عیراقدا تەماشای ھەرێمی کوردستان بکات، نەک بگەڕێتەوە سەر پەیڕەوکردنی سیاسەتی ڕژێمی دیکتاتۆریی سەددام حوسێن کە بە ھۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە؛ ئابڵووقەی سووتەمەنی و ئابووری دەخستە سەر گەلی کوردستان. ئەو سیاسەتە سیاسەتێکی نادەستوورییە و دژی بنەمای ھاوبەشی نیشتمانییە، ھەروەھا دەبێتە ھۆی دروستبوونی ڕقێکی زۆر بەرامبەر حکوومەتی فیدرالیی عیراق لە کوردستاندا کە ئێمە ئەوە بە بەرژەوەندیی گەلی عێراق و پێشکەوتنی ئابووری و پرۆسەی سیاسی و چارەسەری تەنگژەکانی عێراق نازانین.
نێچیرڤان بارزانی ھەروەھا گوتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و گەلی کوردستانیش لە گەڵیدا، سیاسەتی منەت بەسەرەوەکردن و مەکرەمەکاری ڕەت دەکاتەوە، بەڵکوو ئێمە دەمانەوێ لە سەر بنەمای ھاوبەشی و شەراکەتدا مامەڵە لە گەڵ گەلی کوردستاندا بکرێت کە ھەر تەنیا ئەوەش لە دەستووری عیراقدا ھەیە، نەک بەشی گەلی کوردستان وەک مەکرەمە بدرێتەوە گەلی کوردستان، کە ئەوە سیاسەتی ڕژێمی پێشووی عیراق بوو لە مامەڵەکردن لەگەڵ گەلی کوردستان و گەلی عیراق بە گشتی، ئەو مەنتق و سیاسەت و مامەڵەکردنەش بەرامبەر بە گەل کاتی بە سەر چووە.
ھەروەھا سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەختی لە سەر ئەوە کردەوە، کە حکوومەتایەتیکردن و ناکۆکیی سیاسی و ڕقھەڵگرتن لە بەرامبەر بەشێک لە گەل، دەبێ دوور بێ لە کاری حکوومەتایەتی لە وڵاتێکدا کە خۆی بە دیموکراسی بناسێنێ.
دوای گوێگرتن لە وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئێمە داوا لە حکوومەتی فیدرالیی عیراق دەکەین، بە پێی ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠١١ کە لە نێوان حکوومەتی فیدرالیی عیراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا کراوە، بجووڵێتەوە کە بە داخەوە ھەر لە کاتی مۆرکردنیشیدا؛ لە لایەن حکوومەتی فیدرالیی عیراقەوە بە تەواوی جێبەجێ نەکرا.
ھەروەھا گوتیشی: ڕۆژانە ٦٠٠ تاوەکو ٧٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی خاو لە ھەردوو پاڵاوگەی بێجی و دۆرە دەپاڵێورێن کە لە ئەنجامدا بەنزین، نەوتی سپی، گازوایل، نەوتی ڕەش و بەرھەمی دیکەی لێ بەرھەم دەھێنرێ. لە سەر بنچینەی ڕێژەی ١٧%ی بەشی ھەرێمی کوردستان، دەبێ لەو نەوتە ١٤٠ ھەزار بەرمیلی نەوتە خاوەکە و بەرھەمە نەوتییەکانی دوای پاڵاوتنی؛ وەک بەشی ھەرێمی کوردستان بدرێن بە ھەرێمی کوردستان لەو ٧٠٠ بەرمیلەی لە ھەردوو پاڵاوگەکە دەپاڵێورێن. بەڵام بەداخەوە ئەو بەشە ھیچ کاتێک بە تەواوی نەدراوەتە ھەرێمی کوردستان. لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە نەوتی ڕەش لە ھەرێمی کوردستان بڕدراوە، ھەروەھا لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە بەرھەمەکانی دیکەش بە نەوتی سپی، گازوایل و بەنزینەوە، تەنیا ٣٣ ھەزار بەرمیل ڕۆژانە دراوەتە ھەرێمی کوردستان، ئەمەش لە دوای بڕیاری حکوومەتی عیراق لە ٢١ی ئەم مانگەدا بۆ بڕینی ھەموو سووتەمەنییەک لە ھەرێمی کوردستان؛ بۆ کەمتر لە ١٥ ھەزار بەرمیل؛ کەم کراوەتەوە.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داکۆکی لەوە کردەوە کە ئەو سووتەمەنییەی حکوومەتی فیدرالیی عیراق لە سەرەتای ئەمساڵەوە ناردوویەتی بە ھیچ شێوەیەک بەشی بەکاربردنی ڕۆژانەی ھاووڵاتیان، کارگەکان و وێستگەکانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستانی نەکردووە و ناکات. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھەوڵ و توانای پاڵاوگە ناوخۆییەکان و بە ھێنانی سووتەمەنی لە دەرەوە تاکوو ئێستا توانیویەتی ئەو پێداویستییە ناوخۆییانە دابین بکات. بەڵام بە داخەوە حکوومەتی فیدرالیی عیراق ھەوڵێکی زۆری لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران داوە کە ڕێگە بە ھەرێمی کوردستان نەدات ئەو سووتەمەنیەی لە دەرەوە دەیکڕێت بە ئێراندا تێبپەڕێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی خەڵکی کوردستان.
ئێمە لێرەدا سوپاسی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین لە سەر ھەڵوێستی لە ڕێگەدان بە ھاتنی سووتەمەنی لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانییەوە وەک ترانزێت بۆ ھەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی لەبەرچاوگرتنی دراوسێیەتیی باش و پاراستنی بەرژەوەندیی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان. بەڕاستیش پێمان سەیرە کە حکوومەتی فیدرالی عیراق سەرەڕای بەجێنەھێنانی ئەرکەکانی بەرامبەر خەڵکی کوردستان، ھەوڵ دەدات وڵاتانی دراوسێش ڕێگەی دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان نەدەن.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەروەھا رایگەیاند: ھەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ پێداویستیی ڕۆژانەی ھاووڵاتیان و دابینکردنی کارەبا، بەشێکی کەمتر لە ١٧%ی بەشی ھەرێمی کوردستانی لە بیرە نەوتەکانی دەرھێناوە، لەو نەوتەی عێراق دەیپاڵێوێ بۆ دابینکردنی سووتەمەنی ناوخۆیی، ئەوەشی لە پاڵاوگە ناوخۆییەکانی ھەرێمی کوردستاندا پاڵاوتووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو بەرھەمەی لە دەرەوە دەیکڕێت، بەشی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ژیانی ھاووڵاتیان بکات، وەک ئەرکێکی حکوومەت بەرامبەر ھاووڵاتیانی. بەڵام ئەگەر ناچاربین ئەوا پەنا دەبەینە بەر ناردنی نەوتی خاویش بۆ دەرەوە، بۆ دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکان. بۆیەشە داوا لە حکوومەتی فیدرالیی عیراق دەکەین، بە پێی دەستوور ئەرکی خۆی بەرامبەر خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکات.
ھەروەھا سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: لە سەردانی ئەو دواییەیدا بۆ کۆماری تورکیا، سیاسەتێکی زۆر دۆستانەی بەرامبەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە لایەن بەرپرسانی تورکیاوە بەدی کرد، ئەوەش ئاسۆیەکی فراوانتر بۆ پەیوەندیی نێوان ھەردوولا و فراونتربوونی بەرژەوەندییەکانی نێوان ھەردوو گەلی دراوسێ لە پێناو ژیانێکی پێشکەوتوو و دواڕۆژێکی باشتر؛ دابین دەکات.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتریش گوتی: بڕیاری حکوومەتی عیراق بۆ ڕاگرتنی ھاتنی ئەو بڕە سووتەمەنییە زۆر کەمەش کە ئێستا دەینێرێ بۆ ھەرێمی کوردستان لە ٢١ی ئەم مانگەدا، ھەروەھا ڕاگرتنی کارکردن بەو بڕیارە بۆ ماوەی مانگێگ بە شێوەیەکی کاتی، ئەوا ئێمە دەڵێین: بڕینی سووتەمەنی لە ھەرێمی کوردستان بە کارێکی یاسایی و نیشتمانی نازانین، ڕاگرتنی کارکردنیش بەو بڕیارە بۆ ماوەی یەک مانگ؛ وەک چاکە و مەکرەمەیەک قبووڵ ناکەین، چونکە بە پێی دەستوور ئەوە مافی خۆمانە کە بە پێی ھاوبەشیمان لەو وڵاتەدا مافی خۆمان وەربگرین و ئێمە ھاووڵاتی پلە دوو نین.
نێچیرڤان ھەروەھا گوتی: ھەر لێرەشەوە داوا لە ھەموو بەرپرسانی کورد لە وەزارەتی نەوت و حکوومەتی فیدرالی عیراق دەکەین کە بە ئەرکی خۆیان ھەڵبستن لەوەی کە حکوومەتی عیراق ئەرکەکانی بەرامبەر خەڵکی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات. ھەروەھا داوا لە حکوومەتی فیدرالیی عیراقیش دەکەین کە گوشارھێنان بۆ ژیانی ھاووڵاتیان نەکاتە چەکی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان. دەبێ حکوومەتایەتیکردن بە ڕەچاوکردنی یەکسانی لە نێوان گەلی عێراق دا؛ دوور بێ لە ململانێی سیاسی.
ھەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا؛ سەردانی ئەو شاندەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە دوێنێ لە سەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت بە سەرۆکایەتیی عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆکی حکوومەت و بە یاوەریی ژمارەیەک لە وەزیران سەردانی ناوچەی شەنگالیان کرد؛ خرایە بەر باس.
لە وتەیەکدا جێگری سەرۆکی حکوومەت؛ وێڕای گرنگیی شەنگال و ناوچە دابڕاوەکانی تری ھەرێمی کوردستان، ئەنجامی بەسەرکردنەوە و دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندی حکوومەتی لە ناوچەی شەنگال و کەموکوڕی و پێداویستییەکانی ڕوون کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بودجەیەکی بۆ ناوچەی شەنگال داناوە، بەڵام بێجگە لەو بودجەیە؛ دەبێ ھەر وەزارەتێکیش لای خۆیەوە کار بۆ ئەو ناوچەیە بکەن.
ھەر لە دەرەنجامی ئەو سەردانەی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ناوچەی شەنگال؛ بڕیار درا کە ڕێگەیەکی تازە لە پارێزگای دھۆکەوە بگەیەنرێتە شەنگال بۆ ئەوەی ئەو ناوچەیە باشتر و لە شوێنێکی ئارامترەوە بە ھەرێمی کوردستانەوە ببەسترێتەوە.
لە تەورێکی تری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، باس لە پەیوەندی و ھەماھەنگیی نێوان حکوومەت و پەرلەمان کرا و لەمبارەیەوە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: کارەکان نابێ تێکەڵ بکرێن، ناکرێ پەرلەمان کاری حکوومەت و حکوومەت کاری پەرلەمان بکات. دامودەزگاکان ھەر یەکە و دەبێ کاری خۆیان بکەن و دەست نەخەنە کاری یەکترەوە.
ھەر بۆ باشتر بەڕێوەچوون و ڕێکخستنی پەیوەندی و ھەماھەنگیی پەرلەمان و حکوومەتیش؛ سەرۆکی حکوومەت داکۆکی لەوە کردەوە کە دەبێ نووسینگەی پەیوەندیی نێوان پەرلەمان و حکوومەت کاراتر بکرێت و کارەکان باشتر ڕێک بخرێن.
نێچیرڤان بارزانی؛ دەربارەی کار و سیستەمی کاری وەزارەتەکانیش گوتی: سیستەمی کاری وەزارەتەکان خراپە و ڕۆتینێکی زۆر ھەیە کە دەبێ چارەسەر بکرێ. بۆ ئەمەش وەزارەتەکان دەبێ ببنە تیم و ھەماھەنگییان لە جێبەجێکردنی ئەو کارنەدا ھەبێت کە تیایاندا ھاوبەشن. دەبێ بیرۆکراسی نەھێڵرێ و ئەو یاسانەش کە کەموکوڕیان ھەیە، ھەموار بکرێنەوە. ھەروەھا ھەموو وەزارەتەکان بە یاسا و بەرنامەکانیاندا بچنەوە و ئەوەی پیێویست بوو ھەموار بکرێتەوە، یان بگۆڕدرێت.
ھەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا، بڕیار درا کە وەزیرەکان ھەفتانە سەردانی پارێزگاکان بکەن و لە نزیکەوە کەموکوڕی و پێدوایستییەکانی ناوچەکان بە سەر بکەنەوە و بە ھاوکاری و ھەماھەنگی لە نێوان وەزارەتەکاندا، چارەسەر بکرێن. ھەروەھا بڕیار درا کە ڕێنماییەکانی وەزارەتی دارایی لە ھەموو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان یەک بخرێنەوە و ودوای یەکگرتنەوەی دامودەزگاکانی وەزارەتی دارایی؛ ئیتر ھیچ جیاوازییەک لە نێوان ڕێنماییەکانیدا نەمێنێت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بەرنامەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵاتی بۆ چاکسازی و مووچەی چاودێریی خێرانی لە کەمدەرامەتەکان، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، بێکار و کاربەرەکان پەسند کرا و بڕیاری پێکھێنانی چەند لیژنەیەک درا بۆ ئەوەی بە ھەموو دەرماڵەکان و بەو مووچە ھەمەجۆرانەشدا بچنەوە کە لە ڕێگەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە دابەش دەکرێن.
دەربارەی ئەم پرسەش؛ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داکۆکی لەوە کردەوە کە دەبێ پێوەر بۆ پێدانی مووچەی چاودێریی خێزان دابنرێ و مووچەکە بە بێ ھیچ جیاوازییەک بدرێتە خەڵکی شایان و موستەحەق و ئەوانەی کە بە ڕاستی پێویستیان پێیە.
