په‌یامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانیی كرێكارانه‌وه‌

په‌یامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانیی كرێكارانه‌وه‌

به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانیی كرێكارانه‌وه‌، پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له‌ سه‌رجه‌م كرێكارانی كوردستان و عێراق و جیهان ده‌كه‌ین و به‌ها و ماناكانی ئه‌م رۆژه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌ به‌رز و به‌رِێز راده‌گرین و سڵاو بۆ كرێكارانی بیر و بازوو ده‌نێرین كه‌ رۆژو و شه‌ویان لێك گرێداوه‌ بۆ هه‌ڵسورِانی ره‌ورِه‌وه‌ی پێشكه‌وتن و گه‌شه‌پێدانی كوردستانه‌كه‌مان. هاوكات درود بۆ گیانی ئه‌و كرێكارانه‌ ده‌نێرین كه‌ له‌ خه‌باتی رزگاریخوازیی نیشتمانی و له‌ بونیاتنانی وڵاتدا گیانیان به‌خشیوه‌.
ئێمه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌رینی درك كردنمان به‌وه‌ی كرێكاران چی وه‌كوو چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، چی وه‌كوو داینه‌مۆی هێزی كار و بونیاتنان له‌ وڵاتدا بایه‌خ و كاریگه‌ریی له‌راده‌به‌ده‌ریان هه‌یه‌ و دامه‌زرێنه‌ری به‌رده‌كانی بناغه‌ی پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنی ئه‌مرِ و ئاینده‌ی وڵاته‌كه‌مانن، بۆیه‌ پشیوانی خۆمان بۆ مافه‌ ره‌واكانیان دووپاتده‌كه‌ینه‌وه‌. له‌م قۆناغه‌شدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌رچی زووه‌ په‌رله‌مانی كوردستان و نوێنه‌رانی كوردیش له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئیشی شێلگیرانه‌ بكه‌ن له‌پێناوی هه‌مواركردنی هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن به‌ كار و مووچه‌ و كرێ و سه‌لامه‌ی پیشه‌یی و ئێستا و ئاینده‌ی كرێكارانه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تیش یاسای كار (ژماره‌ 71 ـی ساڵی 1987) و یاسای رێكخستنی سه‌ندیكایی (ژماره‌ 52 ـی ساڵی 1987) و چه‌ند برِگه‌ و ماده‌یه‌ك له‌ یاسای خانه‌نشینی و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی (ژماره‌ 39 ـی ساڵی 1971).
ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێ و ئاستی جووڵه‌ی بازارِی كار ، وا له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌خوازێ ستراتیژێكی گونجاوی بۆ كه‌رتی گشتی و كه‌رتی تایبه‌ت و بواره‌ جیاجیاكانی چالاكی ئابووری له‌ كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و خزمه‌تگوزاریی و گه‌شتیاری هه‌بێ بۆ سوود وه‌رگرتن له‌ ته‌واوی هێزی كار و سامانی مرۆیی له‌ كوردستاندا. بنه‌مای ئه‌م ستراتیژه‌ دۆزینه‌وه‌ و فه‌راهه‌مكردنی ده‌رفه‌تی راسته‌قینه‌ی كاری به‌رهه‌مهێنه‌، كه‌ به‌ كرده‌نی هێزی كار ده‌خاته‌ مه‌یدانی كاركردنه‌وه‌ و كرێكاری خۆماڵی ده‌ستی به‌ كاری راسته‌قینه‌ ده‌گات و رێژه‌ی بێكاری و بێكاری ده‌مامككراوی ناو دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تیش كه‌م ده‌بێته‌وه‌.
له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگای كوردی به‌ گۆرِانێكی كۆمه‌لایه‌تی و ئابووری گه‌وره‌دا تێده‌په‌رِێ، پارتیمان ئه‌وه‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌پیشه‌سازیكردنی كه‌رتی كشتوكاڵ و به‌ئامێركردنی كه‌ره‌سته‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كشتوكاڵ و كردنه‌وه‌ی خول و په‌یمانگای راهێنان و دروستبوونی كرێكاری هونه‌ریی و كارامه‌ی ئه‌م بواره‌ و بواره‌كانی پیشه‌سازی جۆراوجۆر له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، له‌رێی هاندانی پرۆژه‌ی پیشه‌سازی به‌رهه‌مهێنی بچووك و مامناوه‌ندی و گه‌وره‌وه‌، ده‌ریچه‌كانی گه‌شه‌سه‌ندن زیاتر ده‌خه‌نه‌ سه‌رپشت و كرێكارانیش رۆڵێكی به‌رچاو له‌م پرۆسه‌یه‌دا ده‌بینن.
له‌ 1 ـی ئایاردا دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ رۆڵی ساندیكانی كرێكارن له‌ چه‌سپاندن و قووڵكردنه‌وه‌ی سستمی دیموكراسی و گه‌شه‌ی سیاسی و مه‌ده‌نیدا، رۆڵێكی یه‌كجار گرنگه‌، بۆیه‌ بایه‌خدان به‌ ساندیكای كرێكاران و كارا كردنی، ئه‌ركێكی له‌پێشه‌وه‌ی ئه‌م قۆناغه‌یه‌ و پێویسته‌ به‌ كرده‌نی پشتگیری خه‌بات و داوا ره‌واكانی بكرێ بۆئه‌وه‌ی ببێته‌ ئه‌ڵقه‌یه‌كی گه‌یه‌نه‌ری راسته‌قینه‌ و كاریگه‌ر له‌نێوانی كرێكاران و حكومه‌تی هه‌رێم و خاوه‌نكاراندا.
دووباره‌ جه‌ژنی كرێكاران پیرۆزه‌ و هه‌میشه‌ رۆژی 1 ـی ئایار به‌رز و به‌رِێزه‌
به‌ گه‌رمی ده‌ستی ماندوونه‌بوونی كرێكارانی كوردستان ده‌گوشین و رۆڵی ئه‌وان له‌ خه‌باتی رزگاری نیشتمانی و خه‌باتی بونیاتنانی وڵات و گه‌شه‌كردندا به‌رز ده‌نرخێنین
درود بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی ئه‌م چینه‌ له‌ كوردستان و عێراق و هه‌موو جیهان

مه‌كته‌بی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
Top