فازیل میرانی: تاكوو ماڵی كورد یەكنەخرێت، ڕۆڵ و سەنگی بەرچاو نابێت

فازیل میرانی: تاكوو ماڵی كورد یەكنەخرێت، ڕۆڵ و سەنگی بەرچاو نابێت
(فازیل میرانی) ڕایگەیاند كە تاكوو ماڵی كورد یەكنەخرێت، ڕۆڵ و سەنگی بەرچاو نابێت. هاوكات هەبوونی ئۆپۆزسیۆنی وەك حاڵەتێكی تەندروست و بە تەواوكەری پرۆسەی دیموكراسی وەسف كرد، بەڵام بە ڕەوایشی نابینێت ڕەوشی هەرێم بە هیی ئەورووپا بچوێندرێت.
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئەو باوەڕەیە كە بەراوردكردنی ڕەوشی هەرێم بە ئەورووپا بێ ڕەچاوگرتنی جیاوازیی جیۆگرافی و كولتووری رەوا نییە. هەروەها گوتیشی كە دەبێت ئۆپۆزسیۆن، بابەتیانە بابەتەكان لە ڕێی كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە بگەیەنێت و هەردوو ڕووەكە(پۆزەتیڤ و نەگەتیڤ) بخرێنە ڕوو، ئەگینا ڕاستگۆییی خۆی بەرانبەر گەلەكەی لە دەست دەدات.

لەو دیدارەیدا كە ئەمڕۆ لەگەڵ شاندی ڕێكخستنەوەی ماڵی كورد ئەنجامی دا، (میرانی) بە ئاماژە بە كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی گوتی كە لە دیتی پارتییەوە كۆبوونەوەكان بۆ زیاتر لە پێنج قۆڵی بەرفروان بكرێن، بەو واتایەی كە پێویست دەكات كە پارتییە سیاسییەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان تێیاندا بەشدار بن و دەتوانن ڕۆڵی چاودێریش ببینن.

هەر لەو دیدارەیدا ئاماژەی دا كە ئامانجی سەرەكیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، پاراستنی ئاساییشی نەتەوەیی و ئەزموونی هەرێمی كوردستانە. لەو پێناوەیشدا بە پێویستی زانی كە ڕێكخستنەوەی نێو ماڵی كورد هەنگاوی كردەنی بۆ بنرێت.

بە ناوی لیژنەی یەكخستنەوەی ماڵی كوردەوە (محەممەد بازیانی) گوتی كە ئامانج لە دروستبوونی ڕێكخراوەكەیان پێشخستنی دۆزی نەتەوایەتیی كورد و بەستنی كۆنگرەی نەتەوەییە، كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) دەستپێشخەریی بۆی كردووە.

لیژنەی یەكخستنەوەی ماڵی كورد، لە دوای كۆمەڵكوژییەكەی شەرناخ لە باكووری كوردستان وەبەر هاتووە. ئەو ڕێكخراوە نوێنەرایەتیی 102 ڕێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی لە كوردستاندا دەكات. لە 2/1/2012 دروست بووە.
Top