کوردانی تاراوگە یادی کارەساتی قامشلۆ دەکەنەوە
رۆژی 12-3 کوردستانیانی سویسرا لە شاری زیوریخی پایتەخت چوونە بەردەم كونسوڵخانەی ئەمریکی و بەدەم سروودی ئەی رەقیبەوە ئاڵای کوردستان و دروشمی بڕوخێ رژێمی ئەسەدیان بەرزکردەوە.
لەو خۆپیشاندانە جەماوەریيەدا نامەیەکی بیرخستنەوەیان بۆ كونسوڵ بەرزکردەوەو ئاماژەیان بە نالەباری ژیانی خەڵکی سوریا کردبوو لەدەستی ئەو رژێمەو باردۆخی ژیانی کوردانی ئەو وڵاتەشیان روونکردبووەوە، لە نامەکەدا داوای هاوکاری نێودەوڵەتی کرابوو بۆ شۆڕشی گەلانی سوریاو دامەزراندنی حکومەتێکی دیموکراتی راسستەقینە.
هەمان رۆژ لە گۆڕەپانێکی گەورەی شاری (برن) ی سویسری کوردان کۆبوونەوەو ئاڵای کوردستان و چەند دروشمێکی پیاهەڵدان بە کارەساتی قامشلۆ و دژ بە رژێمی سوریایان بەرزکردەوە، لەم چالاکیيەشدا چەندین وتارو پەخشان و شیعر خوێندرانەوەو تەئکید لەسەر یەکگرتوویی هەموو پارت و لایەنە سیاسیيەکانی گۆڕەپانی سیاسی کوردستانی سوریا کرایەوە لەپێناو یەکهەلوێستی و پتەوی ئیرادەی لایەنە کوردیيەکان بۆ چەسپاندنی مافە نەتەوەییەکان لەژێر سایەی حکومەتێکی داهاتووی دیموکراتی، فرە حزبی و هێنانەدی ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و دیموکراسی بۆ خەڵکی سوریاو بەدیهێنانی مافەکانی کورد لەو حکومەتدا.
هەر بەو بۆنەیەوە بەسەرپەرشتی هەمان ئەنجومەن کوردانی سوریای نیشتەجێی هۆڵەنداش لە شاری (زۆتەروورد) سیمینارێکی شایستەیان لە یادی 8 ساڵەی کارەساتی قامشلۆ رێکخست، سەرەتا گیانی پاکی شەهیدانیان پیرۆز راگرت، دواتر ئیدانەی رەفتارەکانی رژێمیان کرد کەلە 12-3-2004 دەرهەق بە خەڵکی قامشلۆ ئەنجامیداوة.
لەو سیمینارەدا (بروسک نەجاڕ) وتاری ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی خوێندەوەو تیایدا ستیایشی کوردانی تاراوگەی کرد لە پاڵپشتی هەڤاڵەکانیان لە ناوەوە وەک داینەمۆیەکی گرنگ بۆ پاراستنی گیانی کوردایەتی، هەروەها تەئکیدی لەسەر ئەوەکردەوە کە راپەڕینی کوردان لەو وڵاتەدا بەشێکە لە راپەڕینی سەرتاسەری و ئۆپۆزسیۆنی کوردیش ژمارەیەکی دیاری ناو ئۆپۆزسیۆنی سوریاو کەس ناتوانێت پشتگوێی بخات.
سەبارەت بە پێشهاتە سیاسیيەکانیش، نوێنەری ئەنجومەن وتی: ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی لە دیدارو کۆبوونەوەو گفتوگۆكانی لەگەڵ هەموو لایەنەکان و ئەنجومەنی نیشتمانی سوری بەردەوامە بۆ سازدانی کۆنگرەیەکی نیشتمانی یەکگرتوو کە ببێتە ئەڵتەرناتیڤێکی زیندووی حکومەتی سوریاو راییکردن و سەرپەرشتیکردنی شۆڕشەکە.
هەروەها (ئیبراهیم میرۆ) بەناوی ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا وتارێکی خوێندەوەو ئاماژەی بەڕۆڵی ئەکتیڤ و نیشتمانپەروەرانەی کوردانی سوریاو لایەنە سیاسیيەکان کرد لە بردنە پێشی پرۆسەی سیاسی و هاندانی گیانی وڵاتپارێزی و کوردایەتی کوردستانی سوریاو ئەویش لەلایەن خۆیەوە یەکهەڵوێستی و یەکڕیزی لایەنە سیاسیيەکانی دووپاتکردەوە، دوای ئەویش چەندین وتاری تر خوێندرانەوەو پاڵپشتی خۆیان بۆ خەڵکی ناوەوە دووپاتکردەوە.
لەشاری (ساندفیکن) ی سویدیش لیژنەی هەماهەنگی برایەتی لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا هەمان یادی كردەوەو تیایدا زیاتر لە 200 کوردی دانیشتووی شارەکەو دەوروبەری ئامادەبوون، لەو مەراسیمەشدا هونەرمەندی کورد جوان حاجۆ بە چەند سرودێکی نیشتمانی بەشداری کردو هەمووان لەژێر ئاڵای سوریاو کوردستان و سوید و ئاڵای تایبەتی ئاشوریيەکان بەچەند چالاکیيەکی هەمەڕەنگ یادەکەیان پیرۆز راگرت.
هەر بەهەمان بۆنەوە لە هانۆڤەرو شتوتگارتی ئەڵمانیاش ئەم یادە پیرۆز راگیراو لە چەند چالاکیيەکی هەمەجۆردا کارە دوژمنداريیەکانی يژێمی سوریا ریسواو مەحکوم کران.
8 ساڵ لەمەوبەرولە 12-3 حکومەتی سوریا لە رووداوێکی چاوەڕواننەکراودا 30 هاووڵاتی کوردی شارەکەی قەتڵوعام کردو 160 کوردی تریشی بریندارکرد، دواتر هەزارانی تریشی خستە کونجی زیندانەوەو زیانێکی ماددی زۆريشی گەیاندە ماڵ و موڵكی شاری قامشلۆ.
