بەدەپە: حكوومەتى توركیا هەوڵى لەیادكردنى رووداوى شڕناخ دەدا
لە لێدوانێكى بۆ پەیامنێرى ئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) ئەمڕۆ چوارشەم عادل كورد پەرلەمانتارى بارستەى پارتى ئاشتى و دیموكراسى \""بەدەپە\"" لە ئەنقەرەى پایەتەختدا گوتى، پارتى داد و گەشەپێدان \""ئاكەپە\""ى دەسەڵاتدار لە رێگەى دواخستن و تەگەرەخستنە سەر لێكۆڵینەوەكان كە تا ئێستە ئەنجامى نەبووە، هەوڵى لەیادكردنەوەى دەدا.
كورد گوتى، حكوومەتى توركیا رووداوەكەى گوندى رۆبۆسكى تەنیا بەدوورخستنەوەى ئەفسەرێكى پلەى عەقید كۆتای بەگشت رووداوەكان هێناوە و ئەو لێژنەیەى كە ئەركى بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەى پێ دراوە تا ئێستە ئەنجامێكى نەبووە و حكوومەت بەهەموو شێوەیەك هەوڵى داپۆشین و لەیادكردنەوەى دەدا.
\""ئێمەى پەرلەمانتارانى كورد، سەرەڕاى پشتگوێ خستنى حكوومەت و هەوڵى لەیادكردنى رووداوەكە، كەچى هەوڵى رژد دەدەین بۆ ئەوەى تاوانبارانى كۆمەڵكوژییەكە بدرێنە دادگە و سزاى خۆیان وەربگرن، بەتایبەتى گشت ئەو بەرپرسانەى كە پێوەندیدارن بەو دۆسیەوە\"" كورد واى گوت.
زیاتر گوتى \""پێویستە حكوومەتى \""ئاكەپە\"" بەزووترین كات ئەنجامى لێكۆڵینەوەكە ئاشكرا بكات و داواى لێبووردن لە گەلى كورد بكات و تاوانباران سزا بدات، بەڵام حكوومەت ئەو بەرپرسیارەتییە ناخاتە سەر شانى چونكە سەرۆكى ئەركانی گشتیی سوپاى توركیا، چەندان جەنەڕاڵ، سیاسەتوانان و بەرپرسانى حكوومەت دەدرێنە دادگە\"". "
