هاوپەیمانیی كوردستان: بارزانى بۆ گەشتە ناودەوڵەتییەكان پێویستی مۆڵەتی بەغدا نییە

هاوپەیمانیی كوردستان: بارزانى بۆ گەشتە ناودەوڵەتییەكان پێویستی مۆڵەتی بەغدا نییە
ئەمڕۆ چوارشەم گۆتیارى هاوپەیمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق راى گەیاند، سەرۆكى هەرێمی كوردستان بۆ سەردانە ناوەدوڵەتی و هەرێمییەكان پێویستی بەرێگەپێدانى كەس نییە و ئەگەر ئەو سەردانانە كەسیین چۆن لەلایەن بەرپرس و سەركردە باڵاكانى وڵاتان بانگهێشتن دەكرێ.

موئەیەد تەیب بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، هەموو سەردانە رەسمییەكانى مەسعوود بارزانى سەرۆكى هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوەى هەرێم وەك سەرۆكی هەرێم بووە، ئاماژەى كرد كە هەموویان رەسمین و لەسەر بانگهێشتنى سەركردە و بەرپرسانى باڵاى ئەو وڵاتانەوە بووە.

پێشتر عەلی عەلاق سەركردە لە دەوڵەتی یاسا كە نووری مالیكی سەرۆكایەتی دەكا راى گەیاند بوو سەردانەكەى سەرۆكى هەرێم بۆ وڵاتانى كەنداو كەسین و دووپاتى كردەوە كە پێویستە هەموو سەركردە سیاسییەكان كە دەچنە دەرەوە لەگەڵ وەزارەتى دەرەوە هاوئاهەنگی بكەن تا رێگرى لە دەستوەردانى كاروبارى دەرەوەى وڵات بگیرێ.

عەلاق لەو لێدوانەیدا گوتى، گەشتە كەنداوییەكەى بارزانى كەسییە و ئاگەدارى وردەكاریى سەردانەكانى نین، هەروەها ئاماژەى كرد مامەڵەى پارچەپارچەیی لەگەڵ وڵاتان هاندەر دەبێ كە ئەو وڵاتانە بەشێوەیەی پارچەیی سەیری عێراق بكەن بەتایبەتی ئەو وڵاتانەى كە دەستوەردان لە كاروبارى عێراق دەكەن.

تەیب پتر گوتى، بارزانى كەسایەتییەكى ناسراوە و پێوەندیی بەهێزی لەگەڵ وڵاتانى عەرەبی و دنیایی هەیە و ئەو پێوەندییەش سوودی بۆ عێراقێكی نوێی بنیاتنراو لەسەر پرۆسەى دیموكراسی و هاوبەشی دەبێ، كە خەڵكی عێراق بۆ ماوەى چەندان ساڵە خەباتى لە پێناودا كردووە و قوربانى بۆ داوە.

ئاماژەى كرد ئەوانەى ئەو سەردانانە بەپارچەبوونی وڵات سەیر دەكەن، بۆ چوونێكی هەڵەیان هەیە، بڕگەیەك لە دەستووردا هاتووە دەڵێ دەبێ عێراق پێوەندیی باشی لەگەڵ وڵاتانى دەوروبەر و دنیا هەبێ و كێشە سیاسییەكان و دیپلۆماتییەكانى بەگفتوگۆ چارسەر بكا.

گۆتیارى هاوپەیمانیی كوردستانى گوتى، پێوەندییەكانى بارزانى لە ئاستی دەرەوە زۆر لە هى حكوومەتى ناوەند فرەوانترە و لەسەر حكوومەتى عێراقیش پێویستە چاو لەبارزانى بكاتەوە كە چۆن سەركەوتوو بووە لە دروستكردنى پێوەندییەكى فرەوان لەگەڵ وڵاتانى دەورووبەر و دنیا.

\"شتێكی گونجاو نییە بارزانى بۆ سەردانە رەسمییەكانى بۆ دەرەوە داواى رێگەپێدان لە حكوومەتى بەغدا بكا\"" تەیب گوتى.

پێرێ دووشەم سەرۆكى هەرێمی كوردستان بەسەردانێكی رەسمی گەیشتە ئیمارات و لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى ئەو وڵاتە چەندان كۆبوونەوەی ساز كرد و بڕیارە هەر لەو گەشتەیدا سەردانى قەتەریش بكا. "
Top