هه‌ولێر .. به ئاماده‌بوونى سه‌رۆك بارزانی رێوره‌سمی یادكردنه‌وه‌ى (66)ساڵه‌ى دامه‌زراندنى كۆمارى كوردستان له مه‌هاباد به‌رێوه‌چو
ئه‌م رێوره‌سمه به ئاماده‌بوونى به‌رێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و دكتۆر به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌یه‌ك له كه‌سایه‌تى سیاسى و رۆشنبیرى هه‌رچوار پارچه‌ى كوردستان به‌رێوه‌چو و تیایدا سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان وته‌یه‌كى پێشكه‌ش كرد و تیشكى خسته‌سه‌ر مێژووى كۆمارى كوردستان و ئه‌و دهستكهوتانهى بهرزخاند كه كۆمارى كوردستان به رێبه‌رایه‌تى پێشه‌وا قازى محه‌مه‌د به‌ده‌ستهاتوون و راشگه‌یاند هه‌رچه‌ند ته‌مه‌نى ئه‌م كۆماره كه‌م بوو به‌ڵام تا كورد ده‌مێنێت له لاى هه‌موو كورد هه‌ر ده‌مێنێت.
ته‌ئكیدى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه كه پێویسته كورد له هه‌موو پارچه‌كانى كوردستان به رێگه‌ى ئاشتى و دیالۆگ كێشه‌كانى چاره‌سه‌ر بكات و مافه‌كانى خۆى به‌ده‌ستبهێنت. راشگه‌یاند ئێمه‌ى كورد یه‌ك نه‌ته‌وه‌ین و به‌ڵام ئه‌م سنوره ده‌ستكرده له‌یه‌كترى جیاى كردینه‌وه و له هه‌ر پارچه‌یه‌كیش پێویسته به گوێره‌ى بارهدۆخى ئه‌و به‌شه هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ل كێشه‌ى كورد بكرێت. هه‌روه‌ها تیشكى خسته سه‌ر په‌یوه‌ندى توندى تۆلى نێوان پێشه‌وا قازى محه‌مه‌د و بارزانیى نه‌مر و رایگه‌یاند كه بارزانى خۆى به سه‌ربازێك بۆ به‌رگریكردن له كۆمارى كوردستان دانابوو و قازى محه‌مه‌دییش وه‌ك پێشه‌وا بووه و هه‌ر پێشه‌وامانه و له كاتى دادگایكردنى قازى محه‌مه‌دیش، جه‌نابى پێشه‌وا به دادوهرهكهى راگه‌یاندووه ئه‌و ئالایهى كه تۆ لێ ده‌ترسێت له ده‌ستێكى ئه‌مین دایه.
دواتر وتارى به‌ڕێز جه‌لال تاڵه‌بانى سه‌رۆك كۆمارى عێراق له لایه‌ن نه‌وزاد هادى پێشكه‌ش كرا. هه‌ر له رێوره‌سمه‌كه‌دا دكتۆر به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وتارێكى پێشكه‌ش كرد و تیشكى خسته سه‌ر گرینگى ئه‌و كۆماره و ئه‌و دهستكهوتانهى كه كۆمارى كوردستان له مهاباد به‌ده‌ستى هێناوه.
پاشان سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكى پارتى ئاشتى و دیموكراسى و ئه‌ندامى په‌رله‌مانى توركیا وته‌یه‌كى پێشكه‌ش كرد و هه‌روه‌ها عه‌بدولحه‌كیم یه‌شار وتارى ئه‌نجوومه‌نى نیشتیمانى كوردى له سووریا پێشكه‌ش كرد .
پاشان حه‌سه‌ن شه‌ره‌فى وتارى حزبى دیمو‌كراتى كوردستانى ئێرانى پێشكه‌ش كرد. هه‌روه‌ها وتارى حزبى دیمو‌كراتى كوردستان له لایه‌ن خالید عه‌زیزى پێشكه‌ش كرا. پاشان حوسێن یه‌زدان په‌ناه وتارى پارتى ئازادى كوردستانى پێشكه‌ش كرد . پاشان عه‌لى قازى كوڕى پێشه‌وا قازى محه‌مه‌د وتارێكى پێشكه‌ش كرد .
له‌و وتارانه‌دا ئاماژه به كۆمارى كوردستان و گرنگى و ده‌ستكه‌وته‌كانى ئه‌و كۆمار كرد و هه‌روه‌ها جه‌خت له پته‌وكردنى په‌یوه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یى و یه‌كڕیزى و یه‌ك خه‌باتى كورد كرایه‌وه .
KTV ...
