پارێزەرانی ئەوروپا هەڵمەتێك بۆ پاڵپشتیكردنی هاوكارانی كوردیان لە توركیا ڕێك دەخەن
ڕۆژنامەی \"میدیا برات\""ی فڕەنسایی گوتی، چەندان سەندیكای پارێزەران لە ئەوروپا بڕیاریان داوە كار بكەن بۆ وریاكردنەوەی ڕای گشتی لەبارەی ئەو دۆخە مەترسیدارەی هاوكارە كوردەكانیان لە توركیادا دووچاری بوون. داوایان كردووە ڕۆژی سێشەمی داهاتوو هەڵمەتێك بە دەست پێشخەریی پارێزەرانی دیموكراتی ئەوروپا بێتە ڕێكخستن. هەروەها هەڵمەتێكی هاوشێوە لە ساڵی 2010دا بۆ پاڵپشتیكردنی پارێزەرە ئێرانییەكانیش هاتە ڕێكخستن.
ڕۆژنامەكە ئەوەشی گواستووەتەوە، دەسەڵاتی توركیا بەردەوامە لە سەركوتكاریی وەحشییانە و حكوومەتەكانی ئەوروپاش لێی بێ دەنگن، بەڵام لە چەند لاشەوە ڕەخنە ئاراستەی توركیا دەكرێ. ڕێكخراوەكانی ناودەوڵەتی و كۆمەڵگەی مەدەنی بڕیاریان داوە ڕێگەیەك بگرنە بەر بۆ ڕێوشوێنی داكۆكیكردن لە مافەكانی مرۆڤ و داوای ئازادكردنی هاوكارانیان لە توركیا دەكەن كە بە دەیان پارێزەر ئاماژەیان پێ دەكەن و لەلایەن دەسەڵاتی ئەو وڵاتەوە هاتوونەتە گرتن.
ڕۆژنامەكە دەڵێ خۆپێشاندەران داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەهێشتنی تیرۆر لە توركیا دەكەن كە لە ساڵی 1991وە دەرچووە و كاری پێ دەكرێ، ئەو یاسایە لەسەر حیسابی ئازادی و ئاسایشی هاووڵاتییان ئاسایشی دەوڵەت دەپارێزێ."
