له‌سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه
بۆ ئه‌وه‌ى به‌رچاوى هاوولاَتیانى سه‌ربه‌رزى كوردستان روون بێت و به‌دروستى و وه‌ك خۆى له‌كاره‌كان تێبگه‌ن، به‌گرنگمان زانى ئه‌م روونكردنه‌وه ده‌ربكه‌ین ، بۆ ئه‌وه‌ى زۆر به‌روونى ئه‌وه بچه‌سپێنین كه هه‌موو ئه‌و داواكاریانه‌ى له‌رێنماییه‌كه‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان دا هاتووه له‌گه‌ڵ بۆچوون و حوكمه‌كانى نێو په‌یره‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى كوردستان ژماره (1) ى ساڵى 1992 ى هه‌مواركراو و هه‌روه‌ها عورفه په‌رله‌مانیه كارپێكراوه‌كانى هه‌موو په‌رله‌مانه‌كانى جیهان یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌و هیچ جۆره پێچه‌وانه‌یه‌كى تێدا نیه كه له‌دژى په‌یره‌وى ناوخۆ و عورفى په‌رله‌مانى بێت، به‌لاَم تۆمه‌تباركردن و شێواندنى راستیه‌كان بۆ راى گشتى بىَ هیچ پشتیوانیه‌كى یاسایی كه فراكسیۆنه‌كانى ئۆپۆزسیۆن گرتیانه به‌ر ئه‌وه هیج جۆره خزمه‌تێكى راى گشتى و كارى په‌رله‌مانى ناكات :
سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستى چالاكتركردنى كارى لیژنه‌كان ورێكخستنى میكانیزمى به‌دواداچوون وسه‌ردانى لیژنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ وه‌زارت ودامه‌زراوه ره‌سمیه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌به‌ر رۆشنایى په‌یره‌وى ناوخۆ‌و پاراستنى ئیعتیبارى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان، ئه‌م رێنماییانه‌ى ده‌ركرد و به‌گرنگمان زانى راى گشتى لێى ئاگاداربن كه له‌م خالاَنه‌ى خواره‌وه پێكهاتووه:
یه‌كه‌م: كۆبوونه‌وه‌كانى لیژنه‌كانى په‌رله‌مان له‌نێو ته‌لارى په‌رله‌مان ده‌بێت، وبه‌هیچ شێوه‌یه‌ك كۆبوونه‌وه له‌ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مان ناكرێت، وه‌ك ده‌شزانین هیچ په‌رله‌مانێك له دونیا نیه رێگه به لیژنه هه‌میشه‌ییه‌كانى بدات كه له‌ده‌ره‌وه‌ى باڵه‌خانه‌ى فه‌رمى په‌رله‌مان كۆبونه‌وه ئه‌نجام بده‌ن .
دووه‌م: سه‌ردانى دامه‌زراوو فه‌رمانگه حكومییه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى لیژنه‌كانى په‌رله‌مان، هه‌ر به‌ناوى لیژنه‌كه‌یه‌وه ده‌بێت، نه‌ك به‌ناوى كوتله‌ى په‌رله‌مانى ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌وه، و سه‌ردانیش له‌كاتى ده‌وامى فه‌رمی ده‌بىَ به‌رێككه‌وتن وهه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ل به‌رپرسی ئیدارى فه‌رمانگه، یان دامه‌زراوه‌كه‌دا، وده‌بىَ پێشه‌كى له‌سه‌ر واده وكاتى سه‌ردانه‌كه رێككه‌وتن كرابىَ وله‌مه‌به‌ست و ئامانجى سه‌ردانه‌كه ئاگادار كرابێته‌وه.
سێیه‌م: نا‌بێـت سه‌ردانه‌كه شێوه‌ى پشكنین یاخود لێكۆلینه‌وه وه‌ربگرىَ، چونكه ئه‌مه‌یان كار‌و ئه‌ركى لیژنه‌ى تایبه‌تى لێكۆلینه‌وه‌یه كه‌په‌رله‌مان بۆ كاروئامانجى پێشتر دیاریكراو پێكیان ده‌هێنىَ، و ئه‌ركى لیژنه هه‌میشه‌ییه‌كانى په‌رله‌مان نیه و دامه‌زراندنى لیژنه‌ى لیكۆڵینه‌وه‌و ئه‌نجامدانى كاره‌كانى و ده‌سه‌لاَته‌كانى به‌پێى مادده‌كانى 47 تا 50 له په‌یره‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان ده‌بێت.
چواره‌م: داواكردنى زانیارى له‌دامه‌زراوه حكومییه‌كان و رێكخراوه جه‌ماوه‌رى وپیشه‌ییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى ره‌سمی به‌پێى برِگه (1) ى مادده‌ى (42)ى په‌یرِه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان ده‌بێت.
پێنجه‌م: نابىَ لیژنه په‌رله‌مانیه‌كان بریار له‌داواكاریى وسكالاَ وهیچ ئه‌رزو حالێك بده‌ن ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانه‌وه بۆیان نه‌نێردرابن. بۆ ئه‌ندامى په‌رله‌مانییش نیه لیژنه‌ى تایبه‌ت بۆ دیراسه‌تكردنى بابه‌تى عه‌رزوحاڵ یان داواكارى یان سكالاَكه ده‌ست نیشان بكات و هه‌روه‌ها بۆى نیه داوا له لیژنه بكات لێپرسینه‌وه له بابه‌تى داواكاریه‌كه بكه‌ن چونكه به‌پێى په‌یرِه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان ئه‌م ئه‌ركه ته‌نها له‌ده‌سه‌لاَتى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان دایه. هه‌ر داواكاریه‌كیش ووشه‌ى سووك وناشیرینى تێدا بێت یان بێرێزى وسوكایه‌تى كردنى به‌ده‌سته ودامه‌زراوه ره‌سمیه‌كان، یاخود گومانكردن له‌ده‌سه‌لاتى دادوه‌رى كوردستانى تێدا بێت، پشتگوىَ ده‌خرێن، ئه‌و ئه‌رزوحالاَنه‌ى ئیمزاى خاوه‌نه‌كانیان به سه‌ره‌وه نییه یان ئیمزاكه‌یان كۆپی( إستنساخ) كراون نابىَ وه‌ربگیرێن، هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ى له‌م برگه‌ش ئاماژه‌یان پێكراوه، سه‌ره‌تایه‌كى ساكارى كارى په‌رله‌مانیه بۆ چۆنیه‌تى مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ داواكارى و سكالاَ و عه‌رزو حاڵ و به‌هیچ جۆرێك ده‌رچوون نیه له‌په‌یره‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان.
شه‌شه‌م: هیچ سكالایه‌ك وئه‌رزوحالێك وه‌رناگیرێت وبریارى لینادرێت كه‌پێشتر له‌دادگاى تایبه‌تمه‌ند بریارى لێدرابێت، یاخود جارىَ بریارى كۆتایى وه‌رنه‌گرتبێت، هه‌روه‌كو نا‌بێـت ئه‌رزوحاڵ وسكالاَنامه پێشكه‌شى په‌رله‌مان بكرێت، ته‌نیا پاش ئه‌وه نه‌بێت كه‌هه‌موو رێوشوێنێكى به‌دواداچوونى ئوسولى گرتبێته به‌ر، ئه‌وه‌ى له‌م برِگه‌ش ئاماژه‌مان پێیدا جێبه‌جىَ كردنى پرنسیپى سه‌ربه‌خۆیی قه‌زایه كه هیچ ده‌سه‌لاَتێك
له‌سه‌رووى ده‌سه‌لاَتى قه‌زاییه‌وه نیه ته‌نها یاسا نه‌بێت و به‌پێى پرنسیپى جیاكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌لاَته‌كانیش قه‌زا ناكه‌وێته ژێر چاودێرى په‌رله‌مان و هه‌ر ووته‌یه‌كیش له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه یه‌ك نه‌گرێته‌وه ئه‌وه به ده‌ستێوه‌ردان له‌كاروبار و سه‌ربه‌خۆیی قه‌زاكان ده‌ژمێرێت، ئه‌م پرنسیپه‌ش له‌هه‌موو په‌رله‌مانه‌كانى وولاَتانى دیمو‌كراتى په‌یره‌وكراوه .
حه‌وته‌م: په‌یوه‌ندیكردن ودواندنى لایه‌نه ره‌سمییه‌كان له‌لایه‌ن لیژنه په‌رله‌مانیه‌كانه‌وه له‌رێى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانه‌وه رێك ده‌خرێت. ئه‌مه‌ش به‌پێى حوكمى برِگه‌كانى 6 و 7 و 8 له‌ماده‌ى 17 له‌په‌یره‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان.
هه‌شته‌م: داواكردنى ئاماده‌بوونى وه‌زیر وئه‌وانه‌ى له‌پله‌ى وه‌زیردان، یاخود كادیرانى وه‌زاره‌ت له‌لایه‌ن لیژنه په‌رله‌مانیه‌كانه‌وه ده‌بێت، به‌شێوه‌یه‌كى ره‌سمى وبه‌پێى برگه‌ى (2) له‌مادده‌ى (41)ى په‌یره‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان بێت.
به‌م شێوه‌یه بۆ راى گشتى ده‌رده‌كه‌وێت هه‌موو ئه‌و برگه و داواكاریانه‌ى له‌رێنماییه‌كه‌دا هاتووه و بووه‌ته هۆى ره‌خنه و هێرشی كوتله‌كانى ئۆپۆزسیۆن، كه‌چى پشتیوانى یاساییان له‌حوكمه‌كانى په‌یره‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان وه‌رگرتوه‌و كار ئاسانیه بۆ چاودێرى كردنى ده‌سه‌لاَت به‌شێوه‌یه‌كى باشتر بۆ رێكخستنى كاره‌كان، وه‌كو هه‌ر په‌رله‌مانێكى پێشكه‌وتووى دنیا، هاوكات ئه‌وه‌ى جێى داخه كه په‌رله‌مان له‌و كاته‌ى بڵندگۆى ئه‌ندام په‌رله‌مانه بۆ ئه‌وه‌ى گوزارشت له‌راو بۆچوونى بكات و ده‌رگاكانى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان هه‌رده‌م كراوه‌یه بۆ گوێگرتن له‌راوبۆچوونى په‌رله‌مانتاران و به‌درێژایی سالاَنى رابردووش هیچ جیاوازى له‌نێوان ئه‌ندامانى ده‌سه‌لاَت و
ئۆپۆزسینیش نه‌كراوه، كه‌چى به‌و شێوه‌یه‌و دوور له‌راستى و دروستى و شیكردنه‌وه‌ى بابه‌تیانه و به‌چه‌واشه‌یی بوروژێنرىَ و هه‌وڵ بدرێت په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان له‌كه‌دار بكرێت.
سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان
4/1/2012
