كەمال كەركووكی: پێم باش بوو كەسێكی دیكە لە شوێنی من دابنرێت

كەمال كەركووكی: پێم باش بوو كەسێكی دیكە لە شوێنی من دابنرێت
سەرۆكی پێشووی پەرلەمان (دكتۆر كەمال كەركووكی) لە دیمانەیەكی \"هەولێر\""ـدا، دەڵێت كە خۆی پێی باش بووە كەسێكی دیكە لە شوێنی دابنرێت.

ڕوونیشی دەكاتەوە كە نەیویستووە یاسای بودجەی حزبەكان بە شێوەیەك دەربچێت كە كێشەی لەسەر دروست ببێت، بەڵكوو ویستوویەتی بە دەرچوونی یاسای بودجەی حزبەكان، ئارامییەكی زیاتر لە كوردستاندا دروست ببێت.

* دوای ئاڵوگۆڕكردنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكەی، بۆچی ئێوە نەبوون بە جێگری سەرۆكی پەرلەمان؟

- ئەوەی ڕاستی بێ، پەرلەمان بە شوێنێكی زۆر بەرز و پیرۆز ‌‌‌دەزانم، چ سەرۆكی پەرلەمان بێ یان جێگر یا سكرتێرەكەی بێ، یانیش ئەندامی پەرلەمان بێ، لای من زۆر بەرز و پیرۆزە، سوپاسی (سەرۆك بارزانی) و (كاك نێچیرڤان) و گشت ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتییش دەكەم كە بۆ ئەو پۆستە كاندیدی ئەوان بووم، لەبەر شارەزایی و ئەدای كاركردنم لە خولی دووەم و سێیەمی پەرلەماندا، بەڵام زۆر بیرم لێ كردەوە و بە باشم زانی كە ئەو پۆستە وەرنەگرم، بۆ ئەو مەبەستەیش داوام لە مەكتەبی سیاسی كرد بە حزووری به‌ڕێز(نێچیرڤان بارزانی) كە بوارم پێ بدەن زیاتر بیری لێ‌ بكەمەوە و پرس و ڕاوێژ لەگەڵ هەر دوو ڕێزدار (سەرۆك بارزانی) و (نێچیرڤان بارزانی)ـدا بكەم، ئەوە بوو کاک(نێچیرڤان) و مەكتەبی سیاسی ئەو داوایەی منیان پەسەند كرد.

وەك لای هەمووان ڕوون و ئاشكرایە ڕێككەوتنێكی ستراتیژی لە نێوان پارتی و یەكێتیدا هەیە كە هەر دوو ساڵ جارێك سەرۆك و جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكوومەت ئاڵوگۆڕی پێ دەكرێ، ئەوەی كردمان ئیلتیزامكردن بوو بەو ڕێككەوتنە، هەروەها بە دنیامان ڕاگەیاند كە كورد دەتوانێ بە ڕێگەی ئاشتی و دوور لە توندوتیژی واز لە پۆست بێنێ و ئاڵوگۆڕی تێدا بكات، منیش بیرم كردەوە كە دەبێ هاوڕێ و كەسێكی دیكە ڕێگەی بۆ خۆش بكرێ، ئەوانیش بێنە پێشەوە و پۆستێكی دیكە وەربگرن نەك ئێمە هەر لەو پۆستەدا بمێنین و ڕێگە بە كەسێكی دیكە نەدەین و خەڵكیش با بزانێ ئێمە شەیدای پۆست نین.

* واتە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و كاك (نێچیرڤان) و مەكتەبی سیاسی پێیان باش بوو ئێوە لەو پۆستەدا بمێننەوە؟
- بەڵێ، ئەو بابەتەیان بۆ ئێمە بە جێ هێشت، منیش گوتم ئەگەر فەرمانی ئێوە ئەوە بێ لەو پۆستەدا بمێنم، ئەوا ئامادەم جێبەجێی بكەم، بەڵام خۆم پێم باش بوو كەسێكی دیكە لە شوێنی من دابنرێ، ئەوانیش لە كۆتاییدا ڕێزیان لە بڕیاری من گرت.

* یەكێتی زوو پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی یەكلا كردەوە، بەڵام پارتی زۆری دوای خست، تاوەكوو دواجار (حەسەن سوورە)ـی بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان كاندید كرد، تەنانەت ئەویش گوتی كە ئەوە بۆ من موفاجەئە بوو، بۆ ئەوەندە دوا كەوت؟

- به‌ڕێز(فازڵ میرانی) و مەكتەبی سیاسی هەر لە سەرەتاوە گوتیان تەنیا كاندیدی ئێمە بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان (د. كەمال كەركووكی)ـیە، دواكەوتنی یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتەیش لەبەر من بوو، منیش داوام لە مەكتەبی سیاسیی پارتی كرد، بە ئامادەبوونی به‌ڕێز(نێچیرڤان بارزانی) كە دەرفەتی زیاتر بە من بدەن، تاوەكوو زیاتر بیری لێ بكەمەوە، دوای ئەوەی ڕاوێژم لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) و کاک (نێچیرڤان)ـدا كرد، ڕەزامەندیی بەڕێزیانم وەرگرت ئینجا بڕیاری خۆم دا.

* بۆ لە پەرلەمان دەرچووی و وەكوو ئەندامی پەرلەمان نەمایەوە، ئایا پێت قبووڵ نەكرا كە لە سەرۆكی پەرلەمانەوە ببی بە جێگر یان ئەندامی پەرلەمان؟

- نەخێر، ئەندامی پەرلەمانیش لە سەرۆك و جێگری سەرۆكی پەرلەمان كەمتر نییە و هەموویان ڕاستەوخۆ لە لایەن خەڵكەوە هەڵبژێردراون و هەموویان پیرۆزیی خۆیان هەیە و هەموویان وەكوو یەك، یەك دەنگیان هەیە، سەرەڕای ئەو هۆكارانەی پێشتر ئاماژەم پێ دان، ئەگەری ئەوە هەیە، بەرنامەیەكی دیكەم لە پێشە و بتوانم لەوێ زیاتر خزمەت بكەم، لەبەر ئەوە بە تەواوەتی دەستم لە كاری پەرلەمان كێشایەوە، قەناعەتم هەیە ئێستا ئەو خوشك و برایانەی لە پەرلەمان كار دەكەن، كەسانی دڵسۆزن و ڕێزم بۆیان هەیە بە لایەنی ئۆپۆزیسیۆنیشەوە، بۆیە هیچ ئەسڵێك بۆ ئەوە نییە كە من پۆستی كەمتر لە سەرۆكی پەرلەمانم پێ قبووڵ نەكراوە، خۆم بە پێشمەرگەی كوردستان دەزانم و هەموو كات ئامادەی هەر كار و فیداكارییەكم كە لە بەرژەوەندیی گەل و خاكی كوردستاندا بێت.

* ئێستا كە لە پەرلەمان نەماوی هیچ پۆستێكی دیكە بە ئێوە دراوە، یاخود كار دەكەی؟

- كاتێك ئێمە بووینە پێشمەرگە بۆ پۆست و پلە و پایە خزمەتمان نەكرد، بەڵكوو بۆ ئەو گەل و خاكە خەباتمان كرد، ئەو بەڕێكردنەی بۆ من لە پەرلەمان كرا، ئەوە بۆ من سەروەتێكە قەت لە بیری ناكەم، مایەی شانازیمە، كاتێك خواحافیزیم كرد، كاریگەریی زۆر لەسەر من دروست كرد و بە هەمان شێوەی پێشوو بە هەمان توانام لە خزمەتكردنی گەلی كوردستان بەردەوام دەبم و سوپاسی یەكە یەكەی فەرمانبەر و كارمەندان و یەكەی پاسەوانی لە پۆلیس و زێرەڤانی و ئەندامانی پەرلەمان و دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.

* وازهێنان لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ ئێوە بڕیارێكی ئاسان بوو؟

- زۆر ئاسان بوو، چونكە كاتێك بوومە سەرۆكی پەرلەمان دەمزانی دوای دوو ساڵی دیكە لەو پۆستەدا نامێنم، ئەویش لەبەر جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی بوو، چونكە نابێ كە دەستەڵاتت گرتە دەست بڵێی وازی لێ ناهێنم، پۆستیش لای من زۆر گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە كارەكانم كاریگەریی ئەرێنیی بۆ گەل و خاكی كوردستان هەبێت.

* كاتێك كە سەرۆكی پەرلەمان بوویت، لایەنی ئۆپۆزسیۆن دەركەوت و ململانێیەكی توند لە نێوان ئێوە وەكوو سەرۆكی پەرلەمان و ئۆپۆزیسیۆندا هەبوو بە تایبەت لەگەڵ فڕاكسیۆنی گۆڕاندا، كە جاری وا هەبووە پەرلەمانتارانی ئەوانت دەركردووە و دەرگەت لەسەر پەرلەمانتاران داخستووە، ئێستا كە لەو پۆستە نەماوی، لەو بڕیارانە پەشیمان نیت؟

- هەرگیز پەشیمان نیم، بەڵكوو زۆر شتێكی دروست بوو، زۆربەی ئەندامانی پەرلەمان لە ئەدای كاری پەرلەمانی بە وردی شارەزا نەبوون، بۆیە هەندێ بەڕێز پێیان وا بوو كە بوونە ئەندامی پەرلەمان هەرچی بڵێن ئازادن، كاتێ‌ ڕێگە نەدەدرا ئەندامێكی پەرلەمان لە بەرنامەی كار دەربچێت، ڕێگە نەدرا میدیاكان بێنە ناو هۆڵی پەرلەمان، جگە لە میدیای تایبەت بە پەرلەمان نەبێت، ئەوەیان پێ‌ نایاسایی بوو، بە پێچەوانەوە وا نییە، بەڵكوو ئەوە ڕێگەی دروست و بەسوودی گشت پەرلەمان و گەلی كوردستان بوو، وەكوو هەر پەرلەمانێكی جیهانی دیموكراتی كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانم وەرگرت، بەدواداچوونم لە كاری پەرلەمانتاری و ڕۆڵی سەرۆكی پەرلەمان دەكرد، لە پەرلەمانەكانی دیكەی جیهانی دیموكراتی و سەردانی بەشێك لەو پەرلەمانانەم كرد و هەوڵیشم دەدا ئاستی پەرلەمانی كوردستان بگەێنمە ئەو ئاستە كە لە ئاكامی ئەزموونی دوورودرێژ بۆیان هاتووەتە كایەوە، هەندێ بەڕێزیش تەقەبووڵی ئەوەیان نەدەكرد، پێیان وابوو ئەوان لەسەر هەقن. تا ئێستایش چەند خەڵاتێكم لە دەستگە و دامەزراوە و زانكۆ پێشكەوتووەكانی جیهان وەرگرتووە، ئەویش بە هۆی ئەوەی كە توانیومە ئاستی پەرلەمانی كوردستان بە دروستی بەرەو پێش ببەم و ئەدای كاركردنمان لە زۆر ڕووەوە بگاتە ئاستی پەرلەمانەكانی جیهانی دیموكراتی.

* هەڵسوكەوتی كام لە پەرلەمانتارانی كوردستانت بە دڵ نەبوو، بە تایبەت لەگەڵ (عەبدوڵڵای مەلا نووری) لە فڕاكسیۆنی گۆڕان زۆر جار گفتوگۆی توند لە نێوانتان دروست دەبوو؟

- نامەوێ ناوی كەس بهێنم، ئەویش كوڕێكی گەنجی كوردە و ڕێزم بۆی هەیە و دڵنیام دوای چەند ساڵی دیكە زیاتر لە ئەدای ئەندامی پەرلەمان و لە ئەركی سەرۆكی پەرلەمانی بۆ ڕوون دەبێتەوە، ئینجا ئەویش بە خۆیدا دەچێتەوە.

* ئێستا ئێوە لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان نەماون، زۆر جاریش ئێوە تۆمەتبار دەكران كە بۆ بەرژەوەندیی حزبی و بە بڕیاری حزبەكەی خۆت كارت كردووە، ئێستایش دەمانەوێ بە ڕاشكاوانە بڵێی تا چەند ئەو پۆستەت بۆ بەرژەوەندیی حزبەكەت بە كار هێناوە؟

- من دەمەوێ لەسەر ئەو بابەتە بە ڕاشكاوانە قسە بكەم، كە دەچوومە لای (سەرۆك بارزانی) ئەویش هەموو ئامۆژگارییەكی بۆ من ئەوە بوو، كە دەبێ لە چوارچێوەی یاسادا كار بكەم و بە یەك چاو سەیری هەموو لایەك بكەم، تاكوو ئێستایش مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بۆ دەستێوەردان لە كاری سەرۆكی پەرلەمان، هیچ نووسراوێكی بۆ نەناردووم، كە سەرۆكی پەرلەمانیش بووم زۆر بە بێلایەنی و بە ئەمانەتەوە كارم دەكرد. فڕاكسیۆنەكان تەوجیهیان لە لایەنی سیاسیی خۆیان وەردەگرن وەك هەر پەرلەمانێكی دنیا، نەك سەرۆكی پەرلەمان و ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی.

مەسەلەی بودجەی حزبەكان بە هەموو ئەوانەی بوونەتە سەرۆكی فڕاكسیۆنی گۆڕان و سەرۆكی فڕاكسیۆنی كۆمەڵ و یەكگرتوویش، گوتوومە كە هەموویان ئێستایش شایەتحاڵن، ئێوە لە نێو خۆتان لەگەڵ لیستی زۆرینە ڕێك بكەون، ئێمە ئامادەین پڕۆژەكە بخەینە بەرنامەی كار، چونكە ئەگەر بەو شێوەی هەیەتی بودجەی حزبەكان دابنرێ ئەوا لایەنی ئۆپۆزیسیۆن زەرەر دەكەن و ناڕەزاییان دەردەبڕی، دڵسۆزیی ئێمەیش بۆ بارودۆخەكە بوو نەمویست یاسای بودجەی حزبەكان بە شێوەیەك دەربچێت كە كێشەی لەسەر دروست بێت، دەمەویست بە دەرچوونی یاسای بودجەی حزبەكان ئارامییەكی زیاتر لە كوردستاندا دروست ببێت، لایەنەكان نەكەونە دژی یەكتر و بە دەیان جاریش ئەمەم بە هەموو لایەك گوتووە، كە ڕێك نەدەكەوتن كێشەی من نەبوو، بۆیە ئەگەر پڕۆژەی بودجەی حزبەكان پێش ڕێككەوتن لەسەری لە نێوان لایەنەكاندا لە بەرنامەی كار دابنرایە، ئەوا پەسەند دەكرا و ئۆپۆزسینیش زەرەری دەكرد و دواخستنەكەیشی لە بەرژەوەندیی ئەوان بووە، هەر بۆیە منیش لە بەرنامەی كارم دانەنا و پێم وایە كارێكی دروستم ئەنجام داوە.

* دەتویست چ پڕۆژەیەك لە ماوەی كاركردنی خۆتدا بكرێ‌ و نەكرا؟

- دەمویست پڕۆژەیاسای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن پەسەند بكرێ و دواتر هەر سێ سەرۆكایەتییەكە ڕۆژێكی دیاریكراو بۆ ڕیفراندۆم لەسەر دەستوور دەستنیشان بكەن و لە ڕێگەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستانەوە ئەو ڕیفراندۆمە ئەنجام درابایە و كوردستانیش دەبووە خاوەنی دەستووری خۆی. نەبوونی ئەو یاسایەیش لەبەر زرووفێكی سیاسیی نەخوازراو بوو كە لە كوردستاندا دروستبوو.

* پارتی حكوومەتی داهاتوو وەردەگرێ و (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی ئەو حكوومەتەیە، پلان و بەرنامەی چییە؟

- ئەو پرسیارە باشترە ئاڕاستەی هەردوو ڕێزدار (كاك نێچیرڤان بارزانی) و (كاك عیماد ئەحمەد) بكرێ‌، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەوەی من دەیزانم ئەم كابینەیە (كابینەی حەوتەم) دەبێتە كابینەی چینی هەژار و كەمداهاتەكان.

* لە دوای ڕووداوەكانی بادینان، پێوەندیی نێوان پارتی و یەكگرتوو نەماوە، بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا چی بكرێت؟

- نیەتی باش هەن و هەوڵدانیش لە ئارادایە بۆ چاككردنەوەی ئەو نیگەرانی و ساردییەی كە هەیە، لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستانیشە لایەنەكان لەنێو خۆیان تەبا بن و ڕێگەچارە بۆ ناكۆكی و نیگەرانییەكان بدۆزنەوە.

* ماوەی 9 ساڵە مەسەلەی كەركووك و ماددەی 140 جێبەجێ نەكراوە و كوردیش چەندین جار هەڕەشەی كردووە كە دەبێ ئەو ماددەیە جێبەجێ بكرێ، كەچی تاوەكوو ئێستا وەكوو خۆیەتی، بە دیدی ئێوە دەبێ لە ماوەی داهاتوودا كورد سەبارەت بە كەركووك و ماددەی 140 چی بكات؟

- بارودۆخی عیراق زۆر ئاڵۆزە و كوردیش پێویستە بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 جیددیتر كار بكات و بۆ هیچ ئیعتیبارێك هیچ نەرمییەك پێشان نەدات.

* كەركووك چۆن دەگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، ئایا ئەگەری شەڕ لە پێش كوردە بۆ گەڕانەوەی كەركووك؟

- كەركووك، پارچەیەكی داگیركراوە و لە كوردستان دابڕاوە، لە رابردوو لە سەردەمی ڕژێمی دیكتاتۆر و زوڵم و جەوریی زۆر بە خاك و خەڵكی كەركووك كرا، بۆیە دەبێت سنووری دیموگرافیی كەركووك وەك جارانی لێ‌ بكرێتەوە و سەرژمێری بكرێت و ماددەی 140 جێبەجێ‌ بكرێ‌ و بە ڕیفراندۆم یەكلا بكرێتەوە، ئەگەر نا جەماوەری كەركووك و كوردستان دەتوانن بە شێوەیەكی ئاشتی و دوور لە توندوتیژی بیگەڕێننەوە، وەك چۆن (غاندی) هیندستانی ئازاد كرد."
Top