ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا بانگهێشتی ئەمەریكا دەكرێ

ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا بانگهێشتی ئەمەریكا دەكرێ
ئەندامی لێژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند، حەوتووی داهاتوو لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، شاندێكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا سەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكا.

عەبدولحەكیم بەشار لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، بڕیار وایە رۆژی 6ی مانگی داهاتوو (ئایار/مایۆ) شاندێكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا بە سەرۆكایەتیی بەندە سەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بكەین.

زیاتر گوتی، بڕیار وایە لەم سەردانەدا كە چەند رۆژێك دەخایەنێ، شاندی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمەریكا دیدار و كۆبوونەوە ئەنجام بدا.

ئاماژەی بەوەش كرد كە لەو سەردانەدا دۆخی ئێستەی سووریا و هەوڵەكانی بەشار ئەسەد بۆ سەركەوتوتكردنی شۆڕش لەو وڵاتە و كوشتنی خەڵكی سیڤیل دەخەینە روو.

بەشار لە درێژەدا گوتی، بەشێوەیەكی گشتی ئیدارەی ئەمەریكا پشتیوانی لە گەلانی سووریا دەكا بۆ رزگاربوون لە رێژیمی ئێستەی سووریا، هاوكات داوایان لێ دەكەین پشتیوانیی شۆڕشی سووریا بكەن بەتایبەتیش لە پرسی كورد لە دوای لێخرانی رێژیمی ئەسەد و داننان بە مافەكانی كورد وەك نەتەوەیەك لە سووریا.

ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا لە تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو دامەزراوە و چەندان حزب و ڕێكخراوی لاوان و سەربەخۆكانی لەخۆ گرتووە بۆ یەكخستنی گوتاری كوردی لەو تەنگژەیەی سووریای گرتووەتەوە.

كورد دووەمین نەتەوەی گەورەی سووریایە و بەپێی ئامارەكان ژمارەیان دەگاتە 3 ملیۆن كەس، داوا دەكەن وەك گەلێك بەدەستوور دان بەمافەكانیان بنرێ و داوای حوكمی نامەركەزی لە چوارچێوەی سووریای یەكگرتوودا دەكەن.
Top