ئاژانسی پاراستن هەوالێکی رۆژنامەی هاولاتی بە درۆ دەخاتەوە

ئاژانسی پاراستن هەوالێکی رۆژنامەی هاولاتی بە درۆ دەخاتەوە
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی رۆژنامەی هاوڵاتی بۆ ناشرینکردنی دامودەستگاکانی هەرێمی کوردستان ، هەواڵێکی چەواشەکارانەی لە لاپەرەی یەکەمی ژمارە ٨٠٨ ی رۆژی ١٢/٢/٢٠١٢دا بڵاوکردۆتەوە.

ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەرلەبەری هەواڵەکە بە درۆیەکی شاخداری دروستکراوی هاوڵاتی دەزانێت و ئەم کردارە بە دوور لە رەوشت و بنەماکانی پیشەی ر...ۆژنامەوانیی بەرپرسیار و ئازادی دەزانێت .

(موسا یونس عەبدوللا) ئەو هاوڵاتییەی کە کوژراوە و تەنانەت رۆژنامەی ناوبراو ناوەکەشی نەزانیوە، هاولاتیەکی سیڤیلی ئەم هەرێمە بووە. هەرچەند پەکەکە رەتی دەکاتەوە کە دەستیان لە کوشتنیدا هەبووە، بەلام شێوازی کوژرانی گوماناوییە و وەزارەتی ناوخۆش لە بەیاننامەیەکدا بەڵێنی لێکۆلینەوەی لە سەر ئەم کەیسە داوە. رۆژنامەکە وا باس دەکات کە لەگەل کەسوکاری کەسەکە قسەیان کردووە لە کاتێکدا کە ناوی کەسەکەشیان بە هەلە تۆمار کردووە کوژراوەکەیان بە یوسف حەسەن ناو بردووە. ئایا ئەگەر زانیارییان لە کەسوکاری کوژراوەکە وەرگرتووە ناوی دروستی کەسەکەشیان دەست نەدەکەوت؟ لە هەمان کاتیشدا وایان نووسیوە کە ئەم کەسە کادری ئاژانسی پاراستن بووە، سەرچاوەی ئەم زانیاریەشیان گوایە کەسوکاری ئەو کەسە بووە کە ناوی نازانن.

هاولاتی موسا یونس کادری ئاژانس نەبووە و ئەم چەواشەکاریەی رۆژنامەی هاولاتیش تەنیا بۆ ناوزڕاندن بوووە. لە لایەکی دیکەشەوە دوور لە هەر خوو و رەوشتێکی مرۆڤانە، بە بەتەمومژاوی کردنی کەیسەکەیان غەدر لە قوربانیانی کارەساتی روبوسکێ دەکەن. دەبێت بپرسین کە ئەمانە دەخوازن بەم هەولانە خزمەتی کێ بکەن؟ لە لایەکی دیکەشەوە ئەو کەسەی کوژراوە هاولاتیەکی ئەم هەریمە بووە دەبوایە رۆژنامەی ناوبراو بەدواداچوون بۆ کەیسەکەی بکەن کە کەسێکی سیڤیل و بێدەسەلات بووە و بە شێوەیەکی نارەوا کوژراوە.

ئاژانسی پاراستن دەستگایەکی یاسایی هەرێمی کوردستانە و هی حزبێکی دیاریکراو نیە. بەڵام دیارە هاولاتی رێز بۆ یاساکانی هەرێم دانانێت و دان بە شەرعیەتی ئەو پەرلەمانە دانانێت کە ئەم یاسایەی تیادا پەسند کراوە، هەر بۆیەشە سەیر نیە کە هەوالی هەلبەستراو وچەواشەکارانەش دوور لە هەر یاسا و رێسایەک بڵاو دەکەنەوە.

وێرای ناوزڕاندی ئاژانس، هاولاتی هەول دەدات پاساو بۆ بکوژانی قوربانیانی روبوسکێ بهێنتەوە، وەکو پیشەی هەمیشەییان هەر کورد تاوانبار دەکەنەوە ولە لایەکی دیکەشەوە پاساو بۆ تاوانی کوشتنی هاولاتیەکی هەرێمی کوردستان دەهێننەوە، ئەم هەرایەشیان هەمووی بۆ ناوزڕاندنی پاراستن بووە، لە کاتێکدا کە نە رۆژنامەی تەرەفی تورکی و نە پەکەکەش بە هیچ جۆرێ ناوی پاراستنیان لە پەیوەست بەم ڕووداوە نەهیناوە، کەواتە دەپرسین ئایا کێ سوودمەندە لەم بوختان و درۆهەلبەستنانە؟

داوا لە سەندیکای رۆژنامەنووسان دەکەین کە هەڵوێستی بەرامبەر بەم پێشێلکاری و چەواشەکارییانەی رۆژنامەی هاولاتی هەبێت تاکو چیتر بنەما و رێساکانی پیشەی رۆژنامەوانی بەمجۆرە پێشێل نەکەن.

ئاژانسی پاراستن لە سەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی گەل ونیشتمان و بە پێی یاساکانی هەرێم کار دەکات و لە هەر دۆخێکدا لە پاراستنی ئاسایشی هەرێم وسەروماڵی هاولاتیانی بەردەوام دەبێت و باشترین پاڵپشتیشمان متمانەی هاولاتیان بووە وئەم هەولە نەزۆکانەش نیشانەی کارابوونی ئەم ئاژانسەیە و پەنا بە خوا و بە پاڵپشتی هاولاتیانیش لەم ئەرکە پیرۆزەمان سڵ ناکەینەوە.

ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

١٤/٢/٢٠١٢
Top