دەقی دیمانەی سەرۆك بارزانی لەگەڵ رۆیتەرز

دەقی دیمانەی سەرۆك بارزانی لەگەڵ رۆیتەرز
ئەگەریش ئەوان كێشەیان لەگەڵ ئەمە هەیە، با بێن و ماددەی 140 جێبەجێ بكەن هەروەك لە دەستووردا هاتووە كوردی ئێراق سوورن لەسەر ئەوەی نەخزێنە ناو شەڕی تایەفیییەوە لەسەر هەوڵی دەستگیركردنی تارق هاشمی جێگری سەرۆك كۆماری ئێراق سوننە مەزهەب لە لایەن نوری مالیكی سەرۆكی وەزیران شیعە مەزهەب و سەرۆكی كوردستانیش دەڵێت جێبەجێنەكردنی سیستەمی فیدراڵی دەبێتە هۆی خوڵقاندنی كارەسات بۆ وڵاتەكە.

دوای نۆ ساڵ لە شەڕی ئێراق، هێشتا ئێراق گیرۆدەی چەكدارانی سوننە و میلیشیاكانی شیعەیە، بەڵام كوردستانی ئێراق تا رادەیەكی باش ئاشتی و خۆشگوزەرانی تێدا جێگیربووە، دوای ئەوەی ساڵی 1991 لە دژی سەددام حوسێن راپەرین و دواتر لە دەستووری ئێراقی 2005دا بە فەرمی ئۆتۆنۆمی فیدڕاڵییان بەدەست هێنا.

كورد هەوڵیداوە دووربێت لەو ململانێ سیاسییە بێكۆتایانەی كە یەخەی حكوومەتی ناوەندی بەغدای گرتووە و هەوڵیداوە وەك ناوبژیوان كار بكات بۆ چارەسەركردنی گرژییەكان، مەگەر تەنها بەرژەوەندییەكانی خۆیان مەترسییان لەسەر هەبووبێت.

هەڵهاتنی مانگی رابردووی تارق هاشمی جێگری سەرۆك كۆمار بۆ كوردستان لە دوای هەوڵی دەستگیركردنی بەتۆمەتی سەرپەرشتیكردن چەند دەستەیەكی پیاوكوشتن كوردی پاڵناوەتەوە ناو پێگەیەكی ناوەندی بەهێزەوە لە درامایەكی سیاسییدا كە ئەگەری ئەوەی لێ دەكرێت شەڕی تایەفی لێبكەوێتەوە.

كورد بەشێك نییە لە ململانیێ تایفی

بەڕێز مسعود بارزانی، سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ رۆیتەرز رۆژی چوارشەممە گوتی: \"من نامەوێت بخزێمە ناو ئەمەوە. ئێمە بەشێك نین لەو ململانێ تایەفییە كە لەوێ هەیە. بێگومان ئێمە بەشێكین لە ناكۆكی سیاسی و خەباتی سیاسییدا، بەڵام بەشێك نین لە ناكۆكییە تایەفییەكان.\""

هەرێمی كوردستان ئامادەیە میوانداری كۆنگرەی نیشتمانی بكات

كورد داوای بەستنی كۆنگرەیەكی نیشتیمانییان كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان مالیكی و لیستی ئێراقییە كە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان و حكوومەتی هەڵپەساردووە و حكوومەتەكەی مالیكی بەوە تۆمەتبار دەكەن كە دەسەڵاتەكانی هەمووی لە خۆیدا كۆكردووەتەوە.

بارزانی گوتی: \""ئێمە چاوەڕێی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین بگەنە رێككەوتنێك لەسەر ئەوەی كەی و لە كوێ كۆبوونەوەكە بكرێت.\""

بارزانی گوتیشی: كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ ئەوەی كۆنفرانسەكەی لێ ببەسترێت، بەڵام سەرچاوە سیاسییەكان گوتیان مالیكی دژی ئەوەیە كۆنفرانسەكە لە هەولێری پایتەختی كوردستان ئەنجام بدرێت و دەیەوێت سەرەتا مەسەلەی هاشمی یەكلایی بكرێتەوە.

بارزانی گوتی: \""ئەگەر ئەوان بڕیاریاندا لە جێگایەكی دیكە سازی بكەن، ئەوە دەكەوێتە سەر ئەوان، بەلای ئێمەوە شوێن كێشە نییە. هەرچەند پێم وایە زۆربەی لایەنە پەیوەندیدارەكان ئامادە نین بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە بكەن ئەگەر لە بەغدا بێت.\""

ده‌ست له‌بڕیاری دادگا وەرنادەین

دەربارەی چارەنووسی هاشمیش، بارزانی گوتی: \""ئەمە شتێكە كە دەبێتە سیستەمی قەزایی و دادگاكان بڕیاری لەسەر بدەن. ئێمە بە هیچ شێوەیەك دەستوەرنادەین لە هەر بڕیارێك سیستەمی قەزایی بیدات.\""

هاشمی دەڵێت: ئامادەیە لە هەرێمی كوردستان بچێتە دادگا و جەخت لەوە دەكاتەوە كە دادگاییكردنێكی دادپەروەرانە لە بەغدا رێی تێناچێت.

گرێبەستە نەوتییەكان و سیستەمی فیدراڵی

قەیرانەكە كوردی خستووەتە پێگەیەكی ئاڵۆزەوە، بەڵام هاوكات بەهێزەوە ئەگەر هاتوو هیچ رێككەوتنێكی سیاسی بەدەست هات، ئەگەرنا، هەریەك لە مالیكی و لیستی ئێراقییەش پێویستییان بە پشتیوانی كوردە لە پەرلەمان بۆ ئەوەی بەسەر ئەوی دیكەدا سەربكەون.

رەنگە كورد ئەم قورساییە بەكاربهێنێت بۆ بەدەستهێنانی تەنازولات بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی خۆی، وەك كۆنترۆڵی سەرچاوەكانی نەوت و ناوچە كێشە لەسەرەكانی نێوان بەغدا و كوردستانی ئێراق.

هەرچەند كوردستانی ئێراق زۆر سەقامگیرە، بەڵام كورد توڕەن لە چارەسەرنەكردنی بارودۆخی كەركووك لە لایەن بەغداوە، ئەو شارەی كە لەسەر یەدەگی زۆر گەورەی نەوتە و كورد بە بەشێك لە كوردستانی دادەنێت.

ریفراندۆمێك لە ماددەی 140ی دەستووری ئێراق بۆ ساڵی 2007 دیاریكراوە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەكراوە.

بارزانی كە سەرپەرشتی شەڕی هێزەكانی پێشمەرگەی دەكرد لە دژی سەددام هەر لە دوای ساڵی 1979 كاتێك باوكی كۆچی دوایی كرد و ئەویش لە دوای ساڵانی چلەكانی سەدەی رابردووەوە لە دژی بەغدا خەباتی دەكرد، گوتی: \""وەك كورد ئێمە ئەم یەكێتییە ئارەزوومەندانەمان لە نێوان كورد و عەرەب و سیستەمی حوكمڕانی فیدڕاڵ بۆ ئێراقمان هەڵبژاردوە. ئەمە مافێكی دەستوورییە بۆ ئێمە و بۆ گەلانی ئێراق، ئێمە پشتگیری لە سیستەمێكی فیدڕاڵی دەكەین لەم وڵاتەدا. رێگەگرتن لە جێبەجێكردنی ماددەكانی دەستوور دەبێتە هۆی ئەوەی وڵاتەكە رووبەڕووی كێشەی گەورە ببێتەوە و كارەسات دەخوڵقێنێت.\""
لەگەڵ ئەوەی ململانێ سیاسییەكانی بەغدا بوونەتە هۆی پەككەوتنی یاسای نەوت و غاز، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام بووە لە كاری خۆی و زنجیرەیەك گرێبەستی ئیمزاكردووە، لە نێویاندا لەگەڵ كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل، ئەمەش بووەتە هۆی نارەحەتی زۆرێك لەوانەی لە حكوومەتی ناوەندیدان.

بارزانی باسی لەوەكرد كە رێككەوتنێكیان لەگەڵ بەغدا هەبوو بەوەی هەر لایەنێك بەردەوام دەبن لە ئیمزاكردنی ئەو گرێبەستانە هەتا یاسای نەوت و غاز پەسەند دەكرێت لە پەرلەماندا. گرێبەستەكەی ئێكسۆن-یش ئەو ناوچانە دەگرێتەوە كە لە لایەن هەولێر و بەغداوە كێشەیان لەسەرە.

بارزانی گوتی: \"" ئەو ناوچانەی لەلایەن خەڵكانی ترەوە پێیان دەگوترێت ناوچە كێشە لەسەرەكان ، بەلای ئێمەوە ئەوانە بەشێكن لە هەرێمی كوردستان. ئەگەریش ئەوان كێشەیان لەگەڵ ئەمە هەیە، با بێن و ماددەی 140 جێبەجێ بكەن هەروەك لە دەستووردا هاتووە.\""
"
Top