سەرۆکایەتی ھەرێم پێشوازی لە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکات

سەرۆکایەتی ھەرێم پێشوازی لە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکات
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێم رایگەیاند سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکات تایبەت بە ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی ھەڵوەشاوە و سەرجەم بڕیارەکانی لێژنەی کاروباری ھەڵوەشاوەی باکوور کە لە کەرکوک دەرچووە, لەگەڵ تەئکید کردنەوە لەسەر دەرکردنی بڕیاری لەم جۆرە لە ئاییندەدا .
فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا کە کۆپیەکی دەست ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێر گەیشتووە, رایگەیاند: سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ دەکات کە لە رۆژی ٢٤/١/٢٠١٢ دەرچووە تایبەت بە ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی ھەڵوەشاوە و چارەسەرکردنی ئاسەواری ھەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارانە بە پێی راسپاردەکانی لێژنەی مادەی ١٤٠ دەستووری , ھەروەھا ھەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی لێژنەی کاروباری ھەڵوەشاوەی باکوور کە لەکەرکوک دەرچووبوو و کار بە راسپاردەی لێژنەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ بکرێت.
فوئاد حوسێن گوتیشی: سەرۆکایەتی ھەرێم بەبەرزی ئەم ھەنگاوە ھەڵدەسەنگێنێ , لەھەمانکاتیش بەپێویستی دەزانی ھەنگاوی ئیجابی دیکەی زیاتر بنرێت بەم ئاڕاستەیە.
ھەروەھا ئاماژەشیدا: ھەنگاونان بە ئاڕاستەی دەرکردنی ئەم جۆرە بڕیارانە سەرخستنی حەقە و ھەنگاوێکی گەورەیە بەرەو نەھێشتنی ئاسەوار و پاشماوەی رژێمی پێشوو و گەڕاندنەوەی مافی ھەموو ئەو کەسانەی بەم بڕیارانە زەرەر مەندبووینە.
Top