بۆ گەیاندنى نیگەرانیەكانیان شاندێكی عەرەبی كەركووك سەردانی بەغدا دەكەن
لە 25ى ئەم مانگەدا سەرۆكایەتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق هەموو بڕیارەكانى \"لێژنەى كاروبارەكانى باكور\""ى رێژیمى بەعسى هەڵوەشاندەوە، كە تایبەت بوون بە زەوتكردنى رووبەرێكى بەرفرەوانى زەویى كشتوكاڵى لە خاوەنە كورد و توركمانەكانیان لە پارێزگەى كەركووك و دابەشكردنیان بەسەر عەرەبی هاوردەى پارێزگەكانى تردا، رووبەرى ئەو زەوییانەیش نێزیكەى 920 هەزار دۆنم زەویى كشتوكاڵى بوو.
عەبدڕەحمان مورشید عاسى ئەمڕۆ دووشەم بەئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، ئەنجوومەنى سیاسى عەرەبى كەركووك زۆر نیگەرانە لە بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی پێوەست بەراگوێزان كە لەلایەن لێژنەی كارباری باكوری \""سەركردایەتیی شۆڕش\"" دەركرا بوون، چونكە ئەوە دژایەتیكردنى عەرەبەكانى كەركووك و پەراوێزخستنى مافى ئەو نەتەوەیە لە سنوورى كەركووك.
\""بۆیە بۆ گەیاندنی ئەو نیگەرانییە بەرامبەر بە دژایەتیكردنى نوورى مالیكى سەرۆكى وەزیرانى عێراق بەرامبەر عەرەبى كەركووك، شاندێكی ئەنجوومەنی سیاسی عەرەبی كە پێك هاتوون لە یاسین عوبێدی، عومەر جبووری و عەبدوڵا غەریب، لەسەر داوای محەمەد تەمیمی وەزیری پەروەردەی عێراق سەردانى بەغدا دەكەین\"" عاسی گوتی.
زیاتر گوتى \""لە بەغدا لە ماڵی وەزیری پەروەردەی عێراق كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە نێوان شاندی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبیی كەركووك و هەردوو سەركردەی لیستی عێراقییە ئوسامە نوجێفی سەرۆكی پەرلەمان و رافیع عیساوی وەزیری دارایی ئەنجام دەدەن\"".
ئەوەیشی ئاشكرا كرد كە پێشتر بە سەركردەكانى لیستى عێراقییەیان راگەیاندوە كە سازشكردن لەسەر زەوتكردنى مافى عەرەبەكانى كەركووك كێشەى گەورەى لێ دەكەوێتەوە لە كاتێكدا ئەو زەویانە سەرچاوەى داهاتى ئەو عەرەبانەى كەركووكن و بەهەڵوەشاندنەوەى گرێبەستەكانیان و گەراندنەوەیان بۆ نەتەوەى كورد كێشە لە كەركووكدا دروست دەبێ.
مەهدی موبارەك بەڕێوەبەری فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركووك بە (ئاكانیوز)ی راگەیاند، ئەو زەوییانەی دەكەونە ناو بڕیاری ئەنجوومەنی سەركردایەتیی شۆڕشی بەعس تەواویان زەویی هاووڵاتییانی كوردی رەسەنی شاری كەركووكن كە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا دەستیان بەسەردا گیراوە و بەعەرەبە هاوردەكان دراون.
هەروەها گوتی ئێستە پڕۆژەیاسایەكمان لەبارەی ئەو زەوییانە ئاراستەی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كردووە، بە دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە تەواوی ئەو زەوییانە بۆ خاوەنەكانیان دەگەڕێنەوە كە لە سنووری كەركووك و شارۆكەكانیدا زیاتر لە 750 هەزار دۆنم زەویی تەنیا كورد كەوتوونەتە ناو بڕیارەكانی بەعەرەبكردنی كەركووك."
