توركیا .. سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێم و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا كۆبوونه‌وه
له میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یه‌دا ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له باره‌گای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د داوود ئۆغلۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا كۆبووه‌وه و تێیدا جه‌خت له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان كرایه‌وه و هه‌روه‌ها له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ره‌وشی ناوچه‌كه به‌گشتی تاوتوێكرا و دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه كرایه‌وه كه پێویسته هه‌موو كێشه‌كان به رێگه‌ی دیالۆگ و گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن.
هه‌ر له چوارچێوه‌ی سه‌ردانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری بڕیاره ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت و شاندی یاوه‌ری له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا گویل سه‌رۆك كۆمار و هه‌روه‌ها ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا كۆ ببێته‌وه و به‌هێزتركردنی په‌یوه‌ندییه سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیری و بازرگانی و په‌روه‌رده‌ییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا و ده‌رباره‌ی پێشهات و گۆڕانكایه‌كانی ناوچه‌كه گفتوگۆ بكرێت..
شایانی باسه شاندی حكوومه‌تی هه‌رێم كه یاوه‌ریی سه‌رۆكی حكوومه‌ت ده‌كه‌ن؛ له دكتۆر فوئاد حسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، دكتۆر ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه سروشتیه‌كان، سینان چه‌له‌بی وه‌زیری پیشه‌سازی و بازرگانی، فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌ت، دكتۆر خه‌سره‌و گوڵ محه‌مد سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێم و ژماره‌یه‌ك له ڕاوێژكارانی حكوومه‌ت پێكهاتووه.
