سەرۆك مام جەلال و سەرۆك مەسعود بارزانی لە هەولێر كۆبونەوە

سەرۆك مام جەلال و سەرۆك مەسعود بارزانی لە هەولێر كۆبونەوە
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە ٢٠١٢/٥/٧ سەرۆك مام جەلال و سەرۆك مەسعود بارزانی لەبارەگای مەكتەبی سیاسیی (ی.ن.ك) لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان كۆبونەوە .

لەو كۆبونەوە یەدا كە دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح جێگری سكرتێری گشتی (ی.ن.ك) ئامادەی بو هەردو سەرۆك تاڵەبانی و سەرۆك بارزانی، گفتوگۆیانكرد لەبارەی چەندین مەسەلەی پەیوەست بە بارودۆخی ئێستای عێراق لەبەر رۆشنایی دوایین پێشهات و روداوە سیاسییەكان،بەتایبەتیی ئەو قەیرانەی كە لە هەردو ئاستی عێراقی –عێراقی و، هەرێم –حكومەتی فیدراڵ لە ئارادان .

لەو بارەیەشەوە هەردو سەرۆك تێڕوانین و بۆچونەكانیان چون یەك بو كە هەمو كێشەو گرفتەكان دەبێت بەرێگەی دیالۆگ و گفتۆگۆی راشكاوانەی برایانەی بنیاتنەر یەكلایی بكرێنەوە لە چوارچێوەی رێككەوتنەكان بەتایبەتیی رێككەو تننامەی هەولێرو مادەو بڕگەكانی دەستور و هاوسەنگیی دا، بەئاڕاستەی چارەسەرێكی هەمیشەیی و بن بڕ كردنی هەمو ئەو كێشەو كەندو كۆسپانەی كە دروست دەبن .

لەو كۆبونەوە یەدا پەرۆشی هەردولا دوپاتكرایەوە بۆ خێرا چارەسەركردنی كێشەكان و دانانی بەرنامەو پرۆژەیەكی هاوبەشی نیشتمانیی و دیموكراسیی كە هەمو لایەنەكان لەسەری رازی ببن و رێك بكەون، بە ئامانجی تەواوكردنی پرۆسەی سیاسیی و دیموكراسیی لە بنیاتنانی دەوڵەتی قانون و خزمەتگوار لە عێراقدا .

سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش سەرۆك مام جەلال و سەرۆك بارزانی تەئكیدیان كردەوە كە پێویستە ئارامیی و ئۆقرەیی هەرێم هەر بە پارێزراوی بمێنێتەوە و درێژە بە كاری هاوبەشی نێوان لایەنەكان بدرێت بۆ بەرقەرار بونی ئارامیی هەرێمەكە و پاراستنی دەستكەوتەكان و بەدیهێنانی ئەو ئامانج و ویستانەی گەلەكەمان كە تائێستا بە دینەهاتون و لە دەستوردا سەلمێنراون، لەوانە گەڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەكان .

ئەوەش دوپاتكرایەوە كە قوڵكردنەوەی هاوپەیمانیی ستراتیژیی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەرژەوەندیی هەمو لایەكدایە وئاسایش و ئاشتیی لە هەرێمی كوردستان زیاتر پتەو كردوە رەنگدانەوەی بۆ سەرتاسەری عێراق هەیە، پشتیوانیی پێگە وقورسایی كوردیش دەكات لە بەغداد .
Top