گرووپێكی نوێی چەكدار هەڕەشە لە كوردانی جەلەولا دەكا
سەرچاوەكە بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، پاش ئەوەی لە چەند ڕۆژی پێشتردا گرووپێك بە بڵاوەپێكردنی بەیاننامە هەڕەشەی كوشتن و دەركردنی كوردانی جەلەولایان كرد بەناوی سوپای موجاهدینی ئیسلامی، ئێستا گرووپێكی تری تیرۆریستی و تۆقێنەر بەناوی باڵی سەربازیی ئیخوان موسلیمین پەیدا بووە.
لەبارەی چۆنیەتی پەیدابوونی ئەو گرووپەش ئەو سەرچاوەیە ئاشكرای كرد، بەهۆی هەڕەشەكردن لە مامۆستایەكی كورد لەلایەن ئەو گرووپەوە ئەو تاقمە نوێیە ئاشكرا بووە.
شیاوی وەبیرهێناوەیە چەند هاووڵاتییەكی كوردی دانیشتووی جەلەولا رۆژی 9ی ئەم مانگە ئایار/مایۆ
بە (ئاكانیوز)یان راگەیاند كە لەلایەن گرووپێكی توندڕۆی سەر بە
\"رێكخراوی قاعیدە\""وە ماڵباتە كوردەكانی شارەدێیەكە بە نامە ئاگەدار
كراونەتەوە بۆ باركردن و جێهێشتنی شارەدێكە تا رۆژی 20ی ئەم مانگە، واتەی سبەی یەكشەم.
نەشوان محەمەد دانیشتووی جەلەولا كە وێنەیەكی ئەو نووسراوە هەڕەشەئامێزە بینیوە بە(ئاكانیوز)ی راگەیاندبوو، نووسراوەكە دەڵێ جەلەولا چۆڵ بكەن لە ماوەی 11 رۆژدا و ناوی سوپای موجاهیدنی ئیسلامیی لەسەرە.
لای خۆیەوە ئەمەل شوكر ئەندامی پێشتری ئەنجوومەنی پارێزگەی دیالە بۆ (ئاكانیوز) ئاشكرای كرد، ئەو گرووپە توندڕەوانەی كە لە شارەدێی جەلەولا سەر هەڵدەدەن سەرجەمیان دژایەتیی مانەوەی كورد دەكەن لەو شارەدێیە.
شوكر كە بەر لە 2 ساڵ باوكی بە چەقۆ كوژرا و بەر لە هەفتەیەكیش ماڵی باوكی لە جەلەولا تەقێنرایەوە، پێی وابوو دروستبوونی هەر گرووپێك و هەر هەڕەشەك بۆ جەلەولا بە پلەی یەكەم بۆ سەر كوردەكانی ئەو شارەدێیەیە.
ئەنوەر حوسێن بەڕێوەبەری شارەدێی جەلەولا جەختی لەوە كردووە كە دروستكردنی ئەو گرووپانە و خۆڕاگەیاندنیان لە بەیاننامەی هەڕەشەئامێزدا كاری رێكخراوی قاعیدە و كۆنە بەعسییەكانە و ئامانجیشیان تێكدانی ئارامیی شارەدێی جەلەولایە.
شارۆكەى جەلەولا /70 كم باكورى بەعقوبە/ یەكێكە لە ناوچە كێشەدارەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، ژمارەی دانیشتوانەكەى 80 هەزار كەسە، 36 گوندى لەسەرە كە 27 گوندیان عەرەبنشین و 9 گوندیان كوردنشینن."
