پڕۆژەیاسای پاراستنی مافی فیكری و هونەری ئامادە كراوە

 پڕۆژەیاسای پاراستنی مافی فیكری و هونەری ئامادە كراوە
پەرلەمانی كوردستان بە واژۆی (10) پەرلەمانتار پڕۆژەیاسای پاراستنی بەرهەمە فیكری و هونەریـیەكانی ئامادە كردووە و سەرۆكی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستانیش، دەڵێت كە (7) ساڵە ئەو پڕۆژەیاسایە دەستاودەست دەكرێت.

سزاكانی سەرپێچیكاران لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە بە پێی پێویست نین
بەردەوام هونەرمەند و نووسەرەكانی هەرێمی كوردستان گلەیی ئەوە دەكەن كە بەرهەمەكانیان كۆپی دەكرێن و هیچ قازانجێك لە بەرهەمی فیكری و هونەریی خۆیان ناكەن.

ئەوەیش لە كاتێكدایە كە نزیكەی (7) ساڵە پڕۆژەیاسای پاراستنی بەرهەمە فیكری و هونەرییەكان واتا “كۆپی ڕایت” لە نێوان سەندیكا و ڕێكخراوە پێوەندیدارەكان و پەرلەمانی كوردستاندا ئەمبەر و ئەوبەر دەكرێت و سەندیكای هونەرمەندانیش خۆیان پڕۆژەیاسایەكیان ئاڕاستەی پەرلەمان كردووە، بەڵام پشتگوێ خراوە. هاوكات لە ئێستادا لیژنەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن پڕۆژەیاسایەكی ئامادە كردووە و لە (21\\12\\2011)ـدا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە.

سەرۆكی لیژنەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن (ئاسۆ كەریم) بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند كە پڕۆژەیاسای پاراستنی مافەكانی فیكری و هونەری، توێژی بەرفراوانی نووسەران و ئەندازیاران و هونەرمەندان و تەنانەت بەرنامەداڕێژەرانی كۆمپیۆتەریش، دەگرێتەوە.

ئەو ڕوونیشی كردەوە كە چەندین ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە موڵكی فیكری و هونەری هەیە و كوردستانیش دەبێ پابەندیان بێت. (ئاسۆ كەریم) ئاشكرایشی كرد كە ئەو پڕۆژەیاسایە بە واژۆی (10) پەرلەمانتار پێشكەش كراوە و خوێندنەوەی یەكەمیشی بۆ كراوە.

بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا سەرۆكی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان (نیاز نووری مەلا مەحموود) پێی وایە كە دەبووایە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر پڕۆژەیاسای پێشنیازكراوی سەندیكاری هونەرمەندان بكردایە. چونكە بە ڕای ئەو، ئەوان لەناو كارەكاندان و باشتر دەتوانن پارێزەری ڕووە مەعنەوی و ماددییەكانی هونەرمەندان بن.

(نیاز نووری) ئەوەیشی بە “هەولێر” گوت كە پڕۆژەیاساكەی پەرلەمانی كوردستان بۆ پاراستنی مافە فیكری و هونەریـیەكان، تێكەڵییەكی لە نێوان مافی فیكری و هونەری تێدایە و بە ڕای ئەو دەبێ لە مافدا جیاوازییەكی جۆری بۆ نووسەرێك لەگەڵ مووزیكژەنێك لە بەرچاو بگیردرێت.

هاوكات ئەو ئاشكرایشی كرد كە لەو پڕۆژەیاسایەدا سزاكانی سەرپێچیكاران لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە بە پێی پێویست نین و پێویستە سزای توندتر و بوێرانەتر بەرانبەر ئەو كەسانە بچەسپێت، كە بەرهەمە فیكری و هونەرییەكان بە بێ ئاگاداریی خاوەنەكەی كۆپی دەكەن.

هەندێك كەس بەشێك لە كتێبێك بە ناوی خۆیان وەكوو وتار لە ڕۆژنامەكاندا بڵاو دەكەنەوە

لە لایەكی دیكەیشەوە، سەرۆكی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان گوتیشی كە بە پێی پڕۆژەیاسای پێشنیازكراو دیار نییە كێ دەبێتە خاوەنی بەرهەمە فۆلكلۆرییەكان، یان كێ لە پاراستنیان بەرپرسە.

ئەوەیش لە كاتێكدایە كە بە پێی ڕێككەوتننامەی “بێرن” دیاردەی “كۆپی ڕایت” سەرجەم بەرهەمە هونەری و هزری و زانستییەكان دەگرێتەوە و تەنانەت كۆپی یان دزینی مووزیك بە ڕێژەی تۆنەكان حیساب دەكرێت و بۆ نووسەر و سیناریۆنووس و شانۆنامەنووسەكانیش بە وشە، واتا بە ڕێژەی كۆپیـكردنی ڕێژەی نۆتە یان وشەكان ئەو كەسەی بێ ئاگاداریی خاوەنەكەی كۆپی كردووە، سزا دەدرێت.

چارەكردنی ئەو پرسە لە هەرێمی كوردستاندا، بە باوەڕی دەرهێنەر و سیناریۆنووس (تەنیا كەریم) بە دانانی دادگەیەكی تایبەت بە پرسی “كۆپی ڕایت” دەكرێت. ئەو دەرهێنەرە بۆ “هەولێر”ـی ڕوون كردەوە كە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەبووایە یەكێك لە ئەولەوییەتی كارەكانی پەسەندكردنی یاسایەكی تایبەتمەند بە پاراستنی مافە فیكری و هونەریـیەكان بووایە.

گوتیشی كە هەر چەشنە یاسایەك لە هەرێمدا، دەبێت بەسەر هەموو هونەرمەند و نووسەرێكدا بچەسپێت و چاودێرییەكی توندیش بكەوێتە سەر تۆمارگەكانی كوردستان.

هاوكات (رێبین ڕەسووڵ)ـی نووسەریش، پێی وایە كە لە كوردستان هەندێك كەس بەشێك لە كتێبێك بە ناوی خۆیان وەكوو وتار لە ڕۆژنامەكاندا بڵاو دەكەنەوە و ئەوەیش بە ڕای ئەو، بۆ نووسەری كتێبەكە و بۆ كەسی كۆپیـكەریش كارەساتە.

هەروەها ئاشكرایشی كرد كە كتێب هەیە لە (1997) چاپ كراوە و لە ئێستادا لە بازاڕدا نەماوە و جارێكی دیكە بێ ئاگاداریی نووسەر كۆپی دەكرێتەوە. ئەو نووسەرە، هەروەها ئاماژە بە نەبوونی مافی داهێنەر لە كوردستاندا دەكات و پێی وایە كە دەبێ سەرجەم مافەكانی هونەرمەند و نووسەرەكان تەنانەت دوای مردنیشیان لە پڕۆژەیاسایەكی تایبەتمەندا دابڕێژرێتەوە.

(رێبین ڕەسووڵ) پێیشی وایە كوردستان گەییشتووەتە قۆناغێك كە یاسایەكی سەردەمیانەی بۆ پاراستنی مافە فیكری و هونەرییەكان هەبێت.
Top