سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى ره‌وتى موسته‌قبه‌لى لوبنانى كرد

سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى ره‌وتى موسته‌قبه‌لى لوبنانى كرد
ئه‌مرۆ یه‌ك شه‌ممه‌ 13/5/2012 به‌رێز مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ شاندێكى ره‌وتى موسته‌قبه‌لى لوبنانى به‌ سه‌رۆكایه‌تى شێخ ئه‌حمه‌د حه‌ریرى .

له‌ دیدارێكدا ، شێخ ئه‌حمه‌د حه‌ریرى ئه‌میندارى گشتى ره‌وته‌كه‌ وێراى خۆشحاڵى ده‌ربڕین بۆ ئه‌و دیداره‌ و سه‌ردانى شانده‌كه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان ، سوپاسگوزارى خۆى پێشكه‌ش به‌ هه‌رێمى كوردستان كرد له‌ ره‌خساندنى كه‌شێكى برایانه‌ و دۆستانه‌ كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ توانرا ئاستى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان لوبنان و هه‌رێمى كوردستان پێشوه‌چوونى زیاتر به‌خۆوه‌ ببینێت .

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك بارزانى ئه‌م سه‌ردانه‌ى شاندى ره‌وتى موسته‌قبه‌لى لوبنانى به‌ هه‌نگاوێكى باشى زانی و ئاماژه‌ى به‌ په‌یوه‌ندیى مێژوویى نێوان لوبنان و هه‌رێمى كوردستان كرد و ستایشى رۆڵى سه‌ركرده‌ى خوالێخۆشبوو ره‌فیق حه‌ریرى كرد له‌ پێدانى ره‌گه‌زنامه‌ى لوبنانى به‌ كورده‌كانى لوبنان و رایگه‌یاند كه‌ ئه‌م رۆڵه‌ى كۆچكردوو به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ بیر ناكرێ .

سه‌رۆك بارزانى له‌ به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا ئاماژه‌ى به‌ نه‌هامه‌تییه‌كانى گه‌لى كوردستان كرد له‌ سه‌ر ده‌ستى رژێمه‌ یه‌ك له‌ دواى یه‌كه‌كانى عیراق و ئه‌و پرۆسه‌ ئاوه‌دانییه‌ى كه‌ گشت بواره‌كانى هه‌رێمى كوردستان گرتۆته‌وه‌ و ته‌ئكیدیشى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان ئێستا پێگه‌یه‌كى گرنگى هه‌یه‌ به‌ تایبه‌تى له‌ بوارى وه‌به‌رهێنان و سه‌دان كۆمپانیاى گه‌وره‌ له‌ كێبه‌ركێدان بۆ به‌شداریكردن له‌و پرۆسه‌یه‌ و داوایكرد كه‌ كۆمپانیا لوبنانییه‌كانیش به‌شداریى زیاتر له‌و بواره‌دا بكه‌ن و له‌م رووه‌وه‌ یه‌كێك له‌ بزنسمانانى به‌شداربووى دیداره‌كه‌ و نیشته‌جێى كوردستان سوپاسى حكومه‌ت و گه‌لى كوردستان كرد بۆ ئه‌و كارئاسانى و هاوكارییه‌ى كه‌ پێشكه‌ش به‌ كۆمپانیا لوبنانییه‌كان ده‌یكه‌ن.
Top