ئۆپۆزسیۆن: پێدانی متمانە بە كابینەی حەوتەم لەسەر بنەمای بەرنامەكەیان دەبێت
گۆڕان چاو لەبەرنامەی كاری كابینەی
حەوتەم دەكات
سەبارەت متمانەپێدانی ئۆپۆزسیۆنـی ناو پەرلەمانیش بە ئەنجوومەنی وەزیرانی داهاتوو، سەرۆكی فڕاكسیۆنی گۆڕان (كاردۆ محەممەد) ڕایگەیاند كە ئەوان بڕیاری پێشوەخت نادەن.
ئەو ئاشكرایشی كرد كە بەرنامەی حكوومەتی داهاتوو پێوەری دەنگدان یان نەدانی ئەوانە. سەرۆكی فڕاكسیۆنی گۆڕان، هەروەها ئەوەیشی بە “هەولێر” گوت كە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی سەرۆكی هەرێم، زەمینە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر (6) پاكێجەكەی ئۆپۆزسیۆن دەڕەخسێنێت، ئەو كاتیش بەرنامەی (نێچیرڤان بارزانی) پێوەری متمانەدان یان نەدانی ئەوان دەبێت.
یەكگرتوو بڕیاری كۆتایی نەداوە
هاوكات لەگەڵ ئەوەیشدا پەرلەمانتارێكی سەر بە فڕاكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی (ناسك تۆفیق) بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند كە ئەگەرچی فڕاكسیۆنەكەیان لەسەر ئەو بابەتە كۆبوونەوەی فەرمیی نەكردووە، بەڵام لە هەر حاڵەتێكدا ئەوان دەنگ لەسەر بنەمای كارنامەـی سەرۆكی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران دەدەن.
هاوكات بەشێك لە پەرلەمانتارانیش پێیان وایە كە سەرۆكی كابینەی حەوتەم (نێچیرڤان بارزانی) پێویستە لەسەر بنەمای چارەكردنی ئەو كەموكورتیانە بەرنامەكەی دابڕێژێتەوە كە لە كابینەی پێشتردا ماونەتەوە.
شیوعی داوای چاكسازی دەكات
سەرۆكی فڕاكسیۆنی ئازادی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی (هاژە سلێمان) بۆ “هەولێر”ـی خستە ڕوو كە پێویستە كابینەی نوێ، تەواوكەری كابینەی پێش خۆی بێت و كەموكورتییەكانی پڕ بكاتەوە.
بە ڕای ئەو، ئەولەوییەت بۆ دەنگدان ئەوەیە كە كاری جیددی بۆ بەرەوپێشڤەبردنی چاكسازی بكرێت و هاوكات پێیشی وایە كە (نێچیرڤان بارزانی) دەبێ كار بۆ نەهێشتنی گەندەڵی لەناو دامودەستگەكاندا بكات، كە لە كابینەی شەشەمدا چارە نەكراون.
هاوكات لەگەڵ ئەوەیشدا بە تێڕوانینی (هاژە سلێمان) پێویستە كابینەی حەوتەم جۆری مامەڵەی لەگەڵ حكوومەتی عێراق دیاری بكات، ئەوەیش لە ڕێگەی ستراتیژییەتێك دەكرێت، كە چیی دیكە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەسەر یەكتردا بە هەڵپەسێردراوی نەمێننەوە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، ئەو پەرلەمانتارە پێیشی وایە كە دەبێ حكوومەتی داهاتوو قۆناغی ساڵی (2011) تێپەڕێنێت و بەرنامەی دیاریكراویشی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسییەكانی كوردستان بە ئەوانەی ناو حكوومەت و دەرەوەی حكوومەتەوە، هەبێت.
هەموو ئەوانەیش لە كاتێكدایە كە بەشێكی زۆری لیستەكانی ناو پەرلەمانی كوردستانیش چاوەڕێی ڕاگەیاندنی كابینەی حەوتەم دەكەن بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆیان ئاشكرا بكەن.
سۆشیالیست چاوەڕوانە
پەرلەمانتاری سەر بە لیستی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان (عەبدوڵڵا حاجی مەحموود) بە “هەولێر”ـی گوت كە چاوەڕێی ڕاگەیاندنی كابینەی نوێ دەكەن بۆ ئەوەی بڕیاری خۆیان لەسەر دەنگدان و جۆری بەشدارییان لە كابینەكەدا بدەن.
