هاوپەیمانیى كوردستان: كۆبوونەوە راوێژییەكانى بارزانى تا دە رۆژى تر بەردەوام دەبن
لەم یەك دوو رۆژەى دوایدا بارزانى لە شارى هەولێر لەگەڵ جەلال تاڵەبانى سەركۆمار و موقتەدا سەدرى سەرۆكى رەوتى سەدر و ئەیاد عەلاوى سەرۆكى لیستى عێراقییە كۆ بوویەوە، ئەمڕۆیش بە ئامادەبوونى ژمارەیەكى زیاتر لە سەركردەى لایەنە عێراقییەكان لە بارەگاى مەكتەبی سیاسیی یەكێتیى نیشتمانى لە هەولێر درێژە بە كۆبوونەوەكانیان دەدەن.
موحسین سەعدوون جێگرى سەرۆكى لیستى هاوپەیمانیى كوردستان بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند \"ئەو كۆبوونەوە راوێژییانەى بارزانى دەستى پێكردووە تا دە رۆژى تر بەردەوام دەبن، كە بریتین لە چەند هەنگاوێكى ئامادەكارى بۆ ئەو كۆبوونەوەیەى لە داهاتوودا دەبەسترێ\"".
ماوەی چەند مانگێكە دۆخى سیاسیی عێراق بەهۆى ناكۆكییەكانى كورد و عێراقییە لەلایەك و لیستى دەوڵەتى یاساى نوورى مالیكى لەلایەكى ترەوە تووشى تەنگژە بووە، هەردوو لایەنى یەكەم مالیكى بە قۆرخكردنى دەسەڵات و پەراوێزخستنى لایەنە سیاسییەكانى ركابەرى تۆمەتبار دەكەن.
سەعدوون گوتى \""بارزانى دەیەوێ ئەو كۆبوونەوانە رەنگدانەوەیان لەسەر دۆخى سیاسیی وڵات هەبێ و هەر سێ لایەنى هاوپەیمانیى نیشتمانى و عێراقییە و هاوپەیمانیى كوردستان بگەنە رێكەوتن لەبارەى ئەوەى لە رێكەوتنامەكان جێبەجێكراوە و میكانیزمى جێبەجێكردنى ئەوەى ماوە\"".
لەبارەى شوێنى بەستنى كۆبوونەوەكەیشەوە راى گەیاند كورد تا ئێستە نەیگوتووە كۆبوونەوەكە لە هەولێر ببەسترێ، ئەوە سەرانى بارستە سیاسییەكان بڕیارى لەبارەوە دەدەن."
