بارزانی، بێجگە لە ئەمەریكا دەچێتە ئەورووپایش
گوتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، د. ئومێد سەباح، ئەگەرچی ڕۆژی گەشتەكەی سەرۆكی هەرێمی دیاریی نەكرد، بەڵام بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری گوت كە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا و بە یاوەریی شاندێكی فەرمیی هەرێم گەشتەكەی ئەنجام دەدات.
د. ئومێد سەباح، گوتی كە ئەو گەشتەی سەرۆك بارزانی تەنیا بۆ وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا نییە، بەڵكە بۆ چەند وڵاتێكی ئەورووپایش دەچێت و لە كاتی خۆیشیدا بەرنامەی گەشتەكەی ئاشكرا دەكرێت.
هەرچەند وەها بڵاو ببووەوە كە بەر لە گەشتەكەی بۆ ئەمەریكا و ئەورووپا سەرۆكی هەرێم لەگەڵ سەرۆكی حزبە كوردییەكاندا كۆ ببێتەوە، بەڵام گوتەبێژەكەی سەرۆكایەتیی بێئاگایی خۆی لەم بارەوە نیشان دا.
پێشتریش بڵاو ببووەوە كە بە هۆی گەشتەكەی بۆ ئەمەریكا و ئەورووپا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەی لووتكەی عەرەبیدا كە وەها بڕیارە 29ـی ئەم مانگە لە بەغدا ببەسترێت، بەشدار نابێت.
