سەرۆكی حكوومەت ئەنجامی سەردانەكەی بۆ توركیا بە پەرلەمان راگەیاند

سەرۆكی حكوومەت ئەنجامی سەردانەكەی بۆ توركیا بە پەرلەمان راگەیاند
ئەمڕۆ دووشەم سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامی سەردانەكەی ئەم دواییەی بۆ توركیا بە پەرلەمان راگەیاند و دووپاتی كردەوە كە وەزیرەكانی حكوومەتەكەی ئامادەن بچنە دانیشتنەكانی پەرلەمانەوە.

نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی حكوومەتەكەی بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان خستە ڕوو لە هاوكاریكردنى لێژنە هەمیشەییەكانى پەرلەمان و ئامادەبوونى وەزیرەكان لە دانیشتنى پەرلەمان و لێژنەكان.

سەرۆكى حكوومەتى هەرێمى كوردستان پوختەیەكى لەبارەى سەردانەكەى بۆ توركیا باسكرد و دەرئەنجامى دیدار و كۆبوونەوەكانى لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانى ئەو وڵاتە لەڕووى سیاسی، ئابوورى، بازرگانى و وەبەرهێنان بە سەركەوتوو ناو برد.

ئەو زانیارییانە لە میانی كۆبوونەوەیەكی نێوان سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان هات كە ئەمڕۆ لە پەرلەمان بەڕێوە چوو.

رۆژی چوارشەمی رابردوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی هەرێمەكە گەیشتنە توركیا و لە ماوەی دوو رۆژدا لەگەڵ عەبدوڵا گوڵ سەركۆمار و رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك وەزیرانی و ژمارەیەك وەزیری توركیا كۆ بوونەوە.
Top