قوباد تاڵەبانی دەبێتە راوێژكاری باڵای سەرۆكی حكومەت

قوباد تاڵەبانی دەبێتە راوێژكاری باڵای سەرۆكی حكومەت
بەپێی لێدوانی چەند سەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو یەكێتی و پارتی، قوباد تاڵەبانی نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە واشنتن لەكابینەی تازەدا دەبێتە راوێژكاری باڵای سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی دەرەوەو كۆمەڵگەی مەدەنی.

دوای گفتوگۆ و دانوستاندنێكی درێژ بڕیاری كۆتایی لەسەر ناوی وەزیرەكانی كابینەی نوێ درا و چاوەڕواندەكرێ رۆژی 4/4/2012 لە پەرلەمانی كوردستان رابگەیێندرێ.

لەو كابینەیەدا پارتی پێنج وەزیری گۆڕیوە، بەڵام یەكێتی تەنیا دوو وەزیری گۆڕیوە. وەزارەتەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتیش جگە لە ئەوقاف، ئەوانیدیكە وەك خۆیان دەمێننەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست (رووداو) كەوتوون، وەزیرەكانی پارتی بریتی دەبن لە (لیوا عەزیز وەیسی ـ وەزیری ناوخۆ، ئاشتی هەورامی ـ وەزیری سامانە سروشتییەكان، دڵشاد شەهاب ـ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، عەلی سندی ـ وەزیری پلاندانان، عیسمەت خالید ـ وەزیری پەروەردە، رۆژان دزەیی ـ وەزیری داد، د.سیروان بابان ـ وەزیری كشتوكاڵ).

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ یەكلاییكردنەوەی وەزیرەكانی خۆی لەكابینەی تازەدا، رۆژی 1/4/2012 لە هەولێر كۆبووەوە و تێیدا بڕیاری لەسەر گۆڕینی دوو وەزیر دا. كۆبوونەوەكە بەشێوەی ڤیدیۆكۆنفرانس ئەنجامدرا، كە جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی لە بەغداوە بەشداری تێدا كرد.

عیماد ئەحمەد، جێگری سەرۆكی حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان سەبارەت لیستی كۆتایی وەزیرەكانی یەكێتی بە (رووداو)ی راگەیاند \"یەكێتی بڕیاریداوە تەنیا وەزیری خوێندنی باڵا و تەندوستی بگۆڕدرێن\"".

بەوشێوەیەش 7 وەزیرەكەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بریتی دەبن لە (شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ـ وەزیری پێشمەرگە، بایز تاڵەبانی ـ وەزیری دارایی و ئابووری، (ئارام ئەحمەد) مامۆستا ئارام ـ وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، كامەران ئەحمەد ـ وەزیری ئاوەدانكردنەوە، عەلی سەعید ـ وەزیری خوێندنی باڵا، ئاسۆس نەجیب ـ وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، دكتۆر رێكەوت حەمەڕەشید ـ وەزیری تەندروستی).

قوباد تاڵەبانی، بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە واشنتن، دوێنێ لە تویتەر دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستەكەی بڵاوكردەوە، هەرچەندە دواتر ئەوەی بەدرۆی 1ی نیسان ناوبرد و بە چەند كەسێكیشی راگەیاندبوو كە ئەوەی بە گاڵتە وەك درۆی نیسان بڵاوكردبووەوە، بەڵام بەپێی لێدوانی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە یەكێتی و هەروەها سەرچاوەیەكی دیكە لە پارتی بۆ (رووداو)، قوباد تاڵەبانی لەكابینەی تازەدا دەبێتە راوێژكاری باڵای سەرۆكی حكومەت بە پلەی وەزیر، بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی دەرەوەو كۆمەڵگەی مەدەنی، هەروەها یاریدەدەرێكیشی دەبێت."
Top