وه‌زیری په‌روه‌رده‌ به‌شداری له‌كۆنفرانسی په‌روه‌رده‌ی جیهانی له‌ له‌نده‌ن ده‌كات

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ به‌شداری له‌كۆنفرانسی په‌روه‌رده‌ی جیهانی له‌ له‌نده‌ن ده‌كات
له‌سه‌ر بانگهێشتی ره‌سمی كۆنفرانسی په‌روه‌رده‌ی جیهانی، سه‌فین موحسین دزه‌یی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری كۆنگره‌كه‌ی كرد كه‌ له‌ له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا له‌ماوه‌ی رۆژانی 9/11-1 به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
له‌مه‌راسیمی ده‌ستپێكی كۆنفرانسه‌كه‌دا چه‌ند وتارێك ده‌رباره‌ی ره‌وشی په‌روه‌رده‌یی جیهان له‌لایه‌ن شاره‌زا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی بواری په‌روه‌رده‌ پێشكه‌شكران و له‌ته‌وه‌رێكی ئه‌و كۆنفرانسه‌شدا سه‌فین دزه‌یی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تیشكی خسته‌سه‌ر ره‌وشی په‌روه‌رده‌ له‌هه‌رێمی كوردستان و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ ریشه‌ییانه‌ كرد كه‌ له‌پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێركردندا هاتوونه‌ته‌دی.
له‌په‌راوێزی كۆنفرانسه‌كه‌شدا وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاویكه‌وت به‌ ویلیه‌م هیگ-ی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی به‌ریتانیاو چه‌ندین وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی وڵاتانی جیهان و شاره‌زایانی په‌روه‌رده‌یی له‌سه‌ر ئاستی جیهان و ره‌وشی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێم و دواگۆڕانكارییه‌كانی په‌روه‌رده‌و فێركردن له‌هه‌رێمی كوردستانی خسته‌ به‌رباس و لێكۆڵینه‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا سه‌رجه‌م ئه‌و وه‌زیرو كه‌سایه‌تییه‌ په‌روه‌رده‌ییانه‌، ستایشی به‌ره‌وپێشچوونی ره‌وشی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستانیان كرد.
ساڵانه‌ وه‌زیرو شاره‌زایانی په‌روه‌رده‌یی زیاتر له‌ 100 وڵات و هه‌رێمی جیهانی به‌شداری له‌م كۆنفرانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌دا ده‌كه‌ن و دوا گۆڕانگارییه‌كانی پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌یی له‌ناوچه‌ جیاجیاكانی جیهان ده‌خرێته‌ به‌رباس و لێكۆڵینه‌وه‌، به‌تایبه‌تیش بواره‌كانی ته‌كنه‌لۆژیاو به‌كارهێنانی بواره‌كانی ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌م له‌په‌روه‌رده‌و فێركردندا.
Top