سه‌رۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی له‌ شاندێكی لیستی ئه‌لعیراقیه‌ ده‌كات

سه‌رۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی له‌ شاندێكی لیستی ئه‌لعیراقیه‌ ده‌كات
ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ 12/5/2012 به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هەرێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ شاندێكی لیستی ئه‌لعیراقیه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌رێز رافع عیساوی وه‌زیری دارایی عیراقی فیدراڵ و ئه‌ندامێتی هه‌ر یه‌ك له‌ به‌رێزان سه‌لمان ئه‌لجومه‌یلی سه‌رۆكی كوتله‌ی عیراقیه‌ و د.جابر ئه‌لجابریی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق.

له‌ دیدارێكدا ، گفتوگۆكرا ده‌رباره‌ی ئاستی پێشهاته‌ سیاسی و مه‌سه‌له‌ ناكۆكه‌كانی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عیراق له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ده‌نرێ‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی و دیدی ئه‌و لایه‌نانه‌ سه‌باره‌ت به‌و ته‌نگژه‌یه‌ی كه‌ دووچاری پرۆسه‌ی سیاسی عیراق بۆته‌وه‌.

هه‌ر وه‌ك بیروڕا ئاڵوگوڕكرا له‌ باره‌ی ره‌وشی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ ناكۆكیان له‌ سه‌ره‌ و له‌م رووه‌وه‌ شاندی لیستی عیراقیه‌ ته‌ئكیدیان له‌ یه‌كگرتوویی لیسته‌كه‌یان كرده‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له‌ عیراقیانه‌ی كه‌ جێی ناكۆكین .

به‌رێز رافع عیساوی پشتیوانی لیسته‌كه‌ی بۆ هه‌ڵوێسته‌كانی سه‌رۆك بارزانی دووپاتكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ سه‌رۆك بارزانی نه‌ك ته‌نها سه‌ركرده‌ی دۆزی كورده‌ به‌ڵكو سه‌ركرده‌یه‌كی دیاری عیراقیشه‌ ، بۆیه‌ لیستی عیراقیه‌ پشتیوانییه‌كی ره‌ها له‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كانی ده‌كات له‌ پێناو ده‌ربازبوون له‌و ته‌نگژه‌یه‌.
Top