عەبدولحەكیم بەشار: بەم زووانە لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریادا كۆ دەبینەوە

عەبدولحەكیم بەشار: بەم زووانە لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریادا كۆ دەبینەوە
سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا، ئاشكرای دەكات كە بەم زووانە لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریادا كۆبوونەوەیەك بۆ پێوەندیكردن پێیانەوە، ساز دەكەن.

سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا (عەبدولحەكیم بەشار) لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی \"هەولێر\"" گوتی كە بە مەبەستی چوونەنێو ئەنجوومەنەكەی كوردەوە، بەم زووانە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بەرپرسان و ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریای بەرهەڵستكاردا ساز دەكەن.

ئەو دەڵێت: \""وا بڕیارە بەم زووانە، ئێمە لە كۆنگرەی نیشتمانیی كوردی سووریا، كۆبوونەوەیەك لەگەڵ كۆنگرەی نیشتمانیی سووریادا ئەنجام بدەین بە مەبەستی چوونەنێو ئەو ئەنجوومەنە یان نا.\""

(بەشار) كە هاوكات سكرتێری پارتیی دیموكراتی كوردیی سووریا (پارتی)ـیە، لە درێژەی قسەكانیدا گوتیشی: \""ئێمە وەكوو كورد و ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردانی سووریا لەسەر زۆرینەی خاڵەكان لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریادا كۆكین و جیاوازییەكی زۆرمان لەگەڵیاندا نییە، بەڵام چەند خاڵێكی كەم هەن كە بۆ ئێمە جەوهەرین و دەبێت ڕێككەوتنیان لەسەر هەبێت و ئەوان پێی قایل بن، ئینجا ئامادەین پێوەندی بەو كۆنگرەیەوە بكەین.\""

لە بارەی مەرجەكانی ئەنجوومەنەكەیشیانەوە، گوتی: \""ئێمە مەرجمان ئەوەیە ددان بە مافی دیاریكردنی چارەنووسی كورد لە سووریادا بنرێت.\""

سەبارەت بە ڕووخانی ڕژێمەكەی (بەشار ئەسەد)ـی سەرۆكی سووریایشەوە، ڕوونی كردەوە: \""ئەو ڕژێمە هەموو پاڵپشتییەكی عەرەبی و نێودەوڵەتیی لە دەست داوە و ڕووخانیشی مەسەلەی كاتە، ئەگەر نا ئەو ڕژێمە تەواو بووە.\"""
Top