كوردی سووریا: لەمەودوا هاوئاهەنگیمان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سووری لەسەر بنەوای داننان بە مافەكانی كورد دەبێ

كوردی سووریا: لەمەودوا هاوئاهەنگیمان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سووری لەسەر بنەوای داننان بە مافەكانی كورد دەبێ
سیاسەتوانێكی كوردی سووریا رای گەیاند ئەنجوومەنی ئۆپۆزسیۆنی كوردی سووریا دەستەیەكی پێكهێناوە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ سەرجەم لایەنەكانی ناو ئۆپۆزسیۆنی سووریا بۆ ئەوەی هەر لایەنێك لەو لایەنانە دان بە مافەكانی كورد بنێن هاوئاهەنگی لەگەڵ بكەین، ئاشكرای كرد، كورد بەشداری كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە میسر دەكا.

10 مانگە خۆپێشاندان لە سووریا دەستی پێ كردووە و خۆپێشاندەران داوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەكەن، كوردیش وەك بەشێك لە دانیشتووانی سووریا كاریگەریی خۆی هەیە، ئەگەرچی رووبەڕووی رەخنەی نایەكگرتوویان بە رامبەر رووداوەكان رووبەڕوو دەكرێتەوە.

شەلال گەدۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی چەپی كوردی سووریا ئەمڕۆ دووشەم بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند \"ئەنجوومەنی ئۆپۆزسیۆنی كورد لە سووریا دەستەیەكی لە چەند كەسێك پێك هێناوە كە ئەندامانی ناو ئەنجوومەنی ئۆپۆزسیۆنی كوردن بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكانی ناو ئەنجوومەنی ئۆپۆزسیۆنی سووریا\"".

روونی كردەوە \""لە دوێنێ یەكشەمەوە گفتوگۆكردنی دەستەكە لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا و لایەنەكانی ناو ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەستی پێ كردووە، ئامانج لەو گفتوگۆكردنانە برێتییە لەوەی هەر لایەنێكی ناو ئۆپۆزسیۆنی سووریا ئامادەیی تێیدا بێ دان بە مافەكانی نەتەوەی كورددا لە سووریا بنێ، هاوئاهەنگی لەگەڵ دەكەین\"".

گەدۆ گوتی \""ئێمە لەمەودوا مامەڵەكردن و هاوئاهەنگیمان لەگەڵ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لەسەر بنەوای داننانی ئەو لایەنانە دەبێ بە مافەكانی كورد، هاوكات دەبێ پرۆتۆكۆل لە نێوانماندا ئیمزا بكرێ\"".

\""بڕیار وایە لە ماوەی داهاتوو بەچاودێری كۆمكاری عەرەبی كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە میسر بەڕێوە بچێ، ئۆپۆزسیۆنی كوردی سووریا بەشداری لەو كۆنگرەیە دەكا\"" گەدۆ گوتی.

لە سووریا دوو چەند ئەنجوومەنێكی ئۆپۆزسیۆن هەیە كە بەهێزترینیان وەك دەردەكەوێ بورهان غەلیون سەرۆكایەتیی دەكا.

لای خۆیەوە عەلی شندین ئەندامی ئەنجوومەنی ئۆپۆزسیۆنی كوردی سووریا بۆ (ئاكانیوز) رای گەیاند \""هیچ لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن یاخۆ دەرەوەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ناتوانێ هیچ هەنگاوێك بەبێ كورد لە سووریا بهاوێ\"".

\""داهاتووی سووریا بەبێ بەشداریی كورد و داننان بە مافەكانی سەقامگیریی سیاسیی و ئابووری و كۆمەڵایەتی بەخۆیەوە نابینێ، بۆیە لایەنەكانی كورد هەوڵەكانی بەو ئاراستەیە چڕ كردووەتەوە بەشدارییەكی كارای لە كاركردن بۆ سووریا داهاتوو هەبێ\"" شندین گوتی.

هەرێمی كوردستان چەندان جار لە زاری بەرپرسانییەوە ئەوەی راگەیاندووە كە لەگەڵ مافەكانی گەلی سووریادان، هاوكات دۆخی سووریا بەلای بەشێك لە چاودێرانەوە وەك دەرفەتێك بۆ كورد دێتە تەماشاكردن، لەكاتێكدا كوردی سووریا پێشتر لە ناسنامە بێبەش بووە"
Top