حكوومەتی هەرێم تانەی لە بڕیاری ئازادكردنی تۆمەتبارێكی كیمیابارانی هەڵەبجە دا
موحسین شێروانی بەرپرسی فایلەكان لە وەزارەتەكە بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، وەزارەتی كارباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێم لە سەرەتای ئەم حەوتووەدا تیمێكی پارێزەرانی لە 3 پارێزەر پێك هێنا بۆ تانەدان لە بڕیاری دادگەی باڵای تاوانەكان لە عێراق لەبارەی ئازادكردنی مەحموود فەرەج بیلال كە یەكێك بوو لەو كەسانەی بە تۆمەتی بەشداریكردن لە كیمیابارانكردنی شارۆكەی هەڵەبجە لە ساڵی 1988 گیراوە.
زیاتر گوتی، دوای وردبینی و بەشێوەیەكی رەسمی تیمی پارێزەران بە نووسی رەسمی تانەیان لە بڕیاری دادگەی باڵای تاوانەكان لە عێراق دا، بەوەی ناوبراو كۆمەڵێك بەڵگەنامەی لەسەرە بەوەی یەكێك بووە لەو كەسانەی بەشداری لە كیمیابارانی شارۆكەكە كردووە.
شێروانی روونی كردەوە، ئەوەی جێی سەرسڕمانە دادگەی باڵای تاوانەكان لە عێراق بێ ئاگایە لەوەی بڕیارێكی لەو جۆرەی دابێ، بۆیە تا ئێستە روون نییە كە ئەو تۆمەتبارە بە بڕیاری دادگە یان هەر لایەنێكی تر هاتووەتە ئازادكردن.
زیاتر گوتی، بەڵام ئێمە بە نووسی رەسمی تانەی خۆمان پێشكێش كردووە، بۆ ئەوەی هەر لایەنێك بڕیاری ئازادكردنی ئەو تۆمەتبارەی دابێ، دەبێ بڕیارەكە هەڵبوەشێتەوە و ناوبراو بگیرێتەوە، چونكە وەك دادخواز كۆمەڵێك بەڵگەنامەمان پێشكێش كردووە كە تۆمەتباربوونی مەحموود فەرەج بیلال دەسەلمێنێ.
ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند، حكوومەتى هەرێمى كوردستان لە رێى پارێزەرەكانی لە دادگەى باڵاى تاوانەكانى عێراق كار لەسەر گرتنەوەی وەزیرى پێشووى رۆشنبیرى و زانا كیمیاییەكەى عێراق دەكا.
18ی ئەم مانگە فوئاد عوسمان گۆتیارى رەسمیى وەزارەتى كاروبارى شەهیدان و ئەنفالكراوانى هەرێمى كوردستان بە(ئاكانیوز)ی راگەیاند، وەزارەتى كاروبارى شەهیدان و ئەنفالكراوانى هەرێمى كوردستان كار لەسەر تانەدان لە بڕیارى ئازادكردنى حامد یوسف حەمادی وەزیرى پێشووى رۆشنبیربی رژێمى عێراق و مەحموود سامەڕایی زاناى كیمیاى رژێمى پێشووى عێراق دەكا، بۆ ئەوەی دووبارە بێنەوە گرتن و بە سزاى یاساییى خۆیان بگەن.
لە 16 ی ئادار/مارسی 1988 باڵەفڕە شەڕوانەكانی سوپای عێراق شارۆكەی هەڵەبجەیان كیمیاباران كرد و بەو هۆیەوە زیاتر لە 5 هەزار لە خەڵكی ئەو شارۆكە گیانیان لەدەست د، وێڕای 10 هەزار بریندار.
لە دوای رووخانی رژێمی پێشووی بەعس لە ساڵی 2003 دادگەی باڵای تاوانەكان لە عێراق بۆ لەدادگەدانی سەرانی ئەو رێژیمە پێك هێنرا و یەكێك لەو فایلانەی ئەو دادگەیە كاری لەسەر كرد، فایلی كیمیابارانكردنی شارۆكەی هەڵەبجە بوو، كە ژمارەیەك لە بەرپرسە باڵاكانی رێژێمی لێخراوی بەعس دادگەیی كران، لە سەرووی هەموویانەوە عەلی حەسەن مەجید كە بە عەلی كیمیایی ناسراوە و لەسەر ئەو فایلە لەدار درا.
