هەرێم هیچ شاندێكی پێوەست بە (هاشمی) نەناردووەتە بەغدا

هەرێم هیچ شاندێكی پێوەست بە (هاشمی) نەناردووەتە بەغدا
پەرلەمانتارێكی هاوپەیانیی كوردستان، ئەو هەواڵانەی ڕەت كردنەوە كە باس لە ناردنی شاندێكی دادوەریی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا دەكەن.
(خالید شوانی) بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری ڕاگەیاند كە هەرێمی كوردستان هیچ شاندێكی دادوەری بە مەبەستی دۆزینەوەی میكانیزم و رێچارەیەكی گونجاو بۆ چارەی بنەڕەتیی دۆسێی جێگری سەرۆككۆمار (تاریق هاشمی) نەناردووەتە بەغدا.

پێشتر پەرلەمانتاری عێراق(عەبدولهادی حەسانی)، گوتبووی كە شاندێكی كورد كە لە چەند دادوەرێك پێك هاتوون چوونەتە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە بەغدا.

بە گوتەی (حەسانی) مەبەست لە چوونی ئەو شاندە كوردییە بۆ بەغدا بەدواداچوونە بۆ دۆسێی (تارق هاشمی)، كە بە تێوەگلان لە پشتیوانیكردن لە كردەی تیرۆرەوە تۆمەتبار كراوە. ئەو هەروەها گوتوویەتی كە ئەو دادوەرە كوردانە دوای لێكۆڵینەوە لە دۆسێكە و پێداچوونەوە بە داننانی ئەو چەند كەسەی دەستگیر كراون و (هاشمی)یشیان لەم دۆسێی تیرۆرەوە گلاندووە، بۆیان دەركەوتووە كە داننانەكان دروستن.

ئەنجوومەنی باڵاَی دادوەریی بەغدا بە هۆی تێوەگلانییەوە لە هاندان و پشتیوانی لە تیرۆر و دەستگیركردنی سێ كەس لە ستافەكەی یادداشتی دەستگیركردنی بۆ (تاریق هاشمی) دەر كردووە و بە هۆیەوە ناوبراو ئێستا لە هەرێمی كوردستانە.
Top