فازڵ میرانی بۆ گوڵان: دەبێ كابینەی حەوتەم پرۆژەیەكی نیشتیمانی هەبێت

فازڵ میرانی بۆ گوڵان: دەبێ كابینەی حەوتەم پرۆژەیەكی نیشتیمانی هەبێت
سكرتێری مەكتەبی سیاسی: كەس كچی خۆی قوربانی كوڕی خەڵك ناكات، لە رووداوەكانی 17ی شوبات ، من وتم ئەوەی دەستمان بۆ درێژ بكاتەوە، دەستی دەبڕین، نەموتووە دەچینە ناو ماڵی خەڵك و دەستی خەڵك دەبڕین، نەموتووە دەچینە لەسەر شەقام ڕادەوەستین و ئەوەی هەڵمەت ببات دەستی دەبڕین


لەدیمانەیەكی تایبەتیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی رایگەیاند: دەبێت كابینەی حەوتەم پرۆژەیەكی نیشتمانی هەبێت، ئەولەویەتی ئەو پڕۆژەیەش ئاشتبوونەوەی گشتی و چاكسازی و وەڵامدانەوەی خواست و گلەیی خەڵك دەبێت.


فازڵ میرانی دەڵێ: لە 17ی شوبات كە پیلانڕێژی دانرابوو بۆ پەلاماردانی لقی چوار، من وتم ئەوەی دەستمان بۆ درێژ بكاتەوە، دەستی دەبڕین، نەموتووە دەچینە ناو ماڵی خەڵك و دەستی خەڵك دەبڕین، نەموتووە دەچینە لەسەر شەقام ڕادەوەستین و ئەوەی هەڵمەت ببات دەستی دەبڕین، وتم ئەوەی دەستمان بۆ درێژدەكاتەوە، نەك ئەوەی مەرحەبایم لێ بكات و دەستی ببڕم نا، بەڵكو ئەوەی شەقێكم تێهەڵدا یان گوللەم ئاڕاستە دەكات، كەس كچی خۆی قوربانی كوڕی خەڵك ناكات، ئەمە لە لایەكەوە لە لایەنێكی ترەوە بەرگری لە خۆكردن مافێكی ئیلاهییە، لە یاساكانی ئاسمانی و یاساكانی سەر زەمینیشدا بەرگری لە خۆكردن مافێكی سروشتییانەیە، تۆ لە ماڵی خۆت دانیشتوویت، وەك لە ئیسلامیشدا هاتووە و دەڵێت ئەوەی لەسەر ماڵ و موڵك و نامووس و دینی خۆی بكوژرێت شەهیدە، ئەفزەڵیەت دراوەتە خاوەن ماڵ، بەرگری لە خۆی بكات، تۆ بەرگری لەم شتانە بكە، گەر كوژرایت تۆ شەهیدیت، بەڵا لە خۆت دوور بخەوە، ئەگەر هەر لێت نەبۆوە، خۆت بەقوربانی ئەو شتانە بكە كە خودا فەرمانی پێ كردووە، نازانم بۆ ئەمە بەو شێوەیەو بەم تێگەیشتنە تەفسیر ناكەنەوە، دەڵێن بكوژانی 17ی شوبات (الشيء بالشيء یذكر)، ماكینەیەكی مەبەستداری ڕاگەیاندیان بۆ ئەمە دروست كرد، تەنیا ئەو كوڕە كە لەوێدا شەهید بووە، ئەگەر تەنیا شەهید ئەوە بێت كە لەبەردەرگای لقی چوار شەهید بووبێت ئەمە وایە، بەڵام ئەی ئەو مفەوەزەمان كە لە هەڵەبجە شەهید بووە یان ئەوەی لە كەلار شەهید بووە، ئەو ئەندامانەمان كە لە شوێنەكانی تر شەهید كراون، ئەی بە پێی وتەی وەزیری پێشمەرگە بێت ئەو دەیان سەربازو ئاسایشانەی كە چاویان لەدەست داوەو بوونەتە نابیناو كەمئەندام كراون، باشە ئەمانە كوڕی خەڵكی نین، بۆچی ئەمانە كەسێك نابێت بەرگرییان لێ بكات، بەلای ئەوانەوە ئەمانە قەینا هەرچییان لێ هاتووەو با لێیان بێت، تەنیا ئەوەی بەردەرگای لق باس دەكرێت، لیژنەی لێكۆڵینەوە كە چوو بوو، سێسەدو قسوور قەوانی فیشەكیان لەبەر دەرگای لق دۆزیبۆوە، لە دەرەوەی بارەگای لق، باشە، هەردەڵێن تەنیا هیوا ئەحمەد مستەفا تەقەی كردووەو ئەویش ڕێژوانی كوشتووە، ئەمە مەرامی سیاسەتەو مەسەلەی جینائییەت نییە، بەڵام كەسێك ناڵێت ئەرێ ئەم خەڵكە كە هاتن لە كوێوە تەقەیان لێ كرا، لەبەردەرگای ماڵی خۆیان بوون یان لە ناو بازاڕەوە یان لە باخەكەی پشتەوە یان لە ناو ئۆتێل، كەسێك ناڵێت، ئەرێ ئەمانە بۆ چوونە سەر لقی چوار، كەسێك ئەمە نادركێنێت چونكە دادپەروەری لەم مەسەلەیەدا نییە و ئەم مەسەلەیە بەسیاسی كراوە و جینائی نییە، پارتە سیاسییەكان هەمووان ئەوە دەزانن گەر مەبەستیان بێت جاری وا هەیە دەزانن چۆن كەسێك لە پارتێكی تردا بكەنە ئامانج و دەشیكەن، ئەو ڕۆژەی كوردایەتیمان ناسی و پارتی و سەرۆك بارزانیمان هەڵبژارد ئەو ڕۆژە نەماندەزانی دەبینە سەركردە یان لە ژیان دەمێنینەوە، بەڵام بە ئەكیدی دەمانزانی كە دەبینە ئارمانجی دوژمنانی كوردستان، هەروەها زۆر شت هەیە لە ڕۆژنامەكانەوە لە دەرهەق من دەووترێت، سەبارەت بە جووتیارەكانی شارەزوور، من دەزانم ئەو هەڵایە خودی جوتیارەكانی شارەزور نین، خۆ دەكرێت بڵێم جووتیاری زاخۆ، تەفسیرەكەی من وا نییە بڵێم ئەوانە نەزانن، ئەوەتا دوو سێ ئەندامی سەركردایەتیمان لە كوڕە جووتیارانی شارەزوورن، خۆشم كوڕە جووتیارێكم، بەڵام ئەوەی لە نزیكتری سلێمانییە دەزانێت چی لە سلێمانی هەیە، دەزانم جووتیارانی شارەزوور كۆنەبوونەتەوە تا بیرخەرەوەیەك بدەن بڵێن فازڵ میرانی داوای لێبووردنمان لێ نەكات فایلەكانی 2005و ئەنجوومەنەكانی جووتیاران هەڵدەدەینەوە، ئەگەر لەسەر ئەوە بێت دنیاش خراپ بێت، پۆزش ناهێنمەوە، بەڵام من بێ منەتم، ئەوانەی هانیان دەدەن بێ منەتم لێیان با فایلەكانی جەمعیاتی 2005 دەربێنن، لە زاخۆ تا خانەقین، من بێ منەتیان دەكەم، ئەگەر یەك تایەی تراكتۆر، ئەگەر یەك عارەبانە، ئەگەر یەك تەن تۆو ئەگەر یەك كەوچك پەین لە جەمعیاتی جووتیارانم وەرگرتبێت، ئەوسا لە خانەقین تا زاخۆ پۆزش بۆ هەموو جووتیارانی كوردستان دێنمەوە، بەڵام بەلای كەسێكی ناپاكەوە وا نیشان دەدرێت كە هەموو كەسێك ناپاكە، ئەگەر شانازی بە هیچی خۆمان نەكەین بە فایلی خۆمان شانازی دەكەین چونكو ئەسڵەن فایلمان نییە، لەبەر ئەوە لای من گرنگە دڵی خەڵك ڕابگرین، بەڵام هەر وەختێك گەیشتمە ئەوەی پێ لە بەرژەوەندی نەتەوایەتی و نیشتمانیەكانی پارتی بنێم، لە پێناوی ڕەزامەندی هەندێك خەڵك، ئەوە دەرگای خیانەتە لە پارتی و ڕێبازی خۆم، لەبەر ئەوە لە ڕێبازی خۆم خیانەت ناكەم، خیانەتیش بە هەموو شێوەكانیەوە لە فەرهەنگی مندا نییە..



درێژەی ئەم دیمانەیەی گوڵان لەگەڵ سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستا لە ژمارە 866 دەخوێننەوە.
Top