به‌یاننامه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ بیره‌وه‌رى بیست و پێنچ ساڵه‌ى ماڵئاوایی شه‌هیدى زیندوو كاك ئیدریس بارزانى

به‌یاننامه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ بیره‌وه‌رى بیست و پێنچ ساڵه‌ى ماڵئاوایی شه‌هیدى زیندوو كاك ئیدریس بارزانى
یاد و بیره‌وه‌رى بیست و پێنچ ساڵه‌ى ماڵئاوایی شه‌هیدى زیندوو كاك ئیدریس بارزانى سیمبولى ئاشتبونه‌وه‌و یه‌كخستنه‌وه‌ى ناوماڵى كورد، به‌رز راگرتنى یادى یه‌كێکە له‌و سه‌ركرده‌ بیرمه‌ند و دوور بینانه‌ى گه‌لى كوردستانه‌ كه‌ له‌سه‌ده‌ى بیسته‌م دا كۆڵنه‌ده‌رانه‌ خه‌باتی کرد و بێوچان هەوڵیدا لە پێناوی وەدیهێنانی خەون وهیواو ئاوات و مافەڕەواکانی گەلی کورد و پتەوکردنی گیانی یەکڕیزی و تەبایی و برایەتی لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستاندا و نەهێشتنی دووبەرەکی لە نێوان پێكهاته‌كانیدا. ئەم بەڕێزە سەرەنجام هەرلەم پێناوەدا گیانی پاکی خۆى بەخشی و لە تەمەنێکی کەمدا گیانی سپارد وەک ئەستێرەیەکی پڕشنگداری درەوشاوە لە ئاسمانی کوردستان و پاکی و سەربەرزیدا ناوی چووە مێژووی سەرکردە ناودارەکانی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردەوە.

ئیدریس بارزانى لە سەرەتای ژیانی و هەرلە تافی لاوەتیدا بە بیر و هزر و ڕێبازی پاکی کوردایەتی و دڵسۆزی گەل و نیشتیمان و بەگژداچوونەوەی زۆرداری و ناهەقی و دیکتاتۆریەت و ستەمی نەتەوایەتیەوە گۆش کرا، خاوەنی چەندین خەسڵەتی دیار و بەرچاوی سەرکردایەتی کردنی کاروانی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد بوو. کاکە ئیدریس لە گفتوگۆکردن و هونەری دانوستاندن زۆر کارامە و شارەزا بوو و هەمیشە لە کاتی دانیشتن و گفتوگۆ و تەنانەت ئەو سمینارو کۆنفرانسانەیشی بەشداری دەکرد، وتاری سیاسیی بەرزو بەهێز پێشکەش بکات و بیروبۆچوونەکانی ڕاشکاوانە بخاتە ڕوو و بەردەوام داوای چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی ڕەوای گەلی کوردی دەکرد و هەرگیز لەگەڵ ڕێگەچارەی سەربازی و پەنا بردنە بەر توندوتیژی و شەڕدانەبوو. ئەیفەرموو مرۆڤ هەرچەند بە هێز و بە توانا بێت نابێت مەغروور بێت و ئەگەر کەوتیتە بارێکی زۆر سەخت و ناهەموارو ناخۆشەوە، ڕێگە مەدە نائومیدی ڕووت تێبکات، خوا لە هەموو کەس بە تواناو گەورەترەو ئەگەر پشتی پێ ببەستیت، سەرەنجام سەرکەوتن بەدەست دێنیت.

کاک ئیدریس ئه‌گه‌رچى سه‌ركرده‌یه‌كى دیار و كاراى بوارى دیپلۆماسی بوو، بەڵام لە بواری سه‌ربازیشدا فەرماندەیەکی چاو نەترس و خاوەن پلان و دووربینی بوو. بۆ ئەمەش داستانى به‌ ناوبانگى هندرێن له‌ساڵى 1966دا سه‌لمێنه‌رى ئه‌و راستیه‌یه‌ كه‌ ئیدریس بارزانى زۆر به‌حیكمه‌ته‌وه‌ سه‌ركردایه‌تى ئه‌و داستانه‌ى كرد کە لەو نەبەردەدا پێشمەرگە قارەمانەکانی کورد و کوردستان توانیان زه‌برێكى كوشنده‌ له‌رژێمى به‌عسی داگیركه‌ر بسره‌وێنن و ناچارى بكه‌ن داواى گفتوگۆ و دانوستاندن له‌گه‌ڵ بزاڤى رزگاریخوازى كوردستان و بارزانی نەمر بكات.

له‌سه‌رده‌مه‌ ناخۆش و ناهه‌مواره‌كانى شۆڕشی كوردستان دا رۆڵى دیار و به‌رچاوى شه‌هید ئیدریس بارزانى له‌پێناوی یه‌كخستنه‌وه‌ى هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانى سه‌ر گۆڕه‌پانى سیاسی كوردستان و یەکخستنەوەی نێو ماڵی کوردو پێكهێنانى به‌ره‌ى كوردستانیدا دیار و بەرچاوەو لاپه‌ره‌یه‌كى گه‌شی مێژووى خه‌باتى سیاسی و دیپلۆماسی ئه‌و سه‌ركرده‌ نه‌مره‌یه‌.

دواتر هەر لە ئەنجامی هەوڵ و کۆششە بەردەوامەکانی ئەم سەرکردەیەدا، به‌ره‌ى كوردستانی دایک بوو و دواتر ئەم بەرەیە توانی بە پاڵپشتى گه‌لى كوردستان، راپه‌رینه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ سه‌رتاسه‌رییه‌كه‌ى به‌هارى 1991 ى خه‌ڵكى كوردستان به‌ر پا بكات و بۆ یه‌كه‌مین جار له‌مێژوودا گشت كوردستان به‌ كه‌ركوكى بابه‌گوڕگوڕیشەوە ئازاد بکات و زەمینەی ئەنجامدانی یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان بڕەخسێنێ و دامه‌زراندنى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌و ئه‌زموونه‌ دیموكراسییه‌ى ئه‌مرۆى هه‌رێمى كوردستانى لێبكه‌وێته‌وه‌ كه‌ مایه‌ى شانازى هه‌موو لایەکە‌.

مخابن دواى گه‌ڕانه‌وه‌و به‌شدارى كردنى چالاکانەی له‌ كۆنگره‌ى ئۆپۆزسیۆنى عێراقى له‌تاران و گەڕانەوەی، له‌ گوندى سلیڤانا و له‌ رۆژى 31 ى كانونى دووه‌مى 1987 دڵه‌ گه‌وره‌كه‌ى ئه‌و بیرمه‌ند و سیاسه‌تمه‌داره‌ لێزانە له‌لێدان كه‌وت، لە کاتێکدا هێشتا بزاڤى رزگاریخوازى گه‌لى كوردستان زۆر پێویستى به‌ هه‌وڵ و کۆشش و تواناو راوێژ و دڵسۆزی و سەرکردایەتی ئەو ڕێزدارە بوو.

له‌م یاده‌دا هه‌زاران سڵاو بۆ گیانى پاكى کاکە ئیدریس بارزانى و گشت شه‌هیدانى کورد و كوردستان و ئەنفالکراوو ئه‌و نەمرانەی گیانى پاکی خۆیان له‌پێناوی گەیشتن بە ئامانجە نەتەوایەتیەکان و هێنانە کایەی کوردستانێکی ئارام و گەشەسەندووو ئاوەدان و خۆشگوزه‌ران و وه‌دیهێنانى ئاوات و ئامانجه‌كانى گه‌لى كوردستان به‌ خت كرد.



دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكى
سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان
1ى شوباتى 2012
Top