پیشانگای کتێبی هه‌رێمی کوردستان له‌سنه ده‌كرێته‌وه
قوباد مه‌یمه‌نه‌ت ئابادی به‌ڕێوبه‌ری گشتی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی ئیسلامی پارێزگای کوردستان (سنه) رایگه‌یاند: له‌م پیشانگه‌یه‌دا زیاتر له ٢٥٠٠ ناونیشانی جۆراو جۆری کتێب له‌بواره‌کانی ئه‌ده‌ب، مێژوو، سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی نمایش ده‌کرێت و مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیش له‌کردنه‌وه‌ی ئه‌م پیشانگایه گه‌شه‌پێدانی ئاستی هاوکاری و په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستانه‌و ده‌رفه‌تێکیشه بۆ گه‌شه‌ی لایه‌نه هاوبه‌شه کلتورییه‌کانی نێوان کوردستان ئێران و هه‌رێمی کوردستان.
هه‌روه‌ها نامیق هه‌ورامی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری هه‌رێمی کوردستان پێی رایگه‌یاندین: له‌م پیشانگایه‌دا نوێترین به‌رهه‌مه‌کانی چاپکراو له‌لایه‌ن نۆ ده‌زگای چاپ و په‌خشی هه‌رێمی کوردستان له‌وانه سه‌رده‌م، ئاراس، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری، خانه‌ی وه‌رگێڕان، موکریان، رامان، ئه‌کادیمیای کوردی و ... نمایش کراون و زیاتر له ٢٥٠٠ ناونیشان کتێب له‌گه‌ڵ زیاتر له ٢٥ هه‌زار کتێب‌دا هێنراوه‌ته سنه‌و پێشوازی له‌م پیشانگه‌یه‌ش به‌ڕاده‌یه‌ک بووه که زۆرێك له کتێبه‌کان له رۆژی یه‌که‌می پیشانگاکه‌دا هه‌موو ژماره‌کانیان فرۆشراون.
هه‌ورامی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م پیشانگایه‌ی به‌هه‌نگاوێکی گرنگی فه‌رهه‌نگی ناوبرد‌و رایگه‌یاند: هیوادارین ئه‌م جۆره چالاکییه فه‌رهه‌نگیانه له‌نێوان ئێمه‌و ئێران‌دا به‌رده‌وام بێت و پیشانگای له‌م جۆره‌ش له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه له‌هه‌رێمی کوردستان به‌ڕێوه بچێت.
ئه‌وه‌ی له‌م پیشانگایه‌دا سه‌رنجی هه‌موانی راکێشاوه به‌شداری و پێشوازی ژماره‌یه‌کی زۆری خه‌ڵکه له هه‌موو شاره‌کانی کوردستانی ئێرانه‌وه، به‌وته‌ی کارناسانی فه‌رهه‌نگی سنه، که‌مترین پیشانگایه‌ک له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ئه‌وه‌نده پێشوازی لێکراوه‌و ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی راده‌ی زۆری پێویستی به‌ڕێوه‌چوونی وه‌ها پیشانگایه‌که که چاوه‌ڕوان ده‌کرێت زیاتر له جاران گرنگی پێبدرێت.
