كورد داوا لە رووسیا دەكا دەستبەرداری پشتیوانیكردن لە رێژیمی ئەسەد ببێ

كورد داوا لە رووسیا دەكا دەستبەرداری پشتیوانیكردن لە رێژیمی ئەسەد ببێ
بەرپرسێكی باڵای كورد لە سووریا رای دەگەیەنێ لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا بە داوەتێكی رەسمی سەردانی وڵاتی رووسیا دەكەن، ئاماژە بەوەش دا شاندەكە بەشێوەیەكی رەسمی داوا لە رووسیا دەكەن دەست لە پشتیوانیكردن لە رێژیمی بەشار ئەسەد هەڵبگرێ.

شەلال گەدۆ ئەندامی كۆمیتەی باشووری كوردستانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا ئەمڕۆ چوارشەم بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، بڕیار وایە لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا بەسەردانێكی رەسمی سەردانی رووسیا بكەن.

زیاتر گوتی، لەو سەردانەدا شاندی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سوویار دوایین پرسەكانی پێوەندار بە دۆخی ئێستەی سووریا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی باڵای رووسیا تاوتوێ دەكەن.

عەبدولحەكیم بەشار بەرپرسی كۆمیتەی پێوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا لەم بارەیەوە بە(ئاكانیوز)ی راگەیاند، سەردانەكە لەسەر داوەتی رەسمیی وەزارەتی دەرەوەی رووسیایە كە ژمارەیەك لە سەركردەكانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا لەخۆ دەگرێ.

ئاشكرای كرد، لەو سەردانەدا بەشێوەیەكی رەسمی داوا لە رووسیا دەكەین دەستبەرداری پشتیوانیكردن لە رێژیمی ئێستەی بەشار ئەسەد ببێ، چونكە پشتیوانیكردن لە ئەسەد دژایەتیكردنی مافی گەلانی سووریا و پرۆسەی دیموكراسییە لەو وڵاتەدا.

بەشار گوتی، هاوكات داوا لە حكوومەتی رووسیا دەكەین پشتیوانی لە دۆزی نەتەوەی كورد لە سووریا وەك دوووەم نەتەوە بكا.

ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا لە 12 حزبی كوردی سووریا پێك دێ.

پێشتر رووسیا و چین مافی ڤیتۆیان لەدژی دوو بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی سووریا بەكار هێناوە.
Top