لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە چەكدار بەرەو سووریا نەچووە
جەبار یاوەر بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، ئەو هەواڵانەی باسی چوونی چەكدار و چەك لە خاكی هەرێمی كوردستانەوە بۆ سووریا دەكەن تەنیا دەنگۆ نین، بگرە هەوڵێكن بۆ شێواندنی ناوبانگی هەرێم و حكوومەتەكەی.
زیاتر گوتی، هیچ جموجۆڵێكی هاتوچۆی چەكداری لە رێگەی سنوورەكانمانەوە لەگەڵ سووریا یان ئێران یان توركیا نییە و ئێستە هیچ زانیارییەكمان لەو باریەوە نییە و ئەو هەواڵانەش باوەڕپێكراو نین.
ئاژانسەكانی راگەیاندنی عەرەبی بڵاویان كردەوە كە چەند تیمێكی چەكداری خۆبەخشی سووریایی و عەرەب دوای تەواوكردنی راهێنانیان لەسەر شەڕی شەقامەكان و چاندنی مین و بۆمبی چێنراو و هەڵكوتانە سەر بكە سەربازییەكان لە دەرەوەی ئەو وڵاتە، لە رێگەی خاكی لبنان، توركیا، ئوردن و هەرێمی كوردستان و ناوچە سوننە نشینەكانی عێراقەوە چوونەتە ناو خاكی سووریا.
یاوەر لەبارەی پاڵپشتیی هەرێم بۆ گەلی سووریا گوتی، حكوومەتی هەرێم دەست لە كارباری هیچ وڵاتێكی دراوسێ وەرنادا و رێز لە یاسا و سنوور و رێككەوتننامە ناودەوڵەتییەكان دەگرێ و ئاماژەی كرد، حكوومەتی هەرێم هەمیشە پاڵپشتیی لە داواكاریی گەلان دەكا ئەگەر لە رێگەی جموجۆڵی ئاشتییانە بێ.
لە ناوەڕاستی ئادار/مارسی رابردوو ناڕەزایی جەماوەری لە سووری دژی رێژمی بەشار ئەسەدی سەرۆكی ئەو وڵاتە دەستی پێ كرد و تا ئێستەش بەردەوامە و زیاتر پەرەی سەندووە، بەپێی زانیارییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان تا ئێستە بەو هۆیەوە زیاتر لە 5 هەزار كەس كوژراون.
