بەپێی یاسایەكی پەسند نەكراو هەرێم دەتوانێ یاساكانی بەغدا ڕەت بكاتەوە
شلێر عەزیز ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی هاوپەیمانیی كوردستان بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، لە دانیشتنی ئەمڕۆ شەموودا خوێندنەوەی یەكەم بۆ 17 پرۆژەیاسا كرا كە یەكێكیان پرۆژەیاسای ئەنجوومەنی فیدراڵَی بوو.
زیاتر گوتی، بەپێی پرۆژەیاساكە هەر پارێزگەیەك 4 ئەندامی لەو ئەنجوومەنەدا دەبێت و بۆ ماوەی 4 ساڵ كار دەكەن، ئەنجوومەنەكە دەسەڵاتی یاسادانانی هەیە كە تەواوكەری دەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەرانە و بەپێی بڕگەی (د) لە مادەی 17 ئەو پڕۆژەیاسایە، هەرێمی كوردستان مافی ڕەتكردنەوەی هەر یاسایەكی هەیە ئەگەر دژایەتی لەگەڵ دەستووری هەرێمەكەدا هەبوو.
لە مادەكانی 61 و 65ـی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا ئاماژە بە پێكهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی عێراق دراوە.
هەر بەپێی پڕۆژەیاساكە ئەنجوومەنەكە دەتوانێ پرۆژەیاسا پێشكێش بە ئەنجوومەنی نوێنەران بكات و هەر یاسایەكیش لە نوێنەرانەوە دەرچوو، سەرەتا بەفلتەری ئەنجوومەنی فیدراڵیدا تێدەپەڕێت و دواتر ئاراستەی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق دەكرێ، ئەوە لەكاتێكدا پێشتر پڕۆژەیاسا پەسندكراوەكان لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ ئاراستەی سەرۆكایەتی كۆمار دەكران.
شلێر عەزیز گوتی، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، چەند پڕۆژەیەك بەهۆی ئامادەنەبوونی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران لە كاتی دەنگداندا هاتنە كێشانەوە.
\"لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا كێشەیەك لە نێوان وەزیری دەوڵەت بۆ كارباری ئەنجوومەنی نوێنەران و بەشێك لە پەرلەمانتاران هەبووە لەبارەی ئەوەی كە وەزیری دەوڵەت پێداگری دەكردە هەموو پڕۆژەیاساكان لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بێت، بەڵام بەشێك لە پەرلەمانتاران ئەوەیان ڕەت كردەوە.
بەپێی پێڕەوی ناوەخۆی پەرلەمان هەر 25 پەرلەمانتارێك دەتوانن پڕۆژەیاسا پێشكێش بە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران بكەن."
