یەكگرتوو: لەگەڵ ئەوە نین یادكردنەوەی 17 شوبات بە خۆپێشاندان بێ

یەكگرتوو: لەگەڵ ئەوە نین یادكردنەوەی 17 شوبات بە خۆپێشاندان بێ
سەڵاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە پەیامێكدا بۆچوونی خۆی لە بارەی رووداوەكانی 17ی شوبات/فێبرایەری ساڵی رابردوو دەخاتە ڕٍوو، دووپاتی دەكاتەوە، ئەم حاڵەتەی ئەمڕۆی كوردستان \"نا و نەخێری\"" دەوێ، بەڵام پێی باش نییە یادكردنەوەی 17 شوبات بە خۆپێشاندان بێ.


ئێستە بەهۆى هاتنى وادەی 17 شوبات/فێبرایەر یەكەم ساڵوەگەڕی دەست پێكردنی خۆپێشاندانەكانی ساڵی رابردوو لە سلێمانی و ناوچەكانی تر، دەنگۆی سەرهەڵدانەوەی خۆپێشاندان دروست بووە و لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك چەند گرووپێك بەڵێنى دەست پێكردنەوەی خۆپێشاندانیان ڕاگەیاندووە.

بەو هۆیەوە لە سلێمانى تاڕادەیەك دۆخێكى نائاسایى سەرى هەڵداوە و ژمارەیەكى زیاترى هێزەكانى تەناهیى لەسەر شەقامەكان دەبینرێن.

سەڵاحەدین محەمەد بەهادین لەو پەیامەدا كە وێنەیەكی دەست (ئاكانیوز) كەوتووە، 17ی شوبات بە رۆژێكی ناو دەبات و دەڵێ \""سەرەتای سەردەمێكی چالاكیی جەماوەری بوو لە بەرگی مومارەسەی مافی خۆپێشاندان و دەرخەری ئاستی هۆشیاری هاووڵاتییان و كاریگەریی توانی گەنجان بوو\"".

ئاماژەی دا \""دەبێ بزانین گیانی شوبات و ئازار و نیسانی ٢٠١١ و پاڵنەر و هۆكار و دەستكەوت و دەرهاوێشتەكانی بەردەوام بوونیان هەیە و حاڵەتێكی زیندوون، شەقامی كوردستان لە 17 شوبات لە هەموو حاڵەتەكاندا و بە هەموو كەموكوڕی و خۆشی و ناخۆشییەكانەوە دەنگێكی رەسەنی بێ رتووشی هاووڵاتی سادەی كوردستانی بوو بۆ داوای چاكسازی و راستكردنەوە و بەخۆداچوونەوە و گەڕانەوە بۆ ئامانجە سەرەكییەكانی شۆڕشی رزگاری خوازی گەلی كوردستان كە لە سەرووی هەموویانەوە كەرامەتی مرۆڤی كورد بوو\"".

\""بەڵێ ئەم حاڵەتەی ئەمڕۆی كوردستان \""نا و نەخێری\"" دەوێ، نەك بۆ راماڵین و رووخاندن و سەرنگومكردن و كوشتوبڕ و قڕكردن، بەڵكو بۆ راستكردنەوە و چاككردن و دژایەتیی گەندەڵی و هەڵكێشانی رەگەزەكانی دەغەڵی و دەمارەكانی گەندەڵی، هەموو چین و توێژەكان دەبنە بەشێكی زیندوو كارا لە پرۆسەی چاكسازی و راستكردنەوە و رێكخستنەوە، ئێمە وا دەزانین زیندوو راگرتنی شوبات و ئازاری ٢٠١١ تەنیا بە ئەنجامدانی خۆپیشاندان و گردبوونەوەی جەماوەری نابێ، ئێمە لە هەلومەرج و بارودۆخی ئێستەی هەرێم و عێراق و ناوچەكەدا لەگەڵ ئەوە نین ئەمساڵ یادكردنەوە بەشێوەی خۆپیشاندان بێ\"" بەهادین گوتی."
Top