كۆبوونەوەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بەرێوەچوو

كۆبوونەوەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بەرێوەچوو
دوای ماوەیەك راوەستان، ئەمرۆ كۆبوونەوە پێنج قۆڵیەكانی نێوان هەردوو لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دەستیان پێكردەوە.

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا كە لەشاری هەولێر لە كتێبخانەی زەیتوون بەرێوەچوو، عەلی حوسێن ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئاسۆ مامه‌ند ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و سەلاح مەزن سەركردە لەناو بزووتنەوەی گۆران و عەلی ئەحمەد ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و حاجی هێمن بەرپرسی پەیەوەندییەكانی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان ئامادەبوون.

لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا راپۆرتی گەڵاڵه‌كراوی هەوڵەكانی یەكخستنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان حزبە كوردستانییەكان بەناوی (راپۆرتی لیژنەی یەكخستنەوەی ماڵی كورد) خرایە روو كە تیایدا هاتووە \"رۆژی دوو شـەممـە بـەرواری 2/1/2012 رێكخراوی ئاسۆی مەدەنیەت بە مەبەستی گفتۆكردن لەبارەی بارودۆخی كوردستان و عێراق و ناوچەكە، بانگهێشتی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ناوەندە رۆشنبیریەكان و كەسایەتیەكانی شاری هەولێری كرد. بۆ ئەم مەبەستەش كەمپینێك بە بەشداریی كۆمەڵێك چالاكوانی مەدەنی و رۆشنبیر بەناوی (لیژنەی یەكخستنەوەی ماڵی كوردستان) بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەك چالاكی درووستكرا.

لە راپۆرتەكەی كەمپینی یەكخستنەوەی ماڵی كوردا، ئاماژە بە دانیشتن لەگەڵ عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی، سەلاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی، عومەری سەید عەلی و كوردۆ قاسم و ئارام شێخ محمەد سەركردە لەناو بزووتنەوەی گۆران. قادر حەمەجان ئەندامی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، دانیشتن لەگەڵ فازڵ میرانی ـ سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی و جەعفەر ئیمینكی و رەمزی شەعبان ـ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان کراوه‌ و دوای دانیشتنەكان ئەم راپۆرتەی لێهاتووەتە بەرهەم و ئەو خاڵانەش پێشنیار دەكات:

1- بارودۆخی گەلی كورد لە ناوچەكەدا و ئەو گۆڕانكاریانەی لە جیهان و ناوچەكە و عێراقیش روودەدات پێویستی بە یەكهەڵوێستی و یەكڕیزی هەموو لایەك هەیە، بەبێ رەچاوكردنی ناكۆكییە حزبییە تەسكەكان. بۆیە هەر كێشە و ناكۆكیەكی ناوخۆییمان لە ئێستا زەرەرێكی گەورە بە دۆزە رەواكەمان دەدات، لە ئاستی دەرەكی و ناوخۆییدا.

2- هیچ رێگرییەكی واقیعی لەبەردەم كۆبوونەوەی پێنج قۆڵیدا نابینین، بۆیە بە پێویستی دەزانین زەمینەسازییەكی جدی بكرێت بۆ سازكردنی ئەم کۆبوونه‌وه‌یه‌.

3- پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەستبەجێ هەوڵی یەكلایی كردنەوەی كێشەكانی نێوانیان بدەن .

4- ئەنجومەنی باڵای پارتە سیاسیەكانی كوردستان لە سەرجەم حزبە سیاسیەكانی كوردستان دروست بكرێت.

دوای خوێندنەوەی ئەو راپۆرتە نوێنەری حزب و لایەنە سیاسیەكان لە كۆبوونەوەدا گفتوگۆیان لەسەر رەوشی ئەمرۆی كوردستان و ئەو واقیعەی هاتووەتە‌پێش ئەنجامدا.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەش هەموو لایەك كۆكبوون لەسەر ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی هەمان ئەو حزبانەی كە ئەمرۆ بەشدارییان لەو كۆبوونەوەیە كردووە، بەڵام كۆبوونەوەكە لەسەر ئاستی كەسە یەكەمەكانی حزبەكان بێت."
Top