سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردی سوریا كۆبووه‌وه‌

سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردی سوریا كۆبووه‌وه‌
دوێنێ 31/1/2012 له‌شاری هه‌ولێر به‌ڕێز د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم د.فوئاد حسێن و وه‌زیری رۆشنبیری د.كاوه‌ مه‌حمود، پێشوازیكرد له‌ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردی سوریاو له‌دیدارێكدا سه‌باره‌ت به‌دوا گۆڕانكاریه‌كانی سوریا و هه‌لومه‌رجی كوردی ئه‌و وڵاته‌ بیروڕا ئاڵوگۆڕ كراو وه‌فدی میوان سه‌باره‌ت به‌كۆنگره‌ی ره‌وه‌ندی كورد له‌هه‌ولێر راپۆرتێكیان پێشكه‌ش به‌سه‌رۆكی حكومه‌ت كرد.

له‌م دیداره‌دا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم باسی له‌وه‌كرد له‌م هه‌لومه‌رجه‌ تازه‌یه‌دا پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌روونی رێز له‌ئیراده‌و مافی كوردی سوریا بگرن و ئه‌و قۆناغه‌ش كۆتایی هات به‌هه‌ر بیانویه‌ك بێت مافی كورد له‌م وڵاته‌دا پێشێل بكرێت، هاوكات ته‌ئكیدیشی كرده‌وه‌ كه‌به‌رژه‌وه‌ندی كورد له‌گه‌ڵ ئاشتی و ئارامی و دیالۆگ و لێكگه‌یشتنه‌، بۆیه‌ پێویست ده‌كات دوور له‌توندوتیژی كار بۆ چه‌سپاندنی سه‌رجه‌م مافه‌ ره‌واكانی كورد له‌سوریا بكه‌ن و ئه‌مه‌ش بكرێته‌ بنه‌مای مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌ن و هێزێك و كورد خۆی له‌شه‌ڕی تایفی و ململانێی پێكهاته‌كان بێلایه‌ن بگرێت و پشتیوانی سیستمێكی سیاسی دیموكراتی بكات كه‌رێز له‌بنه‌ماكانی ئازادی و مافه‌كانی مرۆڤ و داواكاریه‌كانی كورد له‌م وڵاته‌ بگرێت.

هه‌ر له‌درێژی ئه‌م دیداره‌دا ته‌ئكید كرایه‌وه‌ كه‌هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی هه‌ر هه‌وڵێك ده‌بێت به‌ئاراسته‌ی دیموكراسی و رێزگرتن له‌ئیراده‌ی خه‌ڵكی سوریا و جێبه‌جێكردنی داواكاریه‌كانی كورد. دواتر ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردی سوریا پوخته‌یه‌كیان له‌باره‌ی كۆنگره‌ی ره‌وه‌ندی كورد له‌هه‌ولێر پێشكه‌ش به‌سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم كرد.

دوای دیداره‌كه‌ش سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم نیوه‌رۆ خوانێكی بۆ ره‌وه‌ندی كوردی سوریا رێكخست كه‌به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌كۆنگره‌كه‌یان سه‌ردانی كوردستانیان كردبوو كه‌تیایدا سه‌باره‌ت به‌گۆڕانكاریه‌كانی ناوچه‌كه‌و ره‌وشی سیاسی سوریاو چۆنیه‌تی مامه‌ڵكردنی كورد له‌گه‌ڵ ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ گفتوگۆ كراو ته‌ئكید له‌رێگه‌چاره‌ی ئاشتی و رێزگرتن له‌مافه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كانی كورد كرایه‌وه‌.
Top