وەزیری پێشمەرگە: لەمانگی داهاتوودا 4 لیوای تری یەكگرتووی پێشمەرگە پێك دێ
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، مانگی داهاتوو 4 لیوای تری یەكگرتووی پێشمەرگە پێك دێ كە سەر بەوەزارەتیی پێشمەرگە دەبن، ئاماژەی دا تا كۆتای ئەمساڵیش سەرجەم هێزی پێشمەرگە دەخرێتە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی پێشمەرگەوە.
زیاتر گوتی، هێزی پێشمەرگە ئەوە نییە یەك نەگرێتەوە، ئەمڕۆش نەبێ هەر ئەبێ بەیانی یەك بگرێتەوە، ئاماژەی دا ئەبێ یەك هێزی پێشمەرگە لە كوردستاندا هەبێ و ئەویش لە ژێر یاسا و فەرمانەكانی وەزارەتی پێشمەرگە بێ، ئەوە تەنیا قسە نییە بڕیارە و ئەبێ بێتە ئەنجامدان.
شێخ مستەفا گوتی، دەبێ سەرجەم دامەزراوەكان یەك بخەین و ناكرێ دووبەش و سێبەش بن بەتایبەت هێزی پێشمەرگە، ئاماژەی دا نابێ پێشمەرگە تایبەت بێ بەحیزب و بگرە دەبێ پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێ، بەڵام یەكخستنەوەی ئەو هێزانە پێداویستی گەرەكە كە ئەمەیان بە بودجە دەكرێ و بێگومان بودجەیەكی گەورەشی دەوێ.
پتر گوتی، تا ئێستە 8 لیوای یەكگرتوو پێك هاتووە و یەكگرتنەوەی 4 لیوای تریش لە قۆناغی كۆتایە و مانگی داهاتوو بەكۆتا دێ و دەخرێنە ژێر چاودێری وەزارەتی پێشمەرگەوە.
وەزیری پێشمەرگە گوتی، دوای یەكگرتنەوەی ئەو 4 لیوایە، دەست دەكرێ بەیەكگرتنەوەی تەواوی هێزەكانی تر و تا كۆتای ئەمساڵ یەك هێزی پێشمەرگەی یەكگرتوو لە كوردستان دەبێ.
