سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شورای حزبی ئیسلامی عیراقی ده‌كات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شورای حزبی ئیسلامی عیراقی ده‌كات
ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ 19/3/2012 به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ د.موحسین عه‌بدولحه‌مید سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شورای حزبی ئیسلامی عیراقی و هه‌ر دوولا دوایین گۆڕانكارییه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی عیراقیان تاوتوێكرد .

سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی كرد به‌و هه‌وڵانه‌ی كه‌ ده‌درێ‌ له‌ پێناو چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و قه‌یرانه‌ سیاسییه‌ی كه‌ تووشی پرۆسه‌ی سیاسی عیراق بۆته‌وه‌ و ته‌ئكیدیشی له‌ یه‌كخستنی وتاری هه‌موو لایه‌ن و كوتله‌ سیاسییه‌كان كرده‌وه‌ به‌ ئامانجی گواستنه‌وه‌ بۆ قۆناغێكی نوێ‌ و وه‌لانانی ناكۆكی و جیاوازییه‌كان و گرتنه‌ به‌ری هه‌نگاوی پراكتیكی له‌ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كانی هه‌ولێر و هێنانه‌دی شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ له‌ به‌رێوه‌بردنی وڵاتدا.

لای خۆیه‌وه‌ د.موحسین عه‌بدولحه‌مید ستایشی رۆڵی سه‌رۆك بارزانی كرد له‌ پێناو بنیاتنانی عیراقی نوێ‌ و دروستكردنی پردی متمانه‌ له‌ نێوان هه‌موو پێكهاته‌كاندا و هیواشی خواست سه‌رۆك بارزانی درێژه‌ به‌و رۆڵه‌ گرنگه‌ی خۆی بدات بۆ گه‌یاندنی وڵات بۆ كه‌ناری ئارامی .
Top