فوئاد حوسێن رەتیكردەوە پاڵێوراو بێت بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت
چەند رۆژێكە ژمارەیەك لە كەناڵەكانی راگەیاندن لە چەند سەرچاوەیەكی \"باوەڕپێكراو\""ەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رەتی كردووەتەوە پۆستی سەرۆكی كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێم وەربگرێ، هاوكات ئەوە دەخەنە ڕوو كە ئێستە فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەهێزترین پاڵاوكی پارتییە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، بەڵام تا ئێستە هیچ بەرپرسێكی پارتی رەتكردنەوەی پۆستەكەی لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە بەرەسمی رانەگەیاندووە.
فوئاد حوسێن ئەمڕۆ یەكشەم لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند \""بەلای منەوە تا ئێستە هەر نێچیرڤان بارزانی پاڵاوكی پارتییە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێم\"".
لەبارەی پاڵاوتنی ناوبراو بۆ پۆستەكە، حوسێن روونی كردەوە \""هیچ كەسێك لەگەڵ من باسی ئەوەی نەكردووە كە دەبمە پاڵاوكی پارتی بۆ سەرۆكی حكوومەتی داهاتووی هەرێم، بەڵام لە كەناڵەكانی راگەیاندن پاڵاوتنی خۆم دەبیستم\"".
ئاماژەی بەوەش دا \""چاوەڕوان دەكرێ لەم مانگە ئاَوگۆڕكردن لە پۆستی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بێتە ئەنجامدان\"".
لای خۆیەوە جەعفەر ئیبراهیم گۆتیاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادە نەبوو لەسەر ئەو پرسە قسە بكا، بۆ (ئاكانیوز) رای گەیاند \""لەسەر ئەم پرسە هیچ قسەیەك ناكەم، چونكە ئێمە پێشتر رامان گەیاندووە پۆستی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بە پارتی دەدرێتەوە و پاڵاوكی ئێمەش نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتییە و چیتر قسە لەو بارەیەوە ناكەین\"".
بەپێی ئەو رێككەوتنە ستراتیجییەی لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئیمزا كراوە، دوو ساڵ جارێك پۆستی سەرۆكایەتیی حكوومەت و پەرلەمان لە دەست لایەكیان دەبێ، ئەو رێككەوتنە كە لە كابینەی پێنجەمی حكوومەتەوە كاری پێ دەكرێ، سەرەتا پارتی دوو ساڵ سەرۆكایەتیی حكوومەتی وەرگرت، دواتر یەكێتی رازی بوو پارتی دوو ساڵی تر حكوومەتی بەدەستەوە بێ و چوار ساڵ تەواو بكا."
