گۆڕان: پشتیوانی ئۆپۆزسیۆن بۆ كابینهی حهوتهم بهنده به ئاستی جێبهجێكردنی \"پهكێجهكان\""ـهوه"
(دڕەیی) لە دیمانەیەكی ڕۆژنامەی “هەولێر”ـدا دەڵێ: “با ئێمە مەسەلەكان لە ناو پەكێجەكاندا كورت نەكەینەوە، پەكیجەكان خاڵێكی سەرەكین بۆ كاری سیاسی و دەستووری لەو وڵاتەدا، بەڵام هەر كەسێك كاری لەو وڵاتەدا بەدەستەوە بێت، پێویستە لە ڕۆشنبیران و میدیای ئەهلی بپرسێتەوە و لە دڵنیگەرانی و خواستەكانیان تێ بگات.
پێویستە هەموو ئەو كێشە و گرفتانەی لە ماوەی ڕابردوودایشدا دروست بوونە، بە شێوەیەكی زۆر نەرم و نیان چارە بكرێن.”
* یەك لە كارەكانی كابینەی حەوتەم، چاكسازی دەبێت، پێتان وایە ئەو پڕۆسەیە كام لە مەسەلە و تەوەرەكان بگرێتەوە؟
- ئێمە بۆچوونی خۆمان سەبارەت بە پڕۆسەی چاكسازی لە پەكێجەكانماندا ڕوون كردووەتەوە. یەك لە خاڵەكانی پێوەندی بە دووئیدارەییەوە هەیە، ئەوەی دیكەیان یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەیە، خاڵێكی دیكە قسە لەسەر مەسەلەكانی دەستوور و یاسا بنەڕەتییەكانی ئەو وڵاتە دەكات.
ئەوەی دیكەیشیان پێوەندی بە حكوومەتێكەوە هەیە كە ئەو كارانە جێبەجێ بكات و ئەوەی دیكەیشیان باس لە پێوەندیی نێوان سیستەمی پەروەردە و حزبەكان دەكات. هەر حكوومەتێك لە كوردستاندا بێتە سەر كار و ئەو خاڵانە جێبەجێ بكات، ئێمە بە تەواوی پشتیوانیی لێ دەكەین.
خاڵەكان بە تەواوی ڕوونن و لەو پەكێجانەی پێشكەشی دەستەڵاتمان كردووە، بە وردی باسیان لێوە كراوە. بۆیە هەر حكوومەتێك ڕایبگەیەنێت كە پەكێجەكان جێبەجێ دەكات و بە كرداری ئەمە دەربخات یان نییەتی جێبەجێكردنیانی هەبێت و بۆ ئۆپۆزسیۆن و خەڵك ڕوون بكاتەوە كە ئەمانە جێبەجێ دەكات، ئەوا قابیلی پشتیوانیكردنە.
بەو ڕادەیەیش كە كابینەكە پەكێجەكان جێبەجێ بكات، بە هەمان ڕادەیش لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە پشتیوانی بە دەست دێنێت. بەو ڕادەیەیش كە جێبەجێیان نەكات، ئەوا ئۆپۆزسیۆن پشتی تێ دەكات، ڕەخنەی لێ دەگرێت و گوشاری بۆ دێنێت.
* دیارە جێبەجێكردنی هەموو ئەو خاڵانەی لە ناو پەكێجەكانی ئێوەدایە پێویستی بە حكوومەتێكی بەهێز هەیە، ئێوە چ پێشنیازێك بۆ دروستكردنی ئەو حكوومەتە بەهێزە دەكەن كە لە داواكارییەكانی ئێوەیشە؟
- مەسەلەی بەهێزی و لاوازیی حكوومەتەكە دەكەوێتە سەر شانی كەسی یەكەمی كابینەكە و دواتریش هەڵبژاردنی وەزیرەكانی حكوومەتەكەی لە لایەن خۆیەوە. دووەم خاڵ پێوەندی بە نییەتی ئەو كەسەوە هەیە بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەیەكی سیاسیی چاكسازی.
لە بنەڕەتدا بەهێزی و لاوازیی حكوومەتەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو كەسەی سەرۆكوەزیرانە دەیەوێ ئەو چاكسازیانە لە وڵاتدا بكات یان نایەوێ. دەشێ ئەو كەسە خۆی دیاری بكات كە دەیەوێ كەسێكی بەهێز بێت یان دەیەوێ كەسێكی ئاسایی بێت و تەنیا وەخت لە كوردستاندا تێپەڕێنێت.
نییەتەكانی ئێمە بەرانبەر بەو كابینەیە ڕوونن، ئەویش ئەوەیە كە ئێمە بەرنامەی خۆمان بە ڕوونی بەرانبەر بە ئێستا و ئاییندەی كوردستانەوە گوتووە، بۆیە دروستبوونی حكوومەتی بەهێز لە گرەوی ئەوەدایە كە ئەو كەسەی بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دانراوە، بەرنامەكان جێبەجێ بكات.
ئەو بەرنامانەیش كە ئێمە پێشكەشمان كردووە، شتی مرۆیین و خەڵكی ئەو وڵاتە لێی تێ دەگەن. بێگومان ئەو كەسەی سەرۆكی كابینەكەیشە تێدەگات و ئاگاداری مەسەلەكەیە.
* (كاك بابەكر) باستان لە دووئیدارەیی كرد، خۆ لەو چەند ساڵەدا كۆمەڵێك كار بۆ نەهێشتنی كراوە، پێتان وا نییە لەو چەند ساڵەدا هەر ئەوەندە كارە دەكرێت؟
- بێگومان نەخێر، دەكرا زۆر هەنگاوی جیددیتر بۆ ئەمە نرابووایە. خەڵكی ئەو وڵاتە پێیان وایە دەكرێ یەك ئیدارە و حكوومەتێكیان هەبێت. هەبوونی دووئیدارەیی گوزارشت لە بەرژەوەندییەكانی دوو حزب دەكات، پارەكان تێكەڵاو ناكەنەوە، پێشمەرگە تیكەڵاو ناكەنەوە.
هیچ بە مەنتیقی نازانین كە دوو ئیدارە هەبێـت. پێمان وایە كورد لەو وڵاتەدا پێویستی بە یەك حكوومەت و یەك ئیدارە هەیە. كار كراوە یان نەكراوە، ئەوە دەكرێ ڕاگەیاندنی ئەو حزبانە باسی لێوە بكەن. ئێمە ئۆپۆزسیۆنین و باس لەو شتانە دەكەین كە نەكراون و دەبێ بكرێن.
* لە خولی پێشووی پەرلەماندا دەستوور پەسند كرا و سەرۆكی هەرێمیش ئیمزای لەسەر كرد. ئێستاكە بەشێك لە پەرلەمانتاران پێیان وایە كە گەڕانەوەی دەستوور بۆ ناو پەرلەمان پێویست نییە و بەشێكی دیكەیش داوای گەڕانەوەی دەكەن، چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی ئەم مەسەلەیە چارە بكرێت؟
- پەرلەمانی كوردستان خۆی سەرچاوەی دانانی یاساكانە و خۆی ئەگەر شتێكی پەسند كرد، دەتوانێ بیگێڕێتەوە. بە بۆچوونی خۆم دەبێ هەموو لایەنەكان بە دەستوور ڕازی بن، چونكە ئەگەر بەو شێوەیە نەبێت، ئەوا كێشەی گەورە بۆ میللەتەكە دروست دەكات.
پێویستە دەستوور خاڵی بەیەكگەییشتنی هەموو لایەنەكان بێت، ناكرێ ئەمە بە كەمینە و زۆرینەیەكی سادە تێپەڕێت. ئێستایش كە 60 پەرلەمانتار داوای گەڕانەوە دەكەن، پێمان وایە شتێكی باشە و دەكرێ گفتوگۆی لەسەر بكرێتەوە.
پێم وایە بۆچوونی پارتییش لەگەڵ تێپەڕاندندا نییە و تەنانەت بەشێك لە پەرلەمانتارانی یەكێتییش لەگەڵ گەڕانەوەی دەستووردان. پێم وایە سەركردایەتیی پارتییش لەسەر ئەو باوەڕەن كە دەستوور مەسەلەیەكی یەكجار گرنگە. نابێ دەستوور خاڵی لەیەكترازان بێت، دەبێ خاڵی بەیەكگەییشتن و یەكگرتنی هەموو لایەكمان بێت.
* یەك لە كارەكانی كابینەی حەوتەم یەكخستنی ماڵی كورد دەبێت، تا ئێستایش لە زۆر لایەنەوە هەوڵی ئەمە دراوە، بەڵام ئەنجامێكی ئەوتۆی نەبووە و ماڵەكە لە یەك ترازاوە، ئێوە پێتان باشە بۆ یەكخستنی ئەو ماڵە چی بكرێت؟ پێتان وایە ئەو پەكێجانەی بە دوو حزبی زۆرینەی كوردستانتان داوە گەرەنتییەكە بۆ یەكخستن یان دەبێ كاری دیكەیش بكرێت؟
* لە ئاستی فەرمی و سیاسیدا بێگومان پەكێجەكان خاڵی سەرەكین، لە ئاستی دیپلۆماسی و كۆمەڵایەتیدا ڕەنگە هەموو كەسێك بزانێت كە دەستەڵات پێویستی بە نزیكبوونەوە لە ئۆپۆزسیۆن و ڕۆشنبیران و میدیای ئەهلی هەیە.
با ئێمە مەسەلەكان لە ناو پەكێجەكاندا كورت نەكەینەوە، پەكێجەكان خاڵێكی سەرەكین بۆ كاری سیاسی و دەستووری لەو وڵاتەدا، بەڵام پێویستە لە نییەت و بۆچوونی ڕۆشنبیران و میدیای ئەهلییش تێ بگەن.
هەر كەسێك كاری لەو وڵاتەدا بە دەستەوە بێت، پێویستە لەو كەسانە بپرسێتەوە و لە دڵنیگەرانی و خواستەكانیان تێ بگات. پێویستە هەموو ئەو كێشە و گرفتانەی لە ماوەی ڕابردوودایشدا دروست بوونە، بە شێوەیەكی زۆر نەرم و نیان چارە بكرێن.
