كورد بڕیاری نەداوە لە بەغدا بكشێتەوە

كورد بڕیاری نەداوە لە بەغدا بكشێتەوە
دوو نوێنەری كورد لە بەغدا رای دەگەیەنن، تا ئێستە كورد هیچ بەرنامەیەكی نییە بۆ ئەوەی لە پەرلەمان و حكوومەتی عێراق بكشێتەوە، بەڵام ئەوە ئاشكرا دەكەن كە دوای ئەنجامدانی كۆنگرەی نیشتمانی ئەگەر هیچ پێشكەوتنێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا نەبوو، ئەوكات كورد بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدا.

ماوەی 5 ساڵە ناكۆكیی قوڵ لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هەیە لە چەند پرسێكدا كە گرینگترینیان یاسای نەوت و غاز، بودجەی پێشمەرگە، پرسی فیدراڵی و ناوچە جێ ناكۆكەكانە و ئەو ناكۆكییە لە دوای وتەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی نەورۆز بە تەواوی هەستی پێ كرا.

عارف تەیفوور دووەم جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەم بە ئاژانسی (ئاكانیوز)ی راگەیاند \"لە دوای ئەنجامدانی كۆنگرەی لوتكەی وڵاتانی عەرەبی كە بڕیار وایە لەم حەوتووەدا لە بەغدا بێتە ئەنجامدان، لەلایەن جەلال تاڵەبانی سەركۆمار و نوێنەرانی كورد لە بەغدا هەوڵ دەدرێ پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا ئاسایی بكرێتەوە\"".

زیاتر گوتی، هەوڵەكان بەو ئاراستەیە دەبن كە تێبینی و داخوازییەكانی كورد لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە جێبەجێ بكرێ.

لەبارەی ئەگەری كشانەوەی كورد لە پەرلەمان و حكوومەتی عێراق لە حاڵەتی بەردەوامی كێشەكانی نێوان هەردوو لا، تەیفوور گوتی، ئێستە هیچ بەرنامەیەكی لەو چەشنە نییە لە پەرلەمان و حكوومەتی عێراق بكشێینەوە، بەڵام كار دەكەین بۆ چارەسەركردنی ئەو ناكۆكیانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا سەری هەڵداوە.

بۆچوونی بەشێك لە چاودێران بۆ ئەوە دەچێ كە كورد وەك كارتی پاڵەپەستۆ كشانەوە لە بەغدا بەكار بێنێ، هەرچەندە پێشتر لیستی عێراقییە ئەم ئەگەرەی تاقیكردووەتەوە و سەركەوتوو نەنوو لەوەی حكوومەتی عێراق دووچاری كشت بكا.

فاتیح داراغایی ئەندامی هەمان تەبایی لە كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان بۆ (ئاكانیوز) رای گەیاند \""ئێستە هیچ بڕیارێكی لەم جۆرە نەدراوە بەوەی لە پەرلەمان و حكوومەتی عێراق بكشێینەوە، بەڵام لە چەند مانگی رابردوودا لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەمان خستە ڕوو، ئەگەر كۆنگرەی نیشتمانی ئەنجام درا و هیچ ئەنجامێكی ئەوتۆی نەبوو، ئەوكاتە كورد بڕیارێكی یەكلاكەرەوە دەدا\"".

لەىبارەی جۆری بڕیارەكە، داراغایی گوتی، بڕیار دەدەین بەوەی لە هەموو پرۆسەی سیاسیی دەكشێینەوە یان تەنیا لە حكوومەتی مالیكی."
Top