سەرۆكی كوردستان بەبۆنەی تێپەڕبوونی 50 ساڵ بەسەر یەكەم رۆژی بوونی بە پێشمەرگە، وتارێك بڵاو دەكاتەوە
ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەكەیەتی:
50 ساڵ پێشمەرگایەتی
تا لە ژیاندا مابم هەر پێشمەرگەی کوردستانم
نووسینی: مسعود بارزانی
٢٠ی ئایار لە ژیانی مندا یادەوەریەکی پرشنگدارە. 50 ساڵ پێش و لە رۆژێکی وەک ئەمرۆدا بووم بە پێشمەرگە. ئەم یادەوەریە هەمیشە بۆ من سەرچاوەی گەورەترین شانازی بووە.
لە رێکەوتی ٢٠ی ئایاری ١٩٦٢ لە گەلیی بێخمە پەیوەندیم بە بارەگای بارزانیی نەمر کرد و بەفەرمی چوومە ریزی پێشمەرگە. دۆخی سیاسیی پێش شۆرش و کەشی دوای شۆرش، بارێکی هەڵخستبوو کە باوکمان زۆربەی کات دوور لە ماڵ و خێزان بێت، بۆیە داواکاریی خۆم بۆ پەیوەندی بە ریزەکانی شۆرشەوە بە هۆی نامەوە بۆ باوکم نارد، وێرای رەزامەندیی باوکم بە هەولێکی زۆر رەزامەندیی ئیدریسی برام و شێخ بابۆی مامم،دوای هەموو ئەمانە دەبوایە رەزامەندی گەورەمان شێخ ئەحمەد بارزانی وەربگرم. وردەکاریی چۆنیەتی پەیوەندیکردنم بە شۆرشی ئەیلول و ریزەکانی پێشمەرگە لە بەرگی سێیەمی کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورددا لە بەشی شۆرشی ئەیلولدا باس کردووە*.تا ئێستاش بیرهاتنی سات بەساتی چۆنیەتی رۆیشتنم بەرەو بەرەی پێشمەرگە و بارەگای بارزانی بۆ من خۆشی بەخشە و بەشێکە لە یادەوەریە هەرەخۆشەکانی ژیانم.
تامەزرۆییم بۆ گەیشتن بە ریزەکانی پێشمەرگە لەو تەمەنەدا، هەلقوڵاوی شانازییەکی گەورە بە ناوی پێشمەرگە بوو، بۆیە گەورەترین شانازیی منیش لە ژیاندا بوون بە پێشمەرگە بوو.
بە بڕوا و ئومێدێکی زۆرەوە بووم بە پێشمەرگە، بڕوا بە رەوایی دۆزی کورد و ئومێد بە سەرکەوتن بنەمای باوەڕی پێشمەرگایەتییە. وەک پێشمەرگەکانی تر ئامانجم خەبات بوو لە پێناو ئازادیی نیشتمان و هێنانە ئارای مافەڕەواکانی کورد، خەبات بوو لە پێناو بەرجەستەکردنی کەرامەتی کورد لە بەرامبەر هەموو هەوڵەکانی سڕینەوەی کورد. هەمیشە هاندەری بەردەوامیم و سڵ نەکردنەوە لە خەبات ئەو روحە پێشمەرگانەیە بووە. لە هەموو هەوراز و نشێویەکانی قۆناغە جیاجیاکانی خەبات و گۆڕانکارییەکان لە ئەرک و بەرپرسیاریەتیدا تاکە شتێ کە لەلام نەگۆڕ بووە ئەو روحە پێشمەرگانەیە بووە. دوای 50 ساڵ لە خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتیش بۆ یەک چرکە ئەو باوەڕەی کە بە هۆیەوە بووم بە پێشمەرگە لەق نەبووە و بگرە بە هێزتر بووە. لە زاخۆ تا پێنجوین ، چوومەتە دێهات بە دێهاتی کوردستان و چەندین جار لەگەڵ چەندین هەڤاڵ و برداەر پێکەوە بووین و دوای چەند کاتژمێرێک ، جەنازەیان هاتۆتەوە، ئا ئەمانەش وایان کردووە کە خۆشەویستی خاک و خەڵکی کوردستان لەگەڵ خوێنم تێکەڵ ببێت. زۆریشم لا سەیرە، کە کەسانێک وا تەوەقوع بکەن ، دوای50 ساڵ خەبات و پێشمەرگایەتیم ، مساومە لە سەر دۆزێک بکەم کە هەموو تەمەنم لە پێناویدا داناوە.
ئەزموونی پێشمەرگایەتی بۆ من گەورەترین قوتابخانە بووە و لەو قوتابخانەیەشدا ئێمەی پێشمەرگە مامۆستایەکی گەورەی وەک بارزانیی نەمرمان هەبووە. ئامۆژگاریەکانی بارزانیی نەمر چ وەک باوکێک و چ وەک رابەرێک ڕێنیشاندەری ژیان و خەباتم بووە. دەتوانم بڵێم هەوێنی خۆراگری و ورەبەرزیمان لە خەباتدا ئەم ئامۆژگارییەی باوکم بوو کە (لە شکستدا نائومێد نەبین و لە سەرکەوتندا لەخۆبایی نەبین). ئەم ئامۆژگارییە هەمیشە لەبەرچاوم بووە و دەبێت و فاکتەرێکی بەهێزی بەردەوامییە.
ئێستا لە ئەنجامی خەبات و قوربانیدانی زۆری هێزی پێشمەرگە و تێکڕای چین و توێژەکانی گەلەکەمان، پرسی کورد پێشڤەچوونی زۆری بەخۆوە بینیوە ، پەنا بەخوا و بە پشت بەستن بە هێز و ئیرادەی گەل دەسکەوتی زیاتریش بەدەست دێت، لەم بەینەدا ئەوەی پێویستە ئەوەیە کە گشت لایەکمان گیانی خەباتی پێشمەرگانە لە ناو خۆماندا بپارێزین و بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان لە سەرووی هەر بەرژەوەندییەکی تر دابنێێن. لەم کاتوساتەدا زیاتر لە هەر کاتێک پێویستیمان بەو خەباتە پاک و بێگەردەیە تا کەموکوڕیەکان چارەبکرێن و داخوازییەکانی گەل لە چاکسازیی و دابینکردنی ژیانێکی شایستە و پاراستنی کەرامەتیان مسۆگەر بکرێت. یەکریزیی ئێستامان گرەنتیی بەردەوامی سەرکەوتنمانە و پاراستنی ئەم یەکریزییەش ئەرکی سەرشانی هەموولایەکمانە. خەباتمان بەردەوامە و ئامانجمانە کە بە رێگەچارەی ئاشتیانە بە گشت ئامانجەکانمان بگەین و هیچ هێزێکیش ناتوانێت رێگە لە ویستی گەلێکی یەکگرتوو و تەبا بگرێت.
لەم بۆنەیەدا جێگەی خۆیەتی سەری رێز و نەوازش بۆ سەرجەم ئەو پێشمەرگانە دابنوێنم کە گیانیان بۆ سەربەرزیی گەل و نیشتمانیان بەخت کرد، یادی هەموو هەڤاڵان و هاوسەنگەرانم بەخێر و ئەمڕۆ لە هەر جێیەک بن رێزم بۆیان هەیە و ئاواتم سەرکەوتن و بەردەوامییانە.
تا لە ژیاندا مابم هەر پێشمەرگەی کوردستانم
