سه‌رۆك مام جه‌لال و سه‌ید موقته‌دا سه‌در و سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له شاری هه‌ولێر کۆبوونه‌وه
سه‌ره‌تای دیداره‌كه سه‌رۆك تاڵه‌بانی به‌خێرهاتنی گه‌رمی سه‌ماحه‌تی سه‌ید موقته‌دا سه‌دری كرد به بۆنه‌ی سه‌ردانه مێژوییه‌كه‌یه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان، داوایكرد ئه‌و سه‌ردانه‌ی كه له‌سه‌ر بانگهێشتی سه‌رۆك بارزانییه و دیداره‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده سیاسییه‌كان ببێته فاكته‌ری دۆزینه‌وه‌ی ده‌ره‌تانێك بۆ ئه‌و قه‌یرانه‌ی كه ئێستا به‌رۆكی وڵاتی گرتووه و پرۆسه‌ی سیاسییش به‌ره‌وپێش ببات، هیوای خۆیشی ده‌ربڕی كه سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌ماحه‌تیان ببێته ده‌رفه‌تێكی باش بۆ له نزیكه‌وه ئاگاداربوون له‌و ده‌سكه‌وت و پێشكه‌وتنانه‌ی كه ئه‌م به‌شه زیندووه‌ی عیراق به خۆوه‌ی ده‌بینێت له هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا.
له به‌شێكی تری دیداره‌كه‌دا بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا له‌باره‌ی هه‌موو مه‌سه‌له‌كانی تایبه‌ت به بارودۆخی عیراق و رێوشوێنه‌كانی لابردنی كۆسپه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان كوتله سیاسییه‌كان له چوارچێوه‌ی ده‌ستوری عیراق و رێككه‌وتنه‌كانی پێشوو به تایبه‌تی رێككه‌وتننامه‌ی هه‌ولێر.
ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه پێویستیی دانانی به‌رنامه‌یه‌كی نیشتمانیی سه‌رتاسه‌رییان دووپاتكرده‌وه كه به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای گه‌لی عیراق بخاته سه‌روو هه‌موو مه‌سه‌له‌یه‌كی حزبیی و تائیفیی هه‌مووانیش له‌سه‌ری رێك بكه‌ون له پێناوی گه‌یاندنی عیراق به كه‌نارێكی ئارام و ئۆقره.
هه‌ریه‌ك له كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دكتۆر به‌رهه‌م ئه‌حمد ساڵح جێگری سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و مامۆستا فه‌خری كه‌ریم و دكتۆر فوئاد حسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عه‌دنان موفتی و سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسیی (ی.ن.ك) ئاماده‌ی دیداره‌كه بوون.
